Skip to the content

زمانی کوردی دەکرێتە زمانی یەکەم و سەرەکی شوێنە گەشتیارییەکان و هێزی کاری ناوخۆیی بۆ ٧٥% بەرز دەکرێتەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی دوو بڕیار هەلی کاری زیاتر بۆ هێزی کاری ناوخۆیی دابین دەکات و زمانی کوردیش دەکاتە زمانی یەکەم و سەرەکی شوێنە گەشتیارییەکان.

بۆ جێبەجێکردنی ئەو دوو بڕیارەی کە لەسەر راسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران دراون، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرانی دڵنیایی جۆری و هونەری و گەشتیاری و ژمێریاری لە دیوانی دەستەی گەشتوگوزار پێک هێنراوە.

ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: بڕیاری یەکەم تایبەتە بە بەرزکردنەوەی رێژەی هێزی كاری ناوخۆیی لە كەرتی گەشتیاری بۆ ٧٥% و بڕیاری دووەمیش چەسپاندنى زمانی کوردییە لە شوێنە گەشتیارییەکان و ناچارکردنى فەرمانبەرانی ئەم کەرتە بۆ فێربوونى زمانى کوردییە.
بە پێی رێنماییەکانی دەستەی گەشتوگوزار پێویستە ٧٥% هێزی کار لە بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان خۆماڵى بێت و بە وتەی سەرۆکی دەستە، لە قۆناغى یەکەمدا ڕێژەی ٣٠% لە شوێنە گەشتیارییەکان دەچەسپێندرێت و لە قوناخەکانی داهاتوودا بۆ ٧٥% بەرز دەکرێتەوە.
لەبارەی گرنگیدان بە زمانی کوردی بڕیار دراوە بۆ پاراستنی شوناسی زمانی کوردی تابلۆ و مینۆی خواردنی هوتێل و چێشتخانە و شوینە گشتییەكان و تابلۆ هەڵواسراوەکانی شوێنە گەشتیارییەکان زمانی کوردی زمانی سەرەکی و یەکەم بێت. زمانەکانی دیکەشیان، ئەگەر هەبێت، پێویستە بەدوای زمانی کوردییەوە بن.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە پێویستە راهێنانی فێربوونی زمانی کوردی بە کارمەندانی کەرتی گەشتوگوزار بکرێت و دوای فێربوونی زمانی کوردی دەرفەتی کارکردن لە کەرتی گەشتوگوزار بە خەڵکی بیانی دەدرێت. ئەوانەشی کە ئێستا لەم بوارەدا کار دەکەن خولی فێربوونی زمانی کوردییان بۆ دەکرێتەوە.

لیژنەکەى دەستەى گەشتوگوزار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و پێدانی رێنماییەکان سەردانى هەر هەشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی گەشتیاری دەکەن و پرۆسەکەشی لە دهۆک دەستیپێکردووە.
لە مانگی ئابی رابردوو، بە دەرکردنی بڕیارێک، مانگێک مۆڵەت بە شوێنە گشتییەکان درابوو زمانی کوردی بکەنە زمانی یەکەم و سەرەکی سەر تابلۆکانیان. لیژنە هاوبەشەکانى قائیمقامیەت لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە بەشداری نوێنەرى دەستەى گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەکەن و سەرپێچیکارانیش بەم شێوەیە سزا دەدرێن:
بۆ جارى یەکەم، ئاگادار دەکرێنەوە. جاری دووەم، بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دادەخرێن و بۆ جاری سێیەمیش مۆڵەتەکەی لێوەردەگیرێتەوە.
لە هەرێمى کوردستان، ئامارێکى ورد لەبارەی ڕێژەى هێزی کارى بیانى و ناوخۆیی لە شوێنە گەشتیارییەکان نییە. دەستەى گەشتوگوزار سەرقاڵى ڕووپێویکە بۆ زانینى ڕێژەى هێزی کار لە کەرتی گەشتوگوزار. دوو جۆر بنکە و شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هەن، بەشێکیان تۆمار نەکراون و مۆڵەتیان نییە و بەشێکیشیان مۆڵەتى فەرمییان هەیە بە سەر (٢,٩٨٣) شوێن دابەش کراون:
ـ کافتریا: ٧١٤ دانە
ـ شارى یارى: ١٠ دانە
ـ رێستۆرانت: ٥٨٩ دانە
ـ خواردن و خواردنەوە: ١٥٧ دانە
ـ کۆمپانیا و نووسینگە گەشتیارییەکان: ٥٩٩ دانە
ـ کۆمەڵگەى گەشتیارى: ٥٤ دانە
ـ هۆتێل: ٤٦٠ دانە
ـ هۆڵى ئاهەنگگێڕان: ٧٢ دانە
ـ یانەى شەوانە: ٤٥ دانە
ـ هۆڵى بۆنە تایبەتییەکان: ١ دانە
ـ ئەپارتمانى ڕاخراو: ٢٨٢ دانە