Skip to the content

سەرۆکى ئەنجومەنى گشتى ڕاژە و نوێنەرانى خاوەن ماستەر و دکتۆرا کۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- دوای ئەوەی ڕۆژی ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢،  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە بابەتی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا ئاڕاستەی ئەنجومەنی گشتی ڕاژە بکرێت، تا بە پێی تایبەتمەندیی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندییدارەکان، پۆڵێنی هەردوو بابەتەکە بکەن، ڕۆژى یەکشەممە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٢، سیراج بارزانی، سەرۆکى ئەنجومەنى گشتی ڕاژە بە ئامادەبوونى بەرێوەبەرى گشتى هەماهەنگى و بەدواداچوون و بەرێوەبەرى گشتى پەرەپێدانى کارگێڕى لە ئەنجومەنى گشتى ڕاژە، پێشوازی لە ژمارەیەک هەڵگرى بروانامەى ماستەر و دکتۆرا کرد کە بە نوێنەرایەتیى ئەم توێژە سەردانى ئۆفیسى ئەنجومەنى ڕاژەیان کرد.

سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى گشتى ڕاژە بە وردى گوێیان لە وتەى میوانانى ئامادە بوو گرت و بەبایەخەوە سەرنج و تێبینییەکان وەرگیران و بە تێر وتەسەلى تاوتوێ کران.

سەرۆکى ئەنجومەنى گشتى ڕاژە دڵنیایى دا بە ئامادە بووان کە بابەتى هەڵگرانى بروانامەى ماستەر و دکتۆرا لە لایەن ئەنجومەنى گشتی ڕاژەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە سەر بنەماى زانستى و پێداویستى و پسپۆرى هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت .

یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە سەرهەد شێخە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە جوگرافیای سیاسی بوو. بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند:''ئەمڕۆ ئێمە وەکو نوێنەری هەڵگرانی ماستەر و دکتۆرا لەسەرجەم شارەکانی کوردستان هاتین سەردانی بەڕێز شێخ سیراج بارزانیمان کرد، کە جەنابیان تازە دەست بەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، ئەمە دوای ئەوە هات کە هەفتەی ڕابردوو ڕۆژی ٧ی ٩ ئەنجومەنی وەزیران کەیسی دامەزراندنی ماستەرو دکتۆرای سپارد بەم ئەنجومەنە بەڕێزە، ئەو کەیسەی ئێمەش دوای شەونخونیی و ماندوبوونێکی زۆر هاتوەتە بەرهەم دوای ئەوەی لە سەرۆکایەتی دیوان نووسراو لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٠کراوە بۆ وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی دارایی و ئابووری دوای وردەکاری و وردبینی لە ناوەکان وهەڵسەنگاندنی دارایی، ئەم نووسراوە گەڕابوویەوە بۆ سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش خستیە بەرنامەی کارەوە.''

سەرهەد شێخە گوتیشی:'' ئێمە ئومێد دەکەین کە لەسەر دەستی بەڕێز کاک شێخ سیراج بارزانی، ئەم دامەزراندنەی ئێمە بە پرۆسەیەکی خێرا دا بڕوات، چونکە بە ڕاستی ئێمە زۆر دەمێکە چاوەڕێی ئەم دامەزراندنە دەکەین بەشێوەیەکی خێراو دادگەرانە بە ئەنجام بگەیێندرێت، و ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەشدا هەموو ئەو وردەکارییانەی لای ئێمە هەبوو بە جەنابیانمان گەیاند، و ئەو کۆمەڵێک تێبینیی و سەرنجی بۆ ئێمە ڕوون کردەوە، و ئومێد دەکەین کە لەسەردەمی کابینەی نۆیەمدا کە بە کابینەی بڕیارە قورسەکان ناسراوە ئەو کەیسەی ئێمەش لەسەر دەمی  ئەو کابینەیەدا و بەو تەمەنە کورتەی کە ماویەتی بڕیاری لێ بدرێت و ئێمە بتوانین لەسەر پلەی وەزیفی خۆمان دەست بەکار بین و خزمەتی گەل و نیشتمانی خۆمان بکەین.''

سەروەر ئەبوبەکر، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە کیمیای خۆراک یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە. ئەو بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:''بە سوپاسەوە ئەمڕۆ توانیمان بەڕێز کاک سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی ڕاژە ببینین، بتوانین گفتوگۆیەکی تێرو تەسەل بکەین لەسەر ئەو پرۆسەی دامەزراندنەی کە هەیە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئاڕاستەی ئەنجومەنی ڕاژە کراوە بەڕێزیان کۆمەڵێک تێبینیی و سەرنج و ڕوونکردنەوەی دا بە ئێمە وە هەروەها لەلایەن ئێمەوە کۆمەڵێک سەرنج و تێبینیی و ڕێکارەکانی پێشوو کە لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و دارایی و پلاندانان و ئەنجومەنی وەزیران کە چی کراوە هەموو خرایە ڕوو و کۆمەڵێ موعاناتی مامۆستایانی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا باسکرا کە لە چ خاڵەتێکی دەروونی خراپدا بوون دوای ئەو بڕیارە بەڵام ڕوونکردەوەی پێویستیان دا و هەندێكیان نیگەرانی خۆیان دا لەوەی کە ئێمە چەندین ساڵە دەمانەوێت دابمەزرێین هیوادارین ئەنجومەنی ڕاژە ئەو بابەتەی کە چەندین ساڵە دواخراوە، ئەنجومەنی ڕاژە بتوانێت ئەم پرۆسەیە بخاتە سەر پێی خۆی و بەزووترین کات پرۆسەی دامەزراندنمان بێتە کۆتا.''

سەروەر ئەبوبەکر دەشڵێت:'' بە سوپاسەوە ئەنجومەنی ڕاژە کاک سیراج باسی ئەوەی کر کە ئەوان لە ئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە دەکەن و دەیانەوێت نەخشە ڕێگایەک دابنێن کە بابەتەکە بە چ میکانیزمێک بکرێت و لەسەر بنەمای دادگەری و یەکسانی هەمووان لەم پرۆسەی دامەزراندنەدا مافیان مسۆگەر بێت، ئێمەش هیواخوازین حکومەت لەم پرۆسەیە دا هاوکاربێت و  دامودەزگاکانی دیکەش هاوکاری ئەنجومەنی ڕاژە بکەن. وەکو دەزانین ئەنجومەنەکە تازەیە و پێویستی بە هەمووان هەیە، تاوەکو هاوکاری بین بۆ ئەوەی بکەوێتە سەر پێی خۆی. ئێمە ژمارەمان ٨٤٥ کەسە بە پێی ئەو نووسراوەی لامانە و نوێنەرایەتی لە زاخۆوە تاوەکو گەرمیان دەکەین.''

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢