Skip to the content

تۆنێک گەنم بە ٨٥٠ هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگیرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان،  عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان نرخی تۆنێک گەنمی لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان دیاری کرد و ئاماژەش بەوەدەکات کە وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیاران بەپێی ستاندەری وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ دەبێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران، بریاردرا بەکڕینەوەی گەنمی جوتیاران لە دەرەوەی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەش بەوەدەکات کە بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەت و هەر دوو کۆمپانیای (خۆشناو و قەیوان ) کە پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران جێبەجێدەکەن بەم شێوەیەی خوارەوە :

١- نرخی هەر تۆنێک گەنمی پلەیەک ٨٥٠ هەزار دینارە، بەهەمان ئەو نرخەی کە لە سایلۆکانی عێراق وەردەگیرێتەوە .
۲- وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیاران بەپێی مواسەفات و ستاندەری وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵی دەبێت.
٣- جوتیاران دەتوانن لەدوای پشکنین و وەرگرتنی گەنمەکانیان پارەی شایستەی دارایی خۆیان راستەوخۆ وەربگرن .
٤- لە رێکەوتی ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، پڕۆسەی وەرگرتن لە سایلۆکان لەلایەن هەردوو کۆمپانیای سەرپەرشتیاری پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنم دەست پێدەکات و جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن و ماوەی رادەستکردنیش 44 ڕۆژ دەخایەنێت و لە ١٤ی تەمووزی ٢٠٠٢ کۆتایی دێت .
٥- لێژنەی ڕاییکردنی کارەکانی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنم، بەدواداچوونی بەردەوام و چاودێری و سەرپەرشتیاری رێڕەوی کاری پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم دەکات .

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٩ی ئایاری ٢٠٢٢