Skip to the content

شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە بارەی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ کۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە د.دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د.ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، د. جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا سەردانی بەغدایان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدڕاڵی کە هەریەک لە محەمەد تەمیمی، وەزیری پلاندانان و تەیف سامی، وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ و کارمەندانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و تیمی هەردوو وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم تێیدا ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی فیدڕاڵی کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی حکومەتی فیدڕاڵی کراو بیروبۆچوونەکان گفتوگۆی لەسەرکرا، بڕیاریشدرا لیژنەیەک لە نێوان هەردوولا پێکهێنرێت و دەست بەکارەکانی خۆی بکات.

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی، لەسەر بنەمای دەستوور، تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە و لە نێویشیاندا کێشەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢