Skip to the content

سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژە لە گەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دیوان لە دامودەزگاکانی کەرتی گشتی کۆبووەوە


لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتی ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی ڕاژە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بابەتی ئامادەکردنی زانیاری میلاکاتی پێویست بۆ دامەزراوەکانی کەرتی گشتی.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دیوان لە پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێم، ئەنجومەنی دادوەری و سەرجەم وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت ئامادەی بوون، هەنگاوەکانی ئامادەکردنی زانیاری میلاکات بە پێی ستراتیجی نوێی ئەنجومەنی گشتی ڕاژە بۆ ئامادەبووان خرایە روو و داوا لە بەشداربووان کرا داتا و زانیاری پێویست بۆ ئەنجومەنی گشتی راژە دابین بکەن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتی جێگیر بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بەشدابووان راو سەرنجی خۆیان خستەڕوو و سەرۆکی ئەنجومەنی راژە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و روونکردنەوەی پێویستیدا بۆ ئەوەی دامەزراوەکان داتا و زانیاری پێویست لە کاتی دیاریکراودا ئامادە بکەن.