Skip to the content

کوردستان هەرێمی دەرفەتەکان" لە ئێکسپۆ2020ـی دوبەی دەستیپێکرد

فەرمانگەی میدیا و زانیاری - دوبەی
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- هەرێمی کوردستان لە ئێکسپۆ 2020ـی دوبەی بەشدارە و ئەمڕۆ(هەیینی، 21-1-2022) لە چوارچێوەی پاڤیلیۆنی عێراق (کە باڵەخانەی تایبەتە بە عێراق) دەستی بە چالاکییەکان کرد.

مەراسیمی دەستپێکی هەفتەی کوردستان بە ئامادەبوونی کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و زیاتر لە 200 کەسایەتی و سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکانی کوردستان و میوانانی عەرەب و بیانی بەڕێوەچوو.

چالاکییەکانی هەفتەی کوردستان بە درووشمی "کوردستان هەرێمی دەرفەتەکان" بەدرێژایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبن و ئەو لیژنەیەی کارەکانی ئێکسپۆ جێبەجێ دەکات، پلانێکی چڕوپڕی بەمەبەستی ناساندنی زیاتری هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکات.

پاڤیلیۆنی عێراقی بەشێوەی تۆڕی ماسی دروست کراوە، کە کۆمەڵێک شاشە لەخۆدەگرێت و گوزارشت لە رووبارەکانی دیجلە و فوڕات دەکەن. لە ماوەی هەفتەی کوردستاندا شاشەکان تایبەت دەبن بەو ڤیدیۆیانەی باس لە سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، لەوانە: پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، سێکتەرەکانی وەبەرهێنان، کشتووکاڵ، کارەبا، ئاو، ئارامی و سەقامگیری و بەیەکەوەژیانی ئایینی.
هەفتەی کوردستان زیاتر بایەخ بە بواری وەبەرهێنان دەدات، لەم چوارچێوەیەشدا 19 کەس لە دامەزراوەکانی حکومەتەوە ئامادە دەبن و رۆژانە داتا و زانیاری بە ئامادەبووان و ئەو وەبەرهێنەرانە دەدەن، کە لە هەفتەی کوردستان ئامادەدەبن و پێویستییان بە بەرچاوڕوونیی زیاترە لەبارەی هەرێمی کوردستان.

دوو پێشانگای: شێوەکاری و فۆتۆگرافی، کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکراون، لە گالەریی پاڤیلیۆنەکە کراونەتەوە، هەردوو پێشانگاش بەدرێژایی هەفتەی کوردستان بەردەوام دەبن.

ئێکسپۆ2020ـی دوبەی، بەشی تایبەت بە 191 وڵاتی لەخۆگرتووە و رۆژی 1ـی 10ـی 2021 کرایەوە، پاڤیلیۆنی عێراقیش لە 16ـی 10ـی 2021 دەستی بە کارەکانی کرد. لەماوەی شەش مانگی بەردەوامبوونی ئێکسپۆ، دوو هەفتە تایبەت دەبن بە هەرێمی کوردستان، کە جگە لە هەفتەی کوردستان هەرێمی دەرفەتەکان، هەفتەی دووەمی چالاکییەکان لە نەورۆز دەبێت.