Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتی کۆنترۆڵی دەرمان: هۆکارەکانی پشت هێنانی دەرمانی قاچاخمان چارەسەر کردووە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بڕیارى یەکخستنەوەى نرخی دەرمان، لە مانگى تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢، لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان دەستى پێ کرد و ئەمەش کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر شەفافیەتى بەهاى دەرمان و نەهێشتنى پاشاگەردانى لە نێو بازاڕی دەرمان هەبوو. دکتۆر شێروان سادق، بەڕێوەبەرى گشتیی کوالێتى کۆنتڕۆڵى دەرمان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەى فەرمی حکومەتى هەرێمى کوردستان وردەکاری ئەو پرۆسەیەی باسکرد.

دکتۆر شێروان سادق رایگەیاند، لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چاکسازی لە کواڵیتی کۆنترۆڵدا کراوە، گرنگترین هەنگاو پێداچوونەوەی گشت دەرمانە هاوردە کراوەکان و تۆمارکردنی کارگەکانی دەرمان و پشکنینی دەرمان و چاودێریکردنی بووە.

 

بە گوتەی دکتۆر شێروان، لە ماوەی سێ ساڵی یەکەمی کابینەی نۆیەم، گۆڕانکاریی ریشەیی لە کواڵیتی کۆنترۆڵدا کراوە و ڕۆتین لە بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتی کۆنترۆل کەم کراوەتەوە و کەرتی تایبەتی و گشتیش لە یەک جیاکراونەتەوە و بەرژەوەندیی کەسی و هەندێک لایەن کە باس دەکران لە ناو کواڵیتی کۆنترۆڵ نەماوە. ئەم بڕیارانە جێبەجێ کراون و هەموو مامەڵەیەکی دەرمان و  پشکنین و رێگەپێدانی کۆمپانیاکان لە کاتی خۆیدا دەکرێن.

بەڕێوەبەرى گشتیی کوالێتى کۆنتڕۆڵى دەرمان دەڵێت، هەنگاوێکی گرنگی ئەم رێنماییانە ئەوەیە کە بڕیار دراوە هەندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراو دیاری بکەین، دەرمان لە هەموو سەرچاوەیەک هاوردە نەکرێت و نەدرێتە خەڵکی، ئەم بڕیارە لە ٢١ی ئاداری ٢٠٢١ەوە جێبەجێ کراوە.

دکتۆر شێروان ئاماژەشی بەوەدا، پێش هەر هەنگاوێک هەموو کارگەکانی دەرمانسازی لە بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتی کۆنترۆل تۆمار کراون و لیستی نیشتمانی بۆ پەسندکردنی دەرمان لە ڕووی سەلامەتی و کاریگەری و کواڵیتی جێبەجێ کراوە و کێشەکانی کە پێشتر هەبوون، چارەسەر کراون. هەروەها هەڵسەنگاندن و پشکنینی دەرمان کێشەیەکی سەرەکی کواڵیتی کۆنترۆڵ بوو، بە فراوانکردنی تاقیگەکان و زیادکردنی ستاف لە بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتی کۆنترۆڵ ئەم کێشەیە چارەسەر کراوە و هەموو دەرمانێک لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە ٤٥ رۆژ تێناپەڕێت، هەڵسەنگاندن و پشکنینی بۆ دەکرێت و مۆڵەتی بەکارهێنانی پێ دەدرێت.

کێشەی هاوردە کردنی دەرمان

بەڕێوەبەرى گشتیی کوالێتى کۆنتڕۆڵى دەرمان دەشڵێت:''بۆ هەناردەکردنی دەرمان هەندێک کێشەی سەرەتایی و بنچینەیی هەبوون، وەک دواکەوتنی تاقیکردنەوە، دەرمانی قاچاخ و فەرمی لەناو بازاڕ تێکەڵ دەبوون، بۆ رێگەپێدان رۆتینێکی زۆر هەبوون، خەڵک بە ناچاری دەستیان بۆ ڕێگاکانی نافەرمی دەبرد.ئێمە هۆکاری پشت قاچاخ کردنی دەرمانمان چارەسەر کردووە، دەرمانی پێویست هاوردە دەکرێت. بە شێوەیەکی توند رێوشوێن بەرانبەر قاچاخی دەرمان گیراوەتە بەر و بە رێژەیەکی زۆر باش کۆنترۆل کراوە.''

بە گوتەی دکتۆر شێروان، لە رێکەوتی ١ی ئاداری ٢٠٢١ەوە بڕیار دراوە هەر کارگەیەک تۆمار نەکرابێت، ڕێگە نادرێت دەرمان هاوردە بکات. لە ٥ی ئایاری ٢٠٢١ەوە توانراوە هەموو دەرمانێک کە بە فەرمی هاوردە دەکرێت، هەڵسەنگاندن و پشکنینی بۆ بکرێت، هیچ دەرمانێک بە بێ رێگەپێدان و بە بێ مۆڵه‌تی بەکارهێنان و پشکنین و هەڵسەنگاندنی، نەچووەتە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.

نرخی دەرمان

 بەڕێوەبەرى گشتیی کوالێتى کۆنتڕۆڵى دەرمان ئاماژەشی بەوەدا کە بە سێ قۆناخ کار لەسەر نرخی دەرمان کراوە، هۆبەیەک لە تۆماری بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتی کۆنترۆڵ تایبەتە بە دیاریکردنی نرخی دەرمان و یەکخستنی نرخەکانی کە نرخ بۆ هەموو دەرمانێک دانراوە و لە قۆناخی دووەمدا پێداچوونەوە لەسەر بنەمای تۆمار بۆ هەموو نرخی دەرمانەکان کراوە.

دکتۆر شێروان دەڵێت:'' لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ دەست پێکراوە، نرخی هەموو دەرمانێک لەمەودوا لەسەر ئەم  بنەمایە دیاری دەکرێت، هەموو نرخەکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان یەک دەخرێن، نرخی دەرمانێکی دیاریکراو لە هەموو دەرمانخانەکان یەک نرخ دەبێت.

بەڕێوەبەرى گشتیی کوالێتى کۆنتڕۆڵى دەرمان راشیگەیاند:''هاووڵاتیان لە رێگەی مۆبایلەوە دەتوانن بە سکان کردنی بارکۆدی سەر دەرمانەکان زانیاریی سەرەتایی لەسەر دەرمان بەدەست بێنن، بەتایبەتی نرخ و ڕۆژی بەرهەمهێنان و بەسەرچوون و سەرچاوە و کۆمپانیای بەرهەمهێنانی. لەسەر بارکۆدەکە، هێڵێکی ٢٤ کاتژمێری بۆ وەڵامدانەوەی هاووڵاتیان هەیە. ئەگەر کێشەیەکیان لەبارەی دەرمانەکە هەبێت، لە هەمان کاتدا دەتوانن پەیوەندی بە تیمەکانی چاودێریکردنی بازاڕ بکەن و بە زووترین کاتیش رێوشوێن دەگیرێتەبەر.''

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢