Skip to the content

دەستەی ژینگە بەیارمەتی وەزارەتی ئەوقاف و پەروەردە چەندین چالاكی ئەنجام دەدات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- دەستەی ژینگە، بە یارمەتی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ئەوقاف و کاروبارى ئایینى، ٢١ هەڵمەت و چالاكیی هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی ئەنجام داوە، کە بە هۆیەوە ٥٢ هەزار و ٨٦٨ هاووڵاتیی سوودیان لێ وەرگرتووە .

 

پڕۆژەى ژینگەیی لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە

دەستەی ژینگە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، دەستی بە كاركردن كردووە و بڕیار وایە وەزارەتى پەروەردە گشتاندنێك بۆ سەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بەرێوەبەرایەتیی پەروەردەی شار و شارۆچكەكان بکات، بۆ ئەوەی هاوكارى دەستەى ژینگە بن، لە جێبەجێكردنی ئەو هەڵمەتەی هۆشیارییە. بۆ ئەم مەبەستەش چەند سیمینارێک ئەنجام دراوە بۆ ڕێبەرانی ژینگەیی لە سنووری چەند پەروەردەیەك و ئەو سیمینارانەش بەردەوامیان دەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش لە هەموو ناوەندەکانی خوێندن، مامۆستایەك بە تایبەتی مامۆستای زانست یان جوگرافیا دەست نیشان كراوە، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بەژینگە و هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگەوە هەیە سیمینار بکات، و ئەوانیش وەك ڕێبەرێكی ژینگەیی ئامادە بكرێن لە ناوەندەكانی خوێندن و دواتر قوتابییەكانیان هۆشیار بكەنەوە. لەكاتی وتنەوەی وانەكانیان یان لەكاتی بەرزكردنەوەی ئاڵا لە ڕۆژانی پێنجشەممە یان لە كاتی كۆبوونەوەی دایكان و باوكان لە قوتابخانە و خوێندگاكان و بەم شێوەیە ئەم زانیارییانە بە هەموو لایەک دەدرێت.

هەروەها دەستەى ژینگە، نامیلكەیەكی ئامادە کردووە بۆ هەموو ڕێبەرانی ژینگەیی لە قوتابخانەکان، تاوەکو ئەو ڕێبەرانە هەر جارە و بابەتێك لەوناو نامیلکەکە هەڵبژێرن، کە پەیوەندی بە پرسى ژینگە و هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە و چۆنیەتی پاراستنی ژینگە  هەیە، و بۆ قوتابییانی باس بکەن.

بابەتەكانی نامیلكەكەش، باس لە پێناسەی ژینگە و پێكهاتەكانی ژینگە و چۆنیەتی پیسبوونی خاك و هۆكارەكانی پیسبوونی خاك و ئاو و هەوا و چۆنیەتی چارەسەركردنی پاشماوەكان یان بابەتی گۆڕانكاریی ئاو و هەوا یان وزە پیسبووەكان یان پیسبوونی بینین یان ژاوەژاو دەکەن.

لە سنووری هەموو پەروەردەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەو چالاكیانە ئەنجام دەدرێن. لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٢ـەوە، لە پێنج بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە دەست بە پێشکەشکردنى سیمینار كراوە و لە سنووری پەروەدەكانی دیکەش بەردەوام دەبێت.

 

پڕۆژەى ژینگەیی لەگەڵ وەزارەتى ئەوقاف

دەستەى ژینگە، لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروبارى ئایینیش چەندین ڕێککەوتن و چالاکى هەیە. بۆ نمونە كار لەسەر ئەوە كراوە، کە لە كاتی وتاری هەینیی مامۆستایانی ئایینی، هاووڵاتییان لەسەر پاراستنی ژینگە و نەبڕینەوەی دار و پیس نەكردنی خاك و فڕێنەدانى پاشماوە و زبڵ، هۆشیار بکرێنەوە.

هەروەها لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و یەكێتی زانایانیش باس لەوەش کراوە، کە لە بەرنامەیەکى تۆکمەدا، سەرجەم ئەو بابەتانە دیارى بکرێن، کە مامۆستایانى ئایینى دەتوانن لە ئامۆژگارى و وتارەکانى خۆیان، بۆ هاووڵاتییانی باس بکەن، و لەم ڕێگەیەوەش زۆرترین خەڵك هۆشیار بکرێتەوە لە بەرامبەر ژینگەى نیشتمان و ئەو سەرچاوە سرووشتییانەى کە لە کوردستانیان هەیە.

 

هاوکارى دەستەى ژینگە لەگەڵ وەزارەت و لایەنەکانى دیکە

جگە لەوە، تیمەكانی پشكنینى دەستەى ژینگە، بەردەوام سەردانى كارگە و پرۆژەکان دەکەن، بۆ ئەوەی كەموكوڕییەكان ببینن و هەر سەرپێچیەكیش هەبێت، خاوەن كارگە و پڕۆژەكانی لێ ئاگادار دەکەنەوە، تاوەکو چارەسەرى  بکەن یان ڕێنماییەكان بە تەواوى جێبەجێ بکەن، ئەگەریش پابەند نەبوون، دواتر سزا دەدرێن، ئەویش بە سەپاندنی سزاكە بە پێی ڕادەی سەرپێچییەکە.

هەروەها دەستەى ژینگە، کارى لەسەر دەرچووانی بەشەكانی ژینگە لە كۆلێژی زانست یان كشتوكاڵ کردووە، و هەوڵى داوە خولی ڕاهێنانیان بۆ بکاتەوە، تا وەک چاودێر لە لایەن كارگە و خاوەن پڕۆژەكانەوە، لە ژێر ناوى چاودێری ژینگەیی دابمەزرێنرێن، بۆ ئەوەی ببنە هەماهەنگ لەگەڵ فەرمانگە ژینگەییەكان بۆ جێبەجێکردنى ڕێنماییە ژینگەییەکان و پیس نەکردنی ژینگە.

 

ڕەزاق عەزیز خەیلانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی و ڕاگەیاندن و وتەبێژی دەستەی ژینگە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند:"بۆ بابەتی دارنەبڕینەوەش نووسراومان بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە، بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە دابینكردنی نەوتی سپی، بۆ ئەوەی خەڵك پەنا بۆ دار بڕین نەبات. هەروەها کارمان لەسەر ئەوە کردووە، کە قسە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە کە ئامێری گەرمکەرەوە دروست دەکەن، تا کەرەستەکانى گەرمکرەوەکان بەجۆرێک دروست بكەن کە بە كەمترین كارەبا ئیش بكات، تاوەکو خەڵك بتوانێت لەبڕی بەكارهێنانی نەوت، یان بڕینی دار، بۆ هۆكاری خۆگەرمكردنەوە بە كاریان بهێنێت.''

 

فەرمانگەى میدیا و زانیارى

٢٤ى ئەیلوولى ٢٠٢٢