Skip to the content

٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەم دەرامەت دروست دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵکی کەمدەرامەت، حکومەتی هەرێم بە فەرمانی سەرۆکوەزیران ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون بە شێوەی شووقە و قیستى درێژخایەن دروست دەکات. لەم بارەیەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاری بۆ وەرگرتنی زانیاری و ڕوونکردنەوەی زیاتر گفتوگۆیەکی لەگەڵ محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئەنجام دا:

ـ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دروستکردنى ٢٠ هەزار یەکەى نیشتەجێبوونی بۆ  کەمدەرامەت و هەژاران ڕاگەیاند. کەى دەست بە جێبەجێکردنى دەکرێت و نرخەکەی چەندە؟

محەمەد شوکری: بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، ۲٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر شێوەی شووقە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت. دوای ئەوەی سەرۆکوەزیران بڕیارەکەی بەدەستەی وەبەرهێنان سپارد، ڕێکارەکانی دروستکردن و پێوەر و دابه‌شکردنیان لەسەر هەموو هەرێمی کوردستان دەست پێ کراوە و بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا لەگەڵ سەرجەم فەرمانگه‌کانمان لە پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆکان دانیشتین و دواتریش ئەو فەرمانگەیانە لەگەڵ پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆ بوونەوە، تا بتوانرێ زەوی بۆ ئەم شووقانە دەست نیشان بکرێت. دواتر پێوەر لە شێوەى پێوەرەکانی ماوەی ڕابردوو کە بۆ چەند پڕۆژەیەک هەبوو، دانراوە تا چین و توێژەکان و خەڵکی کەمدەرامەت و کرێچی بەنرخێکی هەرزان شووقەیان دەست کەوێت. تا ئێستا نرخى شووقەکان دیارى نەکراوە، بەڵام بێگومان هەرزان دەبن لەگەڵ پێشەکییەکی کەم بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر داهاتی هاووڵاتیان نەکات و قیستێکی مانگانەی کەم و درێژخایەنیشى هەیە، بۆیە هەوڵ دەدەین لە دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەباشترین کوالێتی ئەم شووقانە دروست بکرێن. سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە ئەوانەی ئەو یەکە نیشتەجێیانە وەردەگرن دەبێ ١٠٠% شایەن بن و بە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بدرێن کە پێشتر هیچ جۆرە قازانجێکیان لە هیچ ئۆفەرێکی حکومەت نەکردبێت. هەروەها بە فەرمانی سەرۆکوەزیران دەبێ ئەم یەکانە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی باشترین وەبەرهێنەرانی کوردستان دروست بکرێن کە پێشینەیەکی باشیان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون هاوشێوەی ئەم یەکانە لە شار و شارۆچکەکان هەیە.

ـ میکانیزمی وەرگرتنی شووقەکان چۆنە؟

محەمەد شوکری: لیژنەیەکی باڵا لەسەر ئاستی پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆکان دروست دەکرێت، داوامان لە پارێزگه‌کان کردووە لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی پارێزگار لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست بکەن بۆ ئەوەی فۆڕمی تایبەت دروست بکەن و بەسەر خەڵکیدا دابەشى بکەن و خانەوادەى شایستە وەربگرن و دواتر لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم وردبینی بۆ زانیارییەکان بکەنەوە. بە فەرمانی سەرۆکوەزیران نابێت وەرگرتنەکە هیچ پێشێلكارییه‌كی تێدا بێ چونکە ڕێکاری یاسایی بەدوادا دەبێت و کەسانى ناشایستە لە لیستەکان دەردەهێنرێن.

ـ ئەم پڕۆژانە لە ناو سەنتەری شار دروست دەکرێن یا لە قەزاو ناحیەکانیش دەبن؟

محەمەد شوکری: لە هەموو ئاستەکان و لە سەنتەری شار و قەزا و ناحیەکان دروست دەکرێن. گفتوگۆی زۆرمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە تا بتوانین لە چەند شوێنی نزیک لە یەک ئەم شووقانە دروست بکرێن بۆ نموونە بۆ سنووری چەند قەزایێک لە شوێنێک بێت یان بۆ چەند ناحیەیێک لە شوێنێک دروست بکرێ تا خەڵکی کەمدەرامەتی سنووری ناحیەکان و لە گوندەکان سوودی لێ ببینن، لێرەدا لەسەر ڕەچاوکردنی پارێزگه‌ و ئیدارە سەربەخۆکان دەمێنێتەوە لەوەى ئەم یەکانە لەچ شوێنێک دروست بکرێن کە لە قازانجی هاووڵاتیان بێت. مەبەستی  سەرۆکوەزیرانیش ئەوەیە هەموو خەڵکی کوردستان سوود لەم بڕیارە ببینن و بەدڵنیاییەوە سوودی لێ دەبینن.

ـ کێشەی وەستانی پڕۆژەکان چییە، بۆ نموونە پڕۆژەی (ڤار پارک)؟

محەمەد شوکری: کێشەی سەرەکی وەستانی پڕۆژەکان بریتییە لە پێدانی پڕۆژە بە وەبەرهێنەرێک کە شایستە نەبووە یا جێبەجێکارێکی خراپ بووە. هۆکارى وەستانى چەندین پڕۆژە لە چەند ساڵی ڕابردوو هەر ئەمەیە، بەڵام ئێستا لە قۆناغی چارەسەرین، بۆ نموونە (وەرین ستی) بڕیاری کۆتایی بۆ دراوە و لە ماوەیەکی کەم کێشەکان چارەسەر دەبن و دەکەوێتەوە بواری جێبەجێکردن. بۆ پڕۆژەکانی تریش بۆردێکی تایبەت دانراوە، بۆ نموونە (فلۆریا ستی) دەستی کردووەتەوە بە ئیشکردن و کەمێک کێشەی قەرەبووەکان و به‌ڵێنده‌ریی ماوە کە لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەت و بۆردی تایبەت خەریکی چارەسەرکردنین. بۆ پڕۆژەی (دەشتی بەهەشت) و پڕۆژەکانی تر، هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی کردووە بۆ ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەش دروست بکرێت تا بتوانرێ کێشەکانیان چارەسەر بکرێت. سەبارەت بە پڕۆژەی (ڤار پارک) ئەوە پڕۆژەی تایبەتە و پەیوەندی بە دەستەی وەبەرهێنانەوە نییە. بۆ زانیاری، نزیکەی ٤٠ پڕۆژە مۆڵەتی لە دەستەی وەبەرهێنان وەرنەگرتووە، بۆیە ئەوانە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە و دەبێت شارەوانی یا ئیدارە سەربەخۆ و پارێزگه‌کان گرفتەکانیان چارەسەر بکەن.

ڕەگەزی پڕۆژەکان چۆن ده‌گۆڕدرێت ؟ بۆ نموونە چەند پڕۆژەیەک لە بنەڕەتدا بازرگانین، بەڵام کراون بە نیشتەجێبوون.

محەمەد شوکری: حکومەتی هەرێم ڕێکاری تایبەتی داناوە بۆ گۆڕینی ڕەگەز لەنێو بڕیاری (٥۸۷) ی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بۆ ئەوەی ڕەگەزی ئەم پڕۆژانە بگۆرین کە ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆکوەزیرانیشی پێویستە. حکومەت، سێ شتی سەرەکی بۆ یارمەتی هاووڵاتیان لەم پڕۆژانە وەردەگرێت: یەکەمیان، ۳٥٪ لە نرخی ڕاستەقینەی ئەو زەویە لە وەبەرهێنەر وەردەگیرێ، ٥٪ تێکڕایی دروستکراوەکانی ئەو پڕۆژەیە دەبێتە موڵکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئیتر  شووقە بێ یا شوێنی بازرگانی یا هەر شوێنێکی تری ناو پڕۆژەکە)، دووەمیان ڕێنمایی پێدانی زەوی یا بە موڵککردنی زەوی بۆ پڕۆژەکان کە نیشتەجێ بوون، بە موڵک دەکرێ و سێیەمیشیان بە موڵککردنە دیسان پێویستە وەبەرهێنەر لە ١٧% و ٣٢% بە پێی دوور و نزیکی لەسەنتەری شار لە نرخی ڕاستەقینەی زەوییەکە بدات، بۆیە ئەو پڕۆژانەی ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەیە و گونجاوە بۆ نیشتەجێبوون، ئەم برە پارە و دروستکراوانەی کە حکومەتی هەرێم وەریدەگرێت دەچێتە سندووقێکەوە کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران دروست دەکرێت بە ناوی سندووقی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و جارێکی تر وەبەرهێنانی پێ دەکرێتەوە و بەمەش داهاتی زیاتر بۆ حکومەت دروست دەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ زیاتر خزمەتی هاووڵاتیانی بکات.

ـ هەر پڕۆژەیەک نرخێکی هەیە لە کاتێکدا هەمان کوالێتیان هەیە، لێرەدا هاووڵاتی باجەکەی دەدا، ڕێکاری ئێوە چییە بۆ ئەو حاڵەتانە؟

محەمەد شوکری: لەم پڕۆژانە لە کاتێکدا  گرێبەست دروست دەکرێت دوو ڕووبەر لە شووقەیەک هەیە ڕووبەرێکی بە پاکی ڕووبەری شووقەکەیە لەگەڵ ئەو ڕووبەرانەی زیاد دەکرێن بریتییە لە هۆڵ و شوێنی گەراج و بەلەکۆنە. پڕۆژەی تریشمان هەیە لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە ئەنجام دەدرێت کاتێک گرێبەست دەکرێت تەنیا ڕووبەری پاکی شوقەکە دانراوە. لە هەردوو حاڵەتدا کڕیار کاتێک شووقەکە دەکڕێ و ئیمزای دەکات ڕازییە بەو مەرجانە، ئەگەر ناڕازی بێ لەو بابەتانە دەتوانێ شووقەکە نەکڕێ و ڕەتی بکاتەوە.

ـ پڕۆژەکان خزمەتگوزاریی گشتییان نییە ئایا ئەمە ئاساییە؟

محەمەد شوکری: ئێمە بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەر پڕۆژەیەک ئەو خزمەتگوزارییانەی تێدا نەبوو پێویستە دروستی بکات، لەلایەکی تر ئەو پڕۆسەیەش لە کابینەی نۆیەم دەستمان پێ کردووە بۆ نموونە هەر پڕۆژەیەک قوتابخانەی نەبێ لە شوێنێکی تر پێمان دروست کردووە، هەماهەنگییەکی باش لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان لە شوێنێکی نزیک دروست بکرێن تا دانیشتووانی پڕۆژەکە سوودمەند بن لەو خزمەتگوزارییانە و کاریگەریی خراپی نەبێ لەسەر دانیشتووانی پڕۆژەکە. ئێستا ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە و چەندین پڕۆژەی درووستکردنی قوتابخانە لەبەردەستمانە بۆئەوەی قەرەبووی ئەوە بکاتەوە. کاتێک پڕۆژەیەکی چەند تاوەری دروست دەکرێت و شوێنی قوتابخانەی تێدا نییە، وەبەرهێنەر خەریکی دروستکردنی قوتابخانەن لە نزیک تاوەرەکە حکومەت زەوی هەیە قوتابخانەکە لەسەری دروست دەکەن.

ـ بەنیازن لەگەڵ وەبەرهێنەرەکان ڕێک بکەون ڕێژەی ٥٪ یان ۱٠٪ بۆ پێشمەرگە و خاوەن پێداویستی تایبەت و بنەماڵەی شەهیدان تەرخان بکەن و بەنرخێکی هەرزانتر پێیان بفرۆشنەوە؟

محەمەد شوکری: لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەو بابەتە تاوتوێ کراوە بۆ ئەوەی لە پڕۆژەکانی دەستەی وەبەرهێنان پڕۆژەی نیشتەجێبوون، ببێتە بەشێک لە بڕیارەکان و لە مەرجەکان و بێگومان هەوڵی بۆ دەدەین بە پێی توانا ئەم بابەتە جێبەجێ بکرێت.

بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، بێگومان لە پڕۆژەی ۲٠ هەزار شووقەکە سوودمەند دەبن.

ـ بە نیاز نین یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەموار بکەنەوە؟

محەمەد شوکری: بێگومان پێویستی بەهەموارکردنەوەیە، ئێمە یاسای ۲٠٠٦مان هەیە کە یاسایەکی خراپ نییە بۆ وەبەرهێنەران لەڕووی ئیمتیازاتەوە، بەڵام پێویستی بە وردەکاریی زیاترە. لە ۲٠۱۹ درافتێک ئامادە کراوە و داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ئەو درافتە بۆ ئێمە بگەڕێتەوە. ئێستا لیژنەیەکی یاساییمان داناوە بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری ئەو ڕێنماییانەی کە لە دوای ۲٠٠٦ دەرچوونە و ڕۆڵی باشیان هەیە لە بەرەوپێشبردنی یاساکە و قازانجی حکومەتیش لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دەکەین بە بەشێک لەو یاسایە. هەروەها ئەو ئاسانکارییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیهێنێتە پێشەوە لە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان، کە بریتی دەبێ لە دروستکردنی نەخشەی وەبەرهێنان دروستکردنی سیستەمی یەک پەنجەرەیی و دروستکردنی پۆرتاڵی تایبەت کە بریتی دەبێ لە مۆڵەتپێدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی. ئەمانە هەموو لە یاسا نوێیەکە شوێنی دەبێتەوە و هەوڵ دەدەین یاسایەکی مۆدێرن بێ، بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر بکەین تا وەبەرهێنان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بێنین بۆ ناو هەرێمی کوردستان لەو بوارانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی بەتایبەتی سێکتەری ژێرخانی ئابووری و کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار.

بۆ بینینى ڕاپۆرتى ڤیدیۆیى کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
وردەکاری پێدانی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە هەژاران و کەمدەرامەتان - YouTube

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٨ی ئایاری ٢٠٢٢