Skip to the content

سەرۆکى حکومەت: چى لە تواناماندا بێت بۆ باشترکردنى ژیانى مامۆستایان دریغى ناکەین

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، یەکەم زەنگى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٢ ـ ٢٠٢٣) و کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان له‌ قوتابخانه‌ی ئه‌یلوولی سه‌ر به‌ قه‌زای به‌رده‌ڕە‌ش لێ درا.

١٠٠ ملیار دینار بۆ کەرتى پەروەردە تەرخانەکراوە:
سەرەتا ئالان حه‌مه‌ سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە گوتەیەکدا رایگەیاند: "ئه‌مساڵ پلان و به‌رنامه‌ی جیاوازمان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ ده‌بێت و ساڵی گرنگیدان ده‌بێت به‌ خوێندنی پیشه‌یی و هیوادارم ساڵی نوێی خوێندن ساڵێکی بەرهەمدار بێت".
وەزیری پەروەردە سوپاسی پاڵپشتییە به‌رده‌وامەکانی مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ كه‌رتی په‌روه‌ردە‌ و ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی تەواوی بە کەرتی پەروەردە داوە، بۆ نمونە "ته‌نیا بۆ ئه‌مساڵی خوێندن بەڕێزیان نزیکەی ١٠٠ ملیار دیناری بۆ کەرتی پەروەردە تەرخان کرد، به‌شێوه‌یه‌ك نزیكه‌ی ٤٦ ملیار دیناری بۆ ته‌واوكردنی قوتابخانه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كان، ٢٠ ملیار دیناری بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن، ١٧ ملیار دیناری بۆ چاپکردنی پەرتووکەکانی خوێندن، ٨ ملیار دیناری بۆ نەوتی قوتابخانەکان و ٣ ملیار دیناری بۆ دروستكردنی ژووری نوێ و ٥٠٠ ملیۆن دیناریشی بۆ خوێندنی پیشەیی بوو.''

خزمەتى مامۆستایان
دواتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و لە گوتارێکدا پیرۆزبایی لە هەموو قوتابیانی کرد بە بۆنەى دەستپێکی ساڵێکی نوێی خوێندن و هیواى سەرکەوتی بۆ قوتابیانى قۆناغە جیاوازەکان و ئەو قوتابیانەی ئەمساڵ دێنە قوتابخانە خواست کە قۆناغێکی نوێی ژیان دەست پێ دەکەن، هەروەها هیواى ساڵێکی نوێ و سەرکەوتووی بۆ خواستن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ئەمە درێژەپێدەری ئەو پرۆسەی خوێندنەیە کە هەموومان پێویستمان پێیەتی بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی زیرەک و تێگەیشتوو، بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا زیاتر خزمەتی گەل و نیشتمان بکەن".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی "بێ پایەن"ـی مامۆستایانی کرد، کە لەم دوو ساڵەی رابردوودا بە لە خۆبوردوویی و ئەرکی بێوچانەوە پرۆسەی خوێندنیان بەردەوام پێ داوە و نەیانهێشتووە قەیرانەکان خوێندن پەکبخەن و هەروەها سوپاسی کەسوکاری قوتابیانی کرد کە یارمەتیدەرى منداڵەکانیان بوون بۆ ئەوەی لە خوێندن بەردەوام بن".

مەسرور بارزانی راشیگەیاند:"دەزانم لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا رووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، لەم دواییەش چەندین قەیرانی دیکە لە جیهان سەریان هەڵەدا، کە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو جیهان هەبووە، بەتایبەتی کاریگەری لە ئابووری وڵاتان کردووە، ئێمە لە کوردستان رەنگە زیاتر هەستمان بەو سەختیە کردبێت، سەرەڕای ئەو قەیرانانە ئێمە توانیمان خۆڕاگربین و لەسەر پێی خۆمان بوەستین، سوپاسی تاک بە تاکی هاووڵاتیانی کوردستان بە تایبەتی مامۆستایان دەکەم، کە بەردەوام بوون و خۆڕاگربوون بەرامبەر بەو هەموو سەختیەی ژیان کە چەشتوویانە، بەڵام دڵنیابن حکومەتی هەرێم درێغی نەکردووە و درێغیش ناکات، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی هەن چارەسەریان بکەین، ئەمە قۆناغێکی درێژخایەنە و رەنگە ئێمە نەتوانین بە شەو و رۆژێک هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین، دەزانم هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە گرفتی هەیە، سەختییەکانی ژیان بە تایبەتی لەم دوو ساڵەی رابردوودا دیاربووە".
سەرۆکى حکومەت ئاماژەى بەوە دا کە هەوڵ دەدەن ژێرخانێکی پتەوی ئابووری لە کوردستاندا دروست بکەن و ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوودا هەوڵیان بۆی داوە لەوانەیە زۆر نەبیندرابێت، بەڵام ژێرخانێک بووە لە ماوەیەکی نزیکدا بەرهەم و ئاسەوارەکانی دەردەکەون، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە هەرێمى کوردستان ئابوورییەکی هەبێت کە بتوانێت دەرفەتی کار دروست بکات، هەموو هاووڵاتییەک چاوی لەوەیە سەرکەوتووبێت و ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و نەوەی داهاتوو دروست بکەن.
سەبارەت بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، سەرۆکی حکومەت رایگەیاند:"هەوڵمانداوە چەندین قوتابخانەی نوێ دروست بکەین یان نۆژەن بکەینەوە، حکومەت ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە و پێویستە سوپاسی کەرتی تایبەت بکەم کە یارمەتیدەری حکومەت بووە لە دروستکردنی هەندێک لەو قوتابخانانە، هیوادارم بەردەوامبن لە یارمەتیدانی حکومەت و رەخساندنی ژینگەیەکی باشتر بۆ قوتابیان. حکومەتی هەرێم هەڵمەتێکی دەست پێ کردووە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بەرامبەر خۆشەویستی وڵات و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەی کوردی، لێرەوە بە قوتابیانی خۆشەویست دەڵێم، با خۆشەویسیتان بۆ وڵاتەکەتان، بۆ ئەو سرووشتە جوانەی وڵاتەکەمان و پێکەوەژیانی ئایینی و رێزگرتن لە یەکتر و پێکەوەژیانی نەتەوەیی و بەها بەرزەکانی کۆمەڵگەی خۆمان، لە سەرووی هەموو شت بێت، جگە لەوەی هەوڵدەدەن لە خوێندن سەرکەوتووبن، پێویستە ئەو بەها بەرزانە لەبەرچاو بگرن، ئێمە سەربەرزین بەوەی رێز لە هەموو ئایین و نەتەوەکانی دیکە دەگرین و بەیەکەوە دەژین، ئەمە سیمایەکی دیاری وڵاتەکەمانە و پێویستە بەو شێوەیەش بمێنێتەوە. ئێوەی قوتابیانی خۆشەویست دوارۆژی وڵاتەکەمانن و داهاتووی وڵاتەکەمان دەکەوێتە دەست ئێوە".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو "ئەمڕۆ ئێمە لە قەزای بەردەڕەشین، کە ناوچەیەکی دیاری بەرهەمداری کشتوکاڵییە، لە ماوەی رابردوو وەکو حکومەتی هەرێم گرنگی زۆرمان بەوەداوە کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان زیاتر بکەین، لەم دەڤەرە پەتاتەیەکی زۆر بەرهەم دەهێندرێت و هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت، پێویستمان بە جووتیار و زانستی باشتر و ئەندازیاری باشتر هەیە، بەڵام هەموو ئەوانە لە ئەمڕۆ و لە ئێوەوە دەستپێدەکات، ئەگەر بتوانن لە خوێندن سەرکەوتووبن دڵنیابن کە دەتوانن ببن بە کەسی باشتر و وڵاتەکەمان هەنگاوی باشتر بەرەو پێشەوە بنێت".
مەسرور بارزانی، جەختیکردەوە:"مامۆستایان بەو سەختییە نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت، ئەمە جێی رێز و پێزانینە بۆ هەموومان، ئەوەی حکومەت بتوانێت بیکات بۆ باشترکردنی ژیانی ئێوە درێغی ناکات، بەڵام لەوەش تێبگەن کە ئیمکانیاتی حکومەت زۆر سنووردارە، ئەو قەیرانانەی ئێمە تووشی بووین، چ مەسەلەی شەڕ بێت یان بابەتی ئابووری بێت، بەڵام هەندێک لە قەیرانەکانیش ئەوانە بوون کە بە ئەنقەست بۆ ئێمە دروستکران، بۆ ئەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان پەک بخەن، بەڵام ئێوە و پێشمەرگە و فەرمانبەران نەتانهێشت، هەموومان وەک تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە و پێکهاتەی رەسەنی ئەم وڵاتە نەماهێشتووە وڵاتەکەمان پەکی بکەوێت و ئەو هەوڵانەی بۆ سنووردارکردنی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان دراون سەرکەوتووبن، ئەمەش جێی پێزانین و شانازییە، دوای تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانە ئەوەی لەدەستمان بێت دەیکەین، بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی مامۆستایان و دروستکردنی ژینگەیەکی باشتر بۆ قوتابیان، بە دروستکردنی قوتابخانەی زیاتر و نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانەی کە رەنگە زۆر گونجاو نەبن، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی قوتابییەکانمان لە ژینگەیەکی تەندروستدا خوێندن تەواو بکەن".

چەک و یەکترشکاندن و ڤیدۆکردنەوە و جگەرە قەدەغەن
هەر لە بەرەبەرى کرانەوە و دوێنێ دووشەممە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گشتاندنێکی بە واژووی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە کردووە کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، هەموو ئەو کارو رەفتارانەی لەگەڵ پەیامی پەروەردەیی و فێرکردندا ناگونجێن ڕێگەپێنەدراون. ئەو بابەتانەی وەزارەتی پەروەردەش ڕێگەی پێنەداون بریتین لە:
یەکەم: هەڵگرتن و بەکارهێنانی چەک و ئامێری بریندارکەر و مەترسیدار، جگە لە ڕێکاری کارگێری، پێویستە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەوە، لایەنی پەیوەندیداری حکومەت، لە هەر حاڵەتێک ئاگادار بکەنەوە.
دووەم: جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان (بەهەموو جۆرێک).
سێیەم: چالاکی دوور لە پەروەردەیی و فێرکردن و ڕێکلامی بازرگانی و چالاکی سیاسی.
چوارەم: بەکارهێنانی توندوتیژی (جەستەیی و دەروونی و مەعنەوی) و بەکارهێنانی ڕەفتاری یەکترشکاندن.
پێنجەم: بەکارهێنان و نیشاندانی ئەو دروشمانەی لەگەڵ بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلی کوردستان ناگونجێن.
شەشەم: بەکارهێنانی ئامێری مۆبایل و ئامێری زیرەک بۆ (وێنەگرتن یان ڤیدیۆ تۆمارکردن و کردنەوەی لایڤ لە کاتی وانەوتنەوە) بە هەموو جۆرێک رێگە پێنەدراوە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢