Skip to the content

سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بەخۆڕایین

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی و دروستکردنی نەخۆشخانەی مۆدێرن بەمەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ نەخۆشان و هاووڵاتییان، یەکێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر، یەکێکی ترە لەو نەخۆشخانانەی حکومەت، کە سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەخۆرایین و تایبەتە بە هێزەکانی پێشمەرگە و کەسوکارەکانیان. ساڵی ٢٠١٩ بە هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیە کرا، و لە ١ی ئاداری ٢٠٢١، کرایەوە، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.

د. دانا ئەحمەد، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:''حکومەت، لەڕێگەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە بوودجە، پزیشک و پێداویستیی پزیشکیمان بۆ دابین دەکات. پلان هەیە زیاتر پەرەی پی بدرێت و لە داهاتوودا بکرێتە ناوەندێکی پزیشکی سەربازی بۆ زیاتر خزمەتکردنی هێزەکانی پێشمەرگە.''

 

نەخۆشخانەکە پێکدێت لە بەشی تاقیگە، تیشک، ددان، دەرمانخانە، چارەسەرکردن و خەواندن. بەرێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە، راشیگەیاند:''لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، نەشتەرگەرییش لە نەخۆشخانەکە ئەنجامدەدرێت. ئەمە جگە لەوەی کە ٨ پسپۆڕیی تایبەتی هەیە و ڕۆژانە، لەنێوان ٣٥ بۆ ١٠٠ نەخۆش چارەسەر وەردەگرن.''

نەخۆشخانەی پێشمەرگە، یەکەمین نەخۆشخانە بوو لە تەواوی عێراق کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، تایبەتکرابوو بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا، دوای کەمبوونەوەی کاریگەریی پەتاکە و باشتربوونی دۆخی تووشبووان، نەخۆشخانەکە تایبەتکرا بە هێزەکانی پێشمەرگە و کەسوکارییان بۆ وەرگرتنی چارەسەر و خزمەتگوزاریی تەندروستی.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢