Skip to the content

پڕۆژەی گەشتیاری پردی دەلال، زاخۆ جوانتر دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- پڕۆژەی ڕێكخستنی كۆڕنیشی پردی دەلال پڕۆژەیەكی گەشتیارییە و لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە گوژمەی ١٢ ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت. ئەم پڕۆژەیە ڕێکەوتى ٢٨/٦/٢٠٢٢ى زایینى لەلایەن سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوهدار شیخۆ بەردى بناغەی دانراوە و ئێستا نزیكەی ٣٢%ى تەواو بووە.
پڕۆژەکە پێك دێت لە پارك و مۆزەخانە و شوێنی دانیشتن و شوێنی ئوتومبێل بۆ گەشتیاران و خەڵكی زاخۆ، لەگەڵ بەنداوێكی تایبەت. دڕێژی پڕۆژەكە نزیكەی ٢ كیلۆمەترە و ماوەی پڕۆژەكەش ساڵێكە.
ڕۆژانە و بە بەردەوامی ٦٠ بۆ ٧٠ کەس بە ٢٥ ئامێرەوە کار لەو پرۆژەیەدا دەکەن، بۆ ئەوەی پڕۆژەكە لە کاتی خۆیدا واتا لە ماوەی ساڵێک تەواو ببێت، تەنانەت هەندێکجار لە ڕۆژانی پشووش کارى تێدا دەکرێت.
گرنگی پڕۆژەكەش بۆ باشتركردنی كەرتی گەشتوگوزار و جوانترکردنى سیماى شاری زاخۆیە. بەشێکى سەرنجڕاکێشی ئەو پڕۆژەیە، دروستکردنی پۆندێکە لەسەر ڕووباری خابوور بەدەر لەو چوار پۆندەى کە لە شوێنگەلى جیاوازى ڕووبارەکە دروست دەکرێن. ئەم پۆندە دەکەوێتە نێو پرۆژە گەشتییارییەکەوە و بەمەش بەدەر لە جوانترکردنى پڕۆژەکە، ئاستى ئاوى ڕووبارەکە و ئاوى ژێر زەویش زیاتر دەکات و بە هۆى بەرزبوونەوەى ئاستی ئاوەکەش، وا دەکات کە بە ئاسانی پاک بکرێتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٧ى تشرينى يه‌كه‌مى ٢٠٢٢