Skip to the content

لە زاخۆ ٨٩٢ یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان دروستدەکرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان و کرێنشینان بەردەوامە و ١٣ـی ١١ـی ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناخەی ٨٩٢ یەکە داندرا.

شڤان عەبدی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: ٨٩٢ یەکە لەکۆی ٢٠ هەزار یەکەکەی نیشتەجێبوون کە بۆ کەمدەرامەت و کرێنشینان دروستدەکرێن، دەکەونە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بە دوو قۆناخ دروستدەکرێن.

ئەوەشی گوت: لە قۆناخی یەکەمدا، ٥٧٦ یەکە لە کەرتی تلکەبەر و لە قۆناخی دووەمیش ٣١٦ یەکە لە کەرتی سەلکا دروستدەکرێن و بڕیارە لەماوەی دوو ساڵدا، تەواو بکرێن.

جگەر تاهیر، بەرێوەبەری گشتى وەبەرهێنانی زاخۆ، لەبارەی ڕووبەری شوێنی تەرخانکراوی یەکەکان و گوژمەی یەکەکانەوە، گوتی: ڕووبەری یەکەکان لەو شوێنانەی کە بۆیان تەرخانکراوە، ٤٠ دۆنم زەوییە. گوژمەی دروستکردنی یەکەکانیش ٤٨ ملیار و ٨٢ ملیۆن دینارە.

ئاماژەی بەوەش کرد: ٤٤٦ یەکە لەکۆی ئەو ٨٩٢ یەکەیەی کە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروستدەکرێن، رووبەریان ١٠٠ مەتر دووجایە و ٤٤٦ یەکەکەی دیکەش، رووبەریان ١٢٠ مەتر دووجایە.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دروستکردنی ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کەمدەرامەت و کرێنشینان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دا و وەک یەکەم شوێنیش لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناخەی داندرا.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢