Skip to the content

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بۆ نەخۆشییە درمییە گوازراوەکان لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی: ڕابەڕایەتى حکومەتى هەرێم بەرامبەر کۆڕۆنا زۆر سەرکەوتوو بووە

چیکوێ ئیهکوایزوو یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بۆ نەخۆشییە درمییە گوازراوەکان لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی. ئێستا چیکوێ لە هەرێمى کوردستانە و باسى پلان و کاری وەزارەتى تەندروستى و حکومەتى هەرێم دەکات بۆ ڕووبەڕووبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و هەنگاوەکانى سەرۆکوەزیران وەک هەنگاوێکى سەرکەوتوو بەرامبەر ئەم ڤایرۆس هەڵدەسەنگێنێت.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەخێربێیت بۆ کوردستان، دۆخى کوردستان لە ڕووى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا چۆن دەبینیت؟

چیکوێ: ئەمە یەکەم جارمە دێمە هەرێمی کوردستان لە عێراق و زۆر دڵخۆشم کە ئەم دەرفەتەتان پێدام ئەمڕۆ لێرە بم. هەموو جیهان لە کێبەرکێدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەوەى لە کوردستان و ناوچەکانی تری عێراق دەبینرێت، خێرا بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و تووشبوونی خەڵکە لە چەند هەفتەی ڕابردوو و ئەمەش چاوەڕواننەکراو نییە و بڵاوبوونەوەی هاوشێوەمان لە دەوروبەری جیھان بینیوە کە بە زۆری پەیوەستە بە جورە نوێیەکەی کۆڕونا واتە ئۆمیکرۆن. ئەم جۆرە ڤایرۆسە نوێیە توانایەکی بەرزی گوازراوەى لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر هەیە، بەڵام هەواڵە دڵخۆشکەرەکە ئەوەیە ڕێژەیەکی کەمی کەوتنە نەخۆشخانە هەیە و تووشبووەکان کەمتر دەکەونە نەخۆشخانە. بە گشتی، ئێمە ئاگادارین کە جۆری ڤایرۆسی نوێ ئەتوانێ چ بکات، بەڵام ئێمە ئامرازی نوێمان هەیە و ئەزانین چ بکەین. هەروەها ڕاسپاردەی نوێمان هەیە لە ناو ڕێکخراوەکەمان ڕێکخراوەى تەندروستیى جیهانى، بە خۆشییەوە ئێستا خەڵک پابەندی بڕیارەکانی حکومەتە هەروەک ساڵانی ڕابردوو.

ـ ڕوانگەى ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی لەسەر  بڵاوبوونەوەى ئەم ڤایرۆسە لە کوردستان و وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان چۆنە؟

چیکوێ: ئەوەی کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەیبینێت ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ وڵاتەکان کار بکەین و پشتگیرییان بکەین و بزانین چ بەرێوە دەڕوات و زانیارییەکان بڵاو بکەینەوە. وەک ئۆفیسی سەرەكی لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی دەستخۆشی لە هاوڕێکانمان لە کوردستان دەکەین کە لە کاتی خۆیدا زانیاری بڵاو دەکەنەوه و هاوکارى ڕێکخراوەکەمانن و یارمەتیمان دەدەن تا بە پێی توانا بتوانین هاریکاری کوردستان بکەین. لە ڕێگەی ئەو زانیاریانەی بە شێوەیەکی زۆر جوان و دادوەرانە پێمان دەگەیەنن ئێمەش یارمەتی دەنێرین. هەروەها پێمان وانییە دۆخی کوردستان زۆر خراپ بێت بە بەراورد لەگەڵ هەرێمەکانی تر کە بینیومانە. بە داخەوە لێرەش کۆمەڵێک خەڵکمان لەدەست داوە هەروەک ناوچەکانی تری جیھان، بەڵام پێم وایە بارودۆخەکە زۆر خراپتر دەبوو ئەگەر ئەم پێکەوەکارکردنانە نەبایە.

ـ ڕۆڵى فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حکومەتى هەرێمى کوردستان چۆن دەبینن کە بەر لە هاتنى ڤایرۆسەکە تا ئێستا سەرقاڵى هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە و زانیاریدانە لەسەر خۆپارێزى؟

چیکوێ: من کومەڵێک شتم پێ وتراوە لەسەر میدیای چالاکی حکومەت و میدیا چالاکەکانی تر. ئەوەی ێمە تێیگەیشتووین ئەوەیە کە ئەبێ لەگەڵ خەڵک بین و بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە پێویستیمان بە میدیا و بوارەکانی تری گفتوگۆ و پەیوەندى هەیە. بۆیە ئەبێ پەیوەندییەکی زۆر بەهێزمان هەبێت لەگەڵ میدیاییەکان بۆ ئەوەی زانیاری بەو کەسانە بدەن کە بەرپرسن و ئەوانیش بتوانن بڕیاری دروست بدەن و ژیانی خەڵک بپارێزن. بە بێ پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ میدیاکان ئێمە ناتوانین بە خەڵک بگەین و من تەنها بە باشە گوێم لە میدیای کوردستان بووە و پێم وایە نموونەیەکی جیهانییە و دەبێ ئێمە لێیانەوە بارودۆخی ئەم نەخۆشییە بەربڵاوە بزانین و تەنانەت لە ئایندەو ئەو نەخوشیانەی کە بەڕێوەن ئاگادار بین. ئەگەر ئێمە لەگەڵ خەڵک نەبین لە بارودۆخە ئاڵۆزەکان و جۆرە جیاوازی ڤایرۆسەکان و شتە نادیارەکانی تر، ناتوانین لە بارودۆخیان تێبگەین و یارمەتییان بدەین. گوێبیستی زۆر شت بووم و زۆر کاریگەرم بە میدیای کوردستان بەڵام زۆر شتی تر هەیە کە پێویستە بزانین. نابێت ئێمە پشوو بدەین، بە پشودان لە کارەکانمان دوادەکەوین. پێویستە بەردەوام بین لە بەرەوپێشچوونەکانمان، چونکە لەگەڵ خەڵکبوون کومەڵێک مانای تری هەیە وەک بەدەستهێنانی زانیاریی دروست و لە کاتی دروست هەروەها بەم شێوەیە دانیشتوانیش دەتوانن کار بکەن بۆ پاراستنیان لە مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە.

ـ بە هاتنى کۆرونا سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بە پلانەوە کارى لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا کرد، ئێوە ئەم ڕۆڵە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

چیکوێ: ئێمە وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ئەوەمان بەدی کردووە کە هوکارێکی سەرەکی سەرکەوتنەکان بە هوی سەرکردایەتیکردنەوەیە. ڕابەرایەتی زۆر گرنگە و ئەبێ هەندێ جار ڕابەرەکان بڕیاری سەخت بدەن. ئەم بڕیارانە هەندێ جار پەیوەستن بە بەڕێوەبردن، هەندێ جار پەیوەستە بە ئامۆژگاریکردنی خەڵک لە خۆبێبەشکردن و خۆدوورگرتن لە هەندێ شتی دیاریکراوی وەک گەشتکردن و چوونە خواردنگەکان. ئەم شتانە هەمووی پەیوەستە بە ڕابەرایەتی. بەڵێ گوێبیستی هەندێ بڕیاری سەرکردەکانی ئەم هەرێمە بووم کە هاندەرن بۆ بەشەکانی تری جیھان و نمونەی ئەم بڕیارانە لە بەشەکانی تری جیهان دەبینین. کاتێک سەرکردەکان لە زانست تێبگەن، ئەتوانن دەرئەنجامەکان بۆ خەڵک باس بکات و خەڵک قایل بکات لە هۆکارەکانی بڕیارەکانیان و یارمەتی ئێمەیان داوە لە رێگەگرتن لەم نەخوشییە. هەروەها ئەگەر باسی داهاتوو بکەین دەبینین سەرکردە سیاسییەکان زیاتر ئاگادارن لە تەندروستی یاخود تەندروستیی گشتی و نەخوشییە درمیەکان لە کاتێکدا جاران تەنها وەزیری تەندروستی ئاگاداری ئەم بارودۆخانە بوو چونکە کاریگەریی تەندروستی سنووردار بوو لە سێکتەری تەندروستی. ئێستا دەبینین وڵاتەکان داخراون و چەندین جۆری و سیاسەت هەیە. پلانی ئاسایش، پلانی گەشتکردن، پلانی هۆشیاری ژیان. بۆیە سەرکردەکان ئەبێ ئەمە زۆر بە گرنگی وەربگرن نەک تەنها بۆ نەخوشییە درمیەکان تەنانەت بۆ ئایندە. ئێمەش وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی پشتگیری سەرکردایەتی وڵاتان دەکەین و دەمانەوێ ببینە پشتگیری بڕیارە گونجاوەکانیان نەک بەجێیان بهێڵین. ئێمە دەمانەوێ دڵنیا بین کە سەرکردەکانی جیهان و تەنانەت کوردستان ئاگاداری مەترسییەکان و زانست و زانیارییەکان کە گرنگن لە دەرکردنی بڕیاڕە گرنگەکان بۆ خەڵکەکەیان.

ـ ئایا ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانى پلان و بەرنامە و ڕێنماییى چییە بەرامبەر ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم ڤایرۆسە؟

چیکوێ: ئێمە هەموومان دەزانین ئەم ڤایرۆسە نوێیە چ دەکات، بویە پێویستە بزانین چوون وەڵامی بدەینەوە. ئەم ڤایرۆسە بە بەردەوامی نوێ دەبێتەوە. سێ مەترسییەکانی ئەم ڤایرۆسە نوێیە ئەمانەن: ئایا توانای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە کەسێک بۆ کەسێکی تر زیاد دەکات؟ ئایا ژمارەی مردن بەم ڤایرۆسە زیاد دەکات؟ ئایا ئەم ڤایرۆسە نوێیە بە دەرمانەکان و ڤاکسین نامێنێت؟ هەروەک بینیومانە و تێگەیشتووین توانای خێرابڵاوبوونەوە زیادی کردووە، ڕێژەی توشبوون بە سەختی و مردن کەمی کردووە و هەروەها تەنیا دوو ژەمی ڤاکسین بەس نییە. بە شێوەیەکی گشتی ئەم سێ خاڵە زۆر گرنگە و پێویستە ئامۆژگاری خەڵک بکەین بە پێی ئەم سێ خاڵە بۆ ئەوەی چ بکەن و چۆن وەڵامی بدەنەوە. لە هەمان کاتدا دەزانین کومەڵێک پەستانی ترمان لەسەرە، پەستانی ئابووری، پەستانی ئاسایش و چەندین پەستانی تر لەسەر کومەڵگا بویە ئێمە وەک ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی هەوڵ دەدەین هاوسەنگییەکی دروست پەیدا بکەین لە کوردستان و عێراق بۆ ئەوەی بە ڕاستی هانی حکومەت بدەین بۆ بەکارھێنانی زانیارییەکان و تێگەیشتن لە بارودۆخی و چ دەگوزەرێ و نەک تەنها زانیاری لەسەر نەخوشییە درمیەکان بەڵکو ئایا خەڵک بۆ کوێ گەشت دەکات، چ جۆرە نەخوشییەک لەناو ئاژەڵان بڵاوە، خەڵک لە چییەوە نەخوش دەبێت، نەخوشخانەکانمان تا چ ڕادەیەک پڕن لە نەخوش. بویە کوکردنەوەی ئەم زانیاریانە و گەیاندنیان بە سەرکردەکان دەبێتە ھۆی ئەوەی کە سەرکردەکان باشترین بڕیار بدەن و خەڵکەکەمان بپارێزن. هەروەک ئێمە لەو ڤایرۆسەوە فێربوین، ئێمە وەک ڕێکخراو بڕیارمانداوە هانی حکومەت بدەین و من پەیوەندییەکی باشم هەبووە لەگەڵ هاوڕێکان لە وەزارەتی تەندروستی بۆ تێگەیشتن لە سیستەمیان. ئێمە پشتگیری حکومەت دەکەین لە سیستەمە نوێیەکان، کارامەیی نوێ، تێگەیشتن لە شیکردنەوەی زانیارییەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن باشترین بڕیار بدەن بۆ پاراستنی هاوڵاتییەکانیان.

ـ ڤاکسێن چ کاریگەرییەکى هەیە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسەکە؟

چیکوێ: ڤاکسین دەرفەتێکی بێوێنەی پێداوین. ئێمە بە شێوەیەکی جیهانی و زۆر خێرا ڤاکسینمان بەرەو پێش بردووە. دەمانەوێ دڵنیا بکەینەوە کە ڤاکسین بە هەموو کەسێک دەگات هەر بۆیە دەمانەوێ لانیکەم ئەو پارێزگارییەی ڤاکسین پێمان دەبەخشێت بەدەستی بھێنین. بەڵێ ئەوان تێبینی کردووە کە ڤاکسین کاریگەرییەکی کەمی هەیە لە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن بەڵام ڤاکسین کاریگەریی هەبووە لە تووشبوون بە سەختی. ڤاکسین تەنیا ڕێگا نییە بۆ رێگریکردنی ڤایرۆس، پێویستە ئێمە ئاگاداربین لە چونیەتی ڕەفتارکردن لەگەڵی بەتایبەت لە شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکان. کردنەوەی پەنجەرەکان بە پێی توانا لەو کاتەی لە شوێنە گشتی و داخراوەکانداین. دوورکەوتنەوە لە شوێنە قەرەباڵغەکان و هەمیشە بەستنی ماسک لەو کاتەی لە شوێنە داخراوەکانین. زۆر شتی تر هەیە کە پێویستە فێر ببین و ڕۆژانە شتی نوێ فێر دەبین. لە چارەسەرییە نوێیەکان دەرمانی نوێ و دژەبەکتریای نوێ بە کار دەھێنرێن. کاتێک ئامرازی نوێمان بەدەست بگات، یەکی دەخەین لەگەڵ وەڵامەکان. ئەوەی کە ئێمە لە ڤایرۆس فێر بووین ئەوەیە نابێ هەڵە بکەین. ئێمە چاوەڕوانی بارودۆخێک ناکەین کە کۆرۆنا هەمووی بە یەکەوە ون ببێت. پێمان وانییە ئەمە ڕوو بدات بویە پێویستە خومانی لەگەڵ بگونجێنین بە پێی بوونی ڤایروسەکە، کەم بێ یان زۆر. بەڵێ ئێمە ماندووین بەڵام نابێ هەڵە بکەین، ئەبێ هانی خەڵک بدەین کە خویان بکوتن بە ڤاکسین و ماسک لەبەر بکەن بە تایبەت لە شوێنە قەرەباڵغەکان و هەروەها پاراستنی یەکتر لە ڕێگەی خۆپشکنین کاتێک سەردانی داپیر و باپیره دەکەین و دڵنیابین کە ڤایرۆس لەگەڵ هەمان نابەینە ماڵەوە و دایک و باوکت تووش بکەیت چونکە ئەوان وەک تو گەنج نین بتوانن ڕووبەڕووی ببنەوە بەم جۆرەی تو ڕووبەڕووی دەبیتەوە.

ـ بە پێى ڕوانگەى ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانى، ئاخۆ کەى ئەم ڤایرۆسە لە کۆڵ مرۆڤ دەبێتەوە؟

چیکوێ: شتێک کە من دەزانم ئەوەیە جیهان ڕێکخراوەکانی هەیە و بە سەختی کار دەکەن بۆ پێدانی باشترین دەرفەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆس. ئێمە ناوەستین، خۆمان تەرخان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆس و لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەمێنینەوە و بەردەوام پەستان دەخەینە سەر زانست و زانیاری. بەردەوام دەبین لە بەرەوپێشبردنی ئەو زانیارییەی کە هەمانە یاخود پێویستە چ بکەین هەروەها من گەشبینم بەرامبەر داهاتوو. ئەم ڤایرۆسە بەرەنگاریی کومەڵگای جیھانی دەکات، چۆن دەژین، چۆن ئاهەنگ دەگێرین، چۆن هاوبەشی کومەڵگاکەمان دەکەین لە ژیاندا. بۆیە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی واز ناهێنێت و خوی تەرخان دەکات و تۆپەکەی بەرناداتەوە تا سەرکەوتوو دەبێت.

ـ بێتاقەتى باوەشى نزیکەکانت نەبوویت؟

چیکوێ: لەو کاتەوەی کە دەستمان کردووە بەم وەڵامدانەوە، دوو ساڵە لە خانەوادەکەم دوورم. ئەندامێکی دەستەی یەکەم بووم کە چووین بۆ وڵاتی چین بۆ ئەوەی بزانین ئەم ڤایرۆسە لە کوێ هاتووە و کاریگەرییەکانی چین. بەداخەوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو زۆر کەسی نزیکمم لە دەست داوە بەهوی ئەم ڤایرۆسە. وا پێویستی کردووە سازش بکەین لە شێوازی ژیانمان بەڵام من سەیری داهاتوو دەکەم و پێم وایە وەک نەخوشییەکانی تر زانست بەسەریدا زاڵ دەبێت. دووبارە چاوەڕێی ئەوە دەکەم بەیەکەوە سەما بکەین و باوەش لە یەکتر بدەین و بەیەکەوە نان بخوین. چاوەڕوانی داهاتوویەکی باشتر دەکەم کە بە یەکەوە بژین.

ـ ژیان لە کوردستان چوون دەبینی؟

چیکوێ: بە شێوەیەکی باوەرنەکراو و ئەرێنییانە شووک بووم، نەک سەبارەت بە بنیاتنان بەڵکو سەبارەت بەو پێشوازییە گەرمەی خەڵک. من خەڵکی نیجیریام، لای ئێمەش ژیان سەختە بەڵام ئێمەش لە تێکوشانداین بۆ بەرەوپێشبردن.

بۆ بینینى ڤیدیۆى ڕاپۆرتەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

هەڵسەنگاندنی رێکارەکانی خۆپارێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی - YouTube

حکومەتى هەرێمى کوردستان

فەرمانگەى میدیاو زانیارى