Skip to the content

شەو و ڕۆژ ٢٠ کاتژمێر کار لە دروستکردنی ٤ پۆندەکەى زاخۆ دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زاخۆ بووە ئیدارەیەکى سەربەخۆ و ئێستا چەندین پڕۆژەى گەورەى تێدا ئەنجام دەدرێت کە هۆکار دەبن بۆ بووژانەوەى زاخۆ و جوانترکردنى شارەکە وەک دروستکردنى ٥ پۆند لەسەر ڕووبارى خاپوور و سەوزترکردنى شارەکە و دروستکردنى پارکێکى گەورە و مۆزەخانە و قیڕتاوکردنى جادە و ڕێگەوبانەکان و فراوانترکردن و مۆدێرنکردنى دووسایدە سەرەکییەکەى شارەکە.
سەبارەت بە گرنگیپێدانى حکومەت بە ئاو، بریارى دروستکردنى پێنج پۆندی لەسەر ڕووبارى خابوورى زاخۆ داوە کە سەڕەڕای دروستکردنی دیمەنێکی جوان بۆ شارەکە و دەوروبەرى، ئاستی ئاویش لە نیو مەترەوە بۆ دوو مەتر و نیو بەرز دەکاتەوە و کەرتى گەشتیاری دەبووژێنێتەوە.
بۆ ئەوەی ئەو پۆندانە لە کاتی دیاریکراو دروست بکرێن و كارەكانیان خێراتر بەرێوە بچن، چوار کۆمپانیای جیاواز ئەرکى دروستکردنەکەیان لە ئەستۆیە و بە هەر چواریانەوە نزیکەی ٢٠٠ کرێکار و کارمەند بە زیاتر لە ٢٠ مەکائینەوە شەو و ڕۆژ بۆ ماوەى ٢٠ کاتژمێر کاریان تێدا دەکەن کە زیاتر لە ٧٥٪ـی ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە دەستی کاری خۆماڵین.
رووباری خابوور درێژییەکەی ١٦٠ کیلۆمەترە و بە ٤٧ گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆى زاخۆدا تێدەپەڕێت. لە ساڵانی ڕابردوو و بە هۆی وشکەساڵییەوە، ئاستی ئاوى ڕووبارەکە بە شێوەیەکى بەرچاو دابەزیوە، هەر بۆیە بە تەواوبوونی ئەو پۆندانە، خەڵک و ناوچەکە لە کەمئاوى و وشکەساڵى ڕزگار دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٧ى تشرينى يه‌كه‌مى ٢٠٢٢