Skip to the content

بڕیاری لێخۆشبوونی سزاى دواكه‌وتن و سوو له‌سەر باج بۆ ماوەی مانگێكی دیکە درێژ كرایه‌وه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- به‌هۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە لە رابردوودا دروست بوو، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان برێکی زۆر قەرزیان لەسەر کۆبووە، بەڵام لە کابینەی نۆیەم و وەکو هاوکارییەک بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ سزای دواكه‌وتن و سوودی سه‌ر هاووڵاتیانی ده‌ركرد.

عەلی عەبدولڕەحمان، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی باجەکان و خانوبەرەی میری بە فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری راگەیاند:''لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی خراپی دۆخی هەرێمی کوردستان، خەڵکێکی زۆر نەیاندەتوانی ئەو باجەی لەسەریانە بیدەنەوە، بۆیە ساڵانەش ئەگەر باج نەدرێت بڕی سزاو سوود زیاد دەکات، ئه‌وه‌بوو لەسەر داواکاری ئێمە و وەزارەتی دارایی، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بە بڕیاری ژمارە (156) لە 15ی حوزەیرانی 2022، بڕیاری لێخۆشبوونی لەسەر بڕی سزا و سوودی سەر باجدەران دا.''

عەلی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەشدا کە، ئەو بابەتە دوو دیوی هەیە، دیوێکیان ئەوەیە کەس ناتوانێت خۆی لە باج بدزێتەوە و بڵێت باج نادەم، چونکە ئەگەر باجدەرەکە بشمرێت ئەوا دەبێت میراتگرەکانی بڕی  باجەکە بدەنەوە، بۆیە لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەوە خەڵکمان ئاگادار کردەوە کە بێن بۆ ئەوەی باجەکەیان بدەن و ئەم لێخۆشبوونە بیانگرێتەوە. دیوێکی دیکە ئەوەیە کە توانیومانە بڕێک سیولە لە بانکەکان لە ڕێگەی وەرگرتنی باجەوە زیاد بکەین، ئەوەش کارێکی گرنگ بووە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانوبەرەی میری بەو کارە هەڵساوە و جێبەجێی کردووە، لە پێشتر بانکەکان و گەنجینەکان سیولەیەکی ئەوتۆی تێدا نەبوو بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە ئەوانەی قەرزداربوون و لە ساڵانی پێشتر باجیان لەسەر بوو بێن باجەکانیان بدەن و لەو سزا و سووەی کەوتبووە سەریان رزگاریان بێت و  لەو بڕیارە سوودمەند بن.''

سەبارەت بە درێژکردنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە تایبەت لە لێخۆشبوون لە سزاو سووی دواکەوتنی ساڵانەی سەر باج کە بۆ ماوەی مانگێک درێژكراوه‌ته‌وه،‌ جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی باجەکان و خانوبەرەی میری گوتی:''ئەمەش هەر لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان دەبێت، کە تەنیا ئەو باجه‌ ده‌دات کە ساڵانە لەسەری دەکەوێت، ئەم لێخۆشبوونە 100٪ لەسەر سزای دواکەوتن و سووی سەر بڕی باجەکە دەبێت.''

له‌ باره‌ی پێشوازی هاووڵاتیان له‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، عەلی عەبدولڕەحمان دەڵێت:''لە ماوەی ئەو سێ مانگەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری باجدەر سەردانی ئێمەیان کردووە و بەراورد بە ڕابردوو ڕێژەکە زۆر زیادی کردووە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە خەڵک باش بە دەم ئەم بڕیارەی حکومەتەوە هاتوون و دەیانەوێت لەم بڕیارە سوودمەند بن.''

 

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری

21 ی ئه‌یلوولی 2022