Skip to the content

وەزارەتى پەروەردە، قوتابیيان لەسەر پێنج تەوەرى مەترسیدار هۆشیار دەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەرتووکێکى کاتى بۆ قوتابیان چاپ و بڵاو کردووەتەوە تا بەڕێوەبەران و یاریدەدەران و مامۆستایان و ڕێنماییکارانی پەروەردەیی لە دوو کاتى جیاواز و لە نێو پۆلەکان بیڵێنەوە. کتێبەکە لە ٧٤ لاپەڕە پێکهاتووە و نۆ هەزار دانەى لێ چاپ کراوە (حەوت هەزار بە شێوەزارى سۆرانى و دوو هەزار بە شێوەزارى بادینى) و سەرەتا لە دەستپێکى ساڵى نوێى خوێندن بە سێ ڕۆژ بە قوتابیان گوترایەوە و بڕیار وایە لە وەرزى دووەمیش دوو ڕۆژ بگوترێتەوە.

سامان سیوەیلى وتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی رايگەیاند: "کتێبەکە ناوى (لەپێناو نیشتیمان و ژیان دۆستیدا ـ چەند پرسێكی گرنگ بۆ هۆشیاركردنەوەی قوتابیان و خوێندكاران)ـە. بیرۆکەی کتێبەکە لە لایەن خودى وەزیرى پەروەردەوە هێنراوەتە گۆڕێ بۆ ئەوەى خوێندنی ئەمساڵمان جیاوازتر بێت لە ساڵانى پێشوو و قوتابیانیش بە شێوەیەکى باشتر و هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ پرسە جیاواز و هەستیارەکان بکەن، چونکە ئەو پێنج تەوەرەى کە لە کتێبەکەدا دیاریمان کردوون، کۆمەڵێک بابەتى گرنگن بۆ ژیانى تاک و کۆمەڵگە و خێزان و پێویستە بەردەوام قوتابیان لەم بارەوە هۆشیار بکرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش مامۆستایان و دەستەى کارگێڕى قوتابخانەکان و رێنماییکارانى قوتابخانەکانمان ئاگادار کردووەتەوە بە پێى پسپۆڕی، لە سێ ڕۆژى یەکەمى دەوام و لە دوو ڕۆژى یەکەمى وەرزى دووەمى خوێندن ئەو کتێبە بگوترێتەوە تا پاڵپشتییەک بێت بۆ هوشیارکردنەوەى قوتابیان و لە ڕێگەى ئەوانیشەوە بنەماڵەکانیان و لە ڕێگەى ئەوانیشەوە کۆى هەرێمى کوردستان ئاشنا بێت بەم پرسە هەستیارانە".
ئەو پێنج تەوەرەى کە وەزارەتى پەروەردە لە کتێبەکەیاندا چاپ و بڵاویان کردووەتەوە و گوتراوەتەوە و دووبارە لە وەرزى دووەم بە قوتابیان دەگوترێتەوە، بریتین لە:
تەوەرى یەکەم: خۆشەویستیی کوردستان و پێکەوەژیان،
تەوەرى دووەم: چەک و مەترسییەکانی ـ چەکداماڵینى گشتى و کۆمەڵایەتی،
تەوەرى سێیەم: مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان،
تەوەرى چوارەم: تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان،
تەوەرى پێنجەم: ژینگە و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو،

لە پێشەکیی کتێبەکەدا هاتووە: "ئەم ڕێبەرەی لە بەر دەستتاندایە، بەرنامەی کاری سێ ڕۆژی سەرەتای دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٢ ـ ٢٠٢٣) و دوو ڕۆژی سەرەتای دەستپێکی وەرزی دووەمە، کە لە رۆژانی (١٣ و ١٤ و ١٥ی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢) و رۆژانی (٢ و ٣ی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣) ئەنجام دەدرێت و پێویستە تەوەرەکان وەک وانە پێشکەش بە قوتابیان و خوێندکاران بکرێن بە مەرجێک نابێت ماوەی پێشکەشکردنی هەر بابەتێک لە (٢٥) خوولەک کەمتر بێت و لە (٤٠) خوولەک زیاتر بێت، دەبێت ئەو سێ ڕۆژەی سەرەتای وەرزی یەکەم و دوو ڕۆژەکەی سەرەتای وەرزی دووەم وێڕای گەیاندنی پەیامەکانی ئەم ڕێبەرە، چالاکیی وەرزشی و هونەریشی تێدا ئەنجام بدرێت".
وەزارەتى پەروەردە ئامانجى لە دانانى ئەم کتێبە و گوتنەوەى بۆ قوتابیان لەو سۆنگەیەوە هێناوەتەوە کە "ئەرکی ناوەندەکانی خوێندن تەنیا فێرکردن نییە، بەڵکو هاوکات پەروەردەکردن و ڕێنمایی کردن و ئاراستەکردنیشە، بۆیە گرنگە ناوەندەکانی خوێندن شانبەشانی گۆڕانکارییەکانی سەردەم بتوانن قوتابیان و خوێندکاران هۆشیار بکەنەوە لەو بابەتانەی ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا کێشە و مەترسی لەسەر لایەنی ڕەفتاری و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئاستی خوێندنی ئەوان دروست دەکەن. ئامانج لە دانانی ئەم ڕێبەرە و تەرخانکردنی ئەو پێنج ڕۆژە لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢ ـ ٢٠٢٣)، هۆشیارکردنەوەی قوتابیان و خوێندکارانە بۆ ئەو بابەتە گرنگانەی لە دووتوێی ئەم ڕێبەرەدان، لە ڕێی ئەوانیشەوە بەرچاوڕوونیدانی زیاترە بە خانەوادە بەڕێزەکانیان، وێڕای سوودەکانی چالاکییە وەرزشی و هونەرییەکان لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و گونجاندنیان لەگەڵ ژینگەی ناوەندەکانی خوێندن. پێویستە دەستەی کارگێڕی و مامۆستایان و ڕێنماییکارانی پەروەردەیی بە گرنگییەوە کار لەسەر گەیاندنی پەیامەکانی ئەم ڕێبەرە بکەن، دەکرێت بابەتەکان دەوڵەمەندتر بە زانیاری سەربار یان بە ڤیدیۆ و وێنە بکەن. ئەم ئەرکە بەگوێرەی پسپۆری و شارەزایی بە دەستەی کارگێڕی و مامۆستایان و ڕێنماییکارانی دەسپێردرێت."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢