Skip to the content

ئامادەکاری بۆ پێدانی قەرزی پاڵپشتیی بۆ پڕۆژەی جوتیاران دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی  چوارشەممە ٣١ی ئابی ٢٠٢٢ تاوتوێی جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ، و سەرچاوەکانی ئاو، و بانکی ئەلقورتاسی ئیسلامی کرا، بە مەبەستی وەرگرتنی پاڵپشتیی پێدانی قەرزی کشتوکاڵی بۆ ئەو جوتیارانەی کە بیرۆکەی بونیادنانی پڕۆژەی بچووک و مامناوەندیان هەیە لە سێکتەری کشتوکاڵی و پیشەسازیی کشتوکاڵی.

لەو بارەیەوە دکتۆرە زیدە محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:''بانکی ئەلقورتاسی ئیسلامی لقێکی بانکی ناوەندی عێراقە و قەرزی کشتوکاڵی و پیشەسازی بەو هاووڵاتییانە دەدات کە پڕۆژەی مامناوەند یا بچووکیان هەیە، ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ سەیری پڕۆپۆزەڵی ئەو کەسە دەکەین کە دەیەوێت قەرزەکە وەربگرێت، ئەگەر لە ڕووی یاسایی و گرێبەست و ئەو زەوییەی پڕۆژەکەی لەسەر ئەنجام دەدات هیچ کێشەیەکی نەبێت و توانای ئەوەی هەبێت پڕۆژەکە تەواو بکات ئەوا ئێمە پشتگیریی وەزارەتی پێ دەدەین و دواتر کارەکانی دیکەی وەرگرتنی قەرزەکە لەگەڵ بانکەکە تەواو دەبێت و هیچ پەیوەندیی بە ئێمەوە نامێنێت.''

سەبارەت بە بڕی قەرزەکە و چۆنییەتی وەرگرتنەوەی قەرزەکە بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راشیگەیاند:''بڕی قەرزەکە لە نێوان ١٥ بۆ ١٠٠ ملیۆن دینار دەبێت و ماوەی وەرگرتنەوەشی ٥ ساڵ دەبێت و بۆ هەندێک پڕۆژەش ٧ ساڵە.''

د. زیدە محەمەد کەریم ئاماژەشی بەوەدا کە، خاڵێکی دیکە هەیە کە پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت ئەویش ئەوەیە ئەو کەسەی داوای قەرزەکە دەکات دەبێت کەفیلێک دابنێت، دوای تەواوکردنی یاداشتەکە لە نێوان ئێمە و بانکی ناوبراو ڕێکارەکانی وەرگرتنی قەرزەکە دەست پێدەکات و هاووڵاتییان دەتوانن مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن.

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەو کەسانەی کە داوای قەرزەکە دەکەن دەبێت ئەوەش بزانن کە ئەو بانکە پارەی کاش ناداتە هاووڵاتییان، بەڵکو سەیری پرۆپۆزەڵی پێشکەشکراو دەکات و پڕۆژەکە پێویستی بە چیی هەبێت لە ئامێر و پێداویستی بۆی دابین دەکات تاکو پڕۆژەکە دەست بەکار دەکات.

ئەم هەنگاوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری جوتیاران و بووژانەوەی سێکتەری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان .

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١ی ئەیلولی ٢٠٢٢