Skip to the content

لە رێگەی تەندەرینگەوە نرخی دەرمان لە هەموو هەرێمی کوردستان یەک دەخرێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-  لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێی کوردستان لە بواری دەرمان و رایگەیاند، لە رێگەی تەندەرینگەوە نرخی دەرمان لە هەموو کوردستان یەکدەخرێتەوە و تا رادەیەکی زۆریش نرخەکەیان دادەبەزێت.

ـ شێوازی نوێی تەندەرینگی دەرمان چۆنە؟

د.سامان بەرزنجی: بۆ ئەوەی پرۆسەی دابینکردنی دەرمان، شەفاف بێت و دوور بێت لە قۆرخ کردن چەند ساڵێکە دەستی پێکراوە، تەنیا بەشێکی زۆر کەم نەبێت کە لە رێگەی راستەوخۆوە دابین دەکرێت، ئەمەش بۆ رانەوەستانی باباتە سەرەکییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان بۆ هۆڵەکانی نەشتەرگەری و فریاکەوتن و چاودێری چڕ و بەشە زۆرەکەی بەشێوازی تەندەرینگە، بەڵام بەهۆی ڕێکخستنەوەى رێنماییمان لە بەڕێوەبەرایەتیی کوالێتی کۆنتڕۆڵی جۆری، و لەگەڵ تیمێکی راوێژکاری خاوەن ئەزموونێکی زۆریش ئێمە شێوازی لایەنە کارگێڕی و یاسایی و داراییەکان و لایەنە کوالیتییەکەی بۆ ئەوەی لە کوردستان هەمان کوالیتی بەرز هەمان دابینکردن هەبێت، بەڵام ئەم دەسەڵاتەش دراوە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی بۆ هێنان و بردن و جووڵەی کۆگایی و دابینکردنی شایستەی کۆمپانیاکانیش، ئەم شێوازە نوێیە وەک پڕۆژەیەک ئامادە کراوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان توشی بابەتێکی جیاواز نەبێت لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر و دەرمان بەهەمان کوالیتی و بە هەمان رێکاری یاسایی و کارگێڕی دەرمان بەشێوازی تەندەرینگ دابین بکرێت، بەتایبەتی بۆ کۆمەڵێک بابەتی سەرەکی کە دەبێت لەگەڵ (کۆمپانیای رەسەن) ئێمە پێی دەڵێین (Mathar Company) دابین بکرێت واتە خۆی دەرمان دابین دەکات و نەک لە رێگەی چەند دەستێکی دیکەوە. ئەم شێوازە بەگشتی نرخی دەرمان و کوالێتییەکەی چارەسەر دەکات.

ـ لە کەیەوە خەریکی ئەو شێوازەن لە تەندەرینگن و چ لایەنێک ئەو کارە دەکەیت؟
د.سامان بەرزنجی: ئەم پڕۆسەیە داینامیکییە، نەک ئەوەی کە پرۆسەیەک راوەستا بێت تاوەکو پرۆسەیەکی نوێ دەست پێ بکەین و لەم پرۆسەیەدا بەشدارین، بەتایبەتی ئەگەر جۆر و بابەتەکانی شێرپەنجەت بۆ باس بکەم کە لە رێگەی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، کۆمەڵێک لایەنی زانستی و پزیشکی ڕەچاو کراوە بۆ شێوازی تەندەرینگی نوێ و بۆ دابینکردنى دەرمانەکانى تر و کەرەستەی نوێی پزیشکی کۆمەڵێک رێنمایی دانراوە، تەنانەت بۆ ئامێری پزیشکیش لەگەڵ تیمێکی راوێژکاری خاوەن ئەزموونی نێودەوڵەتی رێکار دانراوە بۆ چاکردنەوەی ئامێری پزیشکی بۆ دابین کردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئەم رێکارە چەند قۆناغێکی ماوە کە قۆناغێکی گرنگە، کە قۆناغی دابینکردنی پارەی کاشە بۆ شایستەی کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی وەکو (LC) بۆ کۆمپانیاکانی خاوەنی بەرهەمهێنانی ئەو دەرمانە سەرەکییانە بتوانین شایستەکانیان دابین بکەین و ئەو قۆناغە گرنگترین قۆناغ و قۆناغی کۆتاییە، بەڵام لە هەمان کاتدا تەندەرینگی شێوازی پرۆژەش بە شێوازی چاکسازییەوە لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی لە ئێستادا دەچێتە بواری جێبەجێکردن. بە سوپاسەوە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕی بودجەی مانگانەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی زیاد کردووە و بڕیاری زیادکردنی پارە و شێوازی کاش و نەختینەی پارەشی داوە، بۆیە ئێستا خەریکی جێبەجێکردنی ئەو قۆناغەین.

ـ کێشەو کەموکوڕییەکانى شێوازی کۆنی تەندەرینگ چ بوو؟

د.سامان بەرزنجی: دەرمان نەک هەر لە قۆناغی تەندەرینگ، بەڵکو لە هەموو قۆناغەکان کێشەی هەیە، چونکە دەرمان بابەتێکی هەستیارە. دەرمان بۆ چارەسەرییە، بۆیە کوالێتی گرنگە، پشکنینی گرنگە، بوونی ئەو دەرمانە لە هەرێمی کوردستان یان لە عێراق هەبێت گرنگە، چونکە هەندێک دەرمان هەیە راستە لە جیهاندا دەرچووە و نوێیە، بەتایبەت دەرمانەکانی شێرپەنجە و چارەسەری کیمیایی، بەڵام رەنگە لە زۆر وڵات هێشتا دانی پێدا نەنرابێت یان رێگە پێدانی نییە بۆ بەکارهێنان، نەک رێگە پێدانی پشکنینەکە، باسی ئەوە دەکەم کە ببێتە رێنمایی بەکارهێنان درەنگ دەکەوێت و بڕیاری بەکارهێنان و ڕێنمایی بەکارهێنان، بۆیە ئێمە لیژنەیەکی باڵامان هەیە کە خاوەن ئەزموون و شارەزان کە وەزارەتی خوێندنی باڵای تێدایە و سەندیکای دەرمانسازان تێدایە و وەزارەتی تەندروستی بەشداری تێدا دەکات و ئەمەش پڕۆسەیەکە بۆ لایەنە زانستی و دانپێدانانەکەی، لایەنەکانی دیکە لایەنی یاسایی و کارگێڕییە، واتە چۆن لە رێگەیەکی یاساییەوە ئەو دەرمانە دابین بکرێت. بەهەمان شێوە دەبێت ئەم دەرمانە هاوکاتیش بێت لە گەڵ رێنماییەکانی عێراق، چونکە ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت دامەزراوەی کیمادییە ـ Kimadia کە خاوەنی رێنمایی تایبەتە هەرچەندە ئێمە لە رێگەی ئەو دامەزراوەیەوە نزیکەی ٥٠%ى دەرمانمان لە بەغداوە بۆ دابین دەکرێت و ئەو بەشەکەی دیکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بودجەی بۆ دابین دەکرێت.

ئەو شێوازە لە تەندەرینگ بۆ گرنگە؟
د.سامان بەرزنجی: دەتوانم بڵێم دەرمان وەک بەشێکی گرنگی ئاسایشی نەتەوەییە و بەشێکی گرنگی سەلامەتی هاووڵاتییانە، نەخۆش چاوی لەوەیە لە هەردوو کەرتی حکومی و تایبەت، دەرمانەکەى بە شێوازی سەلامەت بگاتە دەستی و متمانەی پێی هەبێت. دەمەوێت ئەوەت بۆ باس بکەم کە دەرمان نەک لە رێگەی تەندەرینگ لە کەرتی گشتی، بەڵکو رێکاری دابینکردنی دەرمان بۆ دەرمانخانەکان و نەخۆشخانە تایبەتەکان و بازاریش کۆمەڵێک رێکارێکی یەکجار زۆر و بە کۆمەڵێک چارەسەری گرنگ و بنەڕەتی کراوە، ئەویش لە رێگەی دروستکردنی لیستی نیشتمانی و فراوانکردنی پشکنینەکان بۆ زوو گەڕانەوەیان لە تاقیگەکان، بۆ ئەوەش تاقیگەکانمان لە کوالێتی کۆنتڕۆڵ فراوان کردووە، ئەگەر پشکنینی دەرمان زوو بکەیت و پشکنینەکە زوو دەربچێت، ئەوە رێگە لە دەرمانی قاچاخ و بێ پشکنین لە بازار دەگیرێت، تیمەکانی چاودێری بە بەکارهێنانی سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان کۆمەڵێک چاکسازییان لە بواری دەرماندا لە بەڕیوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆری کردووە. کۆتا کاری چاکسازیمان و لە ئایندەیەکی نزیک دەستبەکار دەبێت، بریتییە لە گەڕانەوە متمانەی دەرمان بۆ هاووڵاتیان لە رێگەی دابینکردنی رێگەپێدان بە ستیکەرێکی ئەلیکترۆنی و بەستنەوەی دەرمانەکان بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی لە رێگەی ستیکەرێکی دژە ساختە، کە بەهیچ شێوازێک ساختەی تێدا ناکرێت و هاووڵاتی خۆی دەبێتە چاودێر کە هەر دەرمانێک لە ڕێگەی ئەو ستیکەرەوە بناسێتەوە و بتوانێت بەدواداچوونی بۆ بکات، ئەمەش بەڕای ئێمە یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی کابینەوەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هاووڵاتی بگاتە دەرمانێکی کوالێتی باش و دوور لە ساختەکارى.
ئەو مژدەیەش لێرەوە ڕادەگەیەنین کە بەشێکی زۆری دەرمان پێداچوونەوە بە نرخەکەی کراوە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی نرخەکان، ئەو نرخانەی پێشوو بۆ دەرمان دانراوە کە ستیکەرەکە خۆشی نرخەکەی لەسەر دادەنرێت هەموو بەڕێژەیەک کەم دەکرێتەوە بۆ ئەوەی یەک بخرێت و نرخەکەشی بێتە خوارەوە. دەتوانم بڵێم ٨٠% ئەو دەرمانانەی کە رێگە پێداراوە لە کوردستان بەکاردێت پێداچوونەوەی نرخی پێدا کراوە و نرخەکەی هاتووەتە خوارەوە و ئێمە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئاییندەیەکی نزیکدا رای دەگەیێنین.


هاوڵاتی چ سودێکی راستەوخۆی لێدەکات ؟

د.سامان بەرزنجی: لە کەرتی تەندروستی بەشێوەیەکی گشتی نەک تەنیا دەرمان، هەموو خزمەتگوزارییەک لە بەیانییەوە تاوەکو دوای دەوامیش بەشێوەیەکی ٢٤ کاتژمێری و لە هەمو رۆژێکدا و تەنانەت لە پشووەکانیش هەمووی لە پێناوی هاووڵاتییە، ئێمە کە باسی دەرمان دەکەین، دەرمان بۆ هاووڵاتی گرنگە و ئەو دەرمانە چالاک بێت و کار بکات و ئەو دەرمانە کاریگەری هەبێت، نەک دەرمانێک بێت کاریگەری نەبێت. ئەمە لە بواری کوالیتی و سەلامەتی و لە رووی جۆری دەرمانەکە و نرخەکەشی گرنگە. هەموو ئەو بابەتە بۆ هاووڵاتی گرنگە و بەرژەوەندی گشتییە. بەهان شێوە خزمەتگوزارییەکانی نەشتەرگەری بە چاککردنی سیستەمی تەندروستی لەناو نەخۆشخانەکان و رێکخستنەوەی کەرتی گشتی و تایبەت ئەوانە هەمووی لە پێناو هاووڵاتییە. چونکە بۆ ئێمە دروشمێک هەیە کە بۆ ئێمە بەرژەوەندی نەخۆش و هاووڵاتی لە پێشە.

 

ئەو شێوازە نوێیە لە تەندەرینگ دەتوانێت گرفتی کەمی دەرمان لە بەشێک لە نەخۆشخانەکان چارەسەر بکات؟


د.سامان بەرزنجی: وەک پیشتر باسم کرد دوا قۆناغی ئەو پرۆژەیە قۆناغێکی گرنکە کە دابینکردنی پارەی کاش و کردنەوەی (LC)یە،بە دڵنیایی ئەمەش بەشێکە کە دەڵێم لایەنی کارگێڕی دارایی و یاساییی، ئەوە بەشە داراییەکەیەتی. بەڵێ کێشەمان هەیە ئێستاش، کێشەکان بریتی نییە لە جۆری دەرمانەکە، یان دەسەڵات یان تەرخان کردن، بە سوپاسەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی تەرخان کردووە، بەڵام بوونی کاش لە هەندێک لە بانکەکان و شارەکان کێشەی دروست کردووە و وایکردووە کە نەختینە نەبێت، ئەمڕۆ کە کۆمپانیایەک داوای شایستەی خۆی بکات و شایستەکە نەبوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە کۆمپانیاکان پاشەکشە بکەن وئەوەش کێشە بۆ دەرمان دروست دەکات. بەڵام لە هەوڵی ئەوەداین ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین.

ئایا ئەو شێوازە لە تەندریگ کاریگەری دەبێت لە کوالیتی دەرمان ؟

د.سامان بەرزنجی: هەر پرۆسەیەک کە تەندەرینگ بوو واتە پرۆسەیەکی راگەیەندراوە و ئاشکرا و شەفافە. کاتێک کە پرۆسەیەک شەفافیانە بوو، بەدڵنیایەوە ململانێی نرخ رۆڵی دەبێت وبەڵام رکابەری جۆر و کوالیتییەکەش بۆ ئێمە گرنگە، بە دڵنیاییەوە کۆمەڵێک لیژنە هەیە تاوەکو پەسەند دەکرێت، تاوەکو ئەو دەرمانە لە کام سەرچاوە دابینی بکەین، جۆر رۆڵێکی زۆر گەورە دەبینێت، ئەگەر دەرمانێک چەندە هەرزانیش بێت و کار نەکات و کوالیتی نەبێت، ئەو دەرمانە بە دەرمانێکی کاریگەر هەژمار ناکرێت. لەو کاتەدا کە درمانێکی دیکە باشە و خاوەنی ناوبانگی خۆیەتی بەتاتبەتی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئەوانە ئەو دەرمانانەن کە دەکرێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بۆیە بە دڵنیایەوە جۆر و سەلامەتی و کاریگەری دەرمان گەورە و دەرەنجامێکی گەورەی هەبێت بۆ هاووڵاتیان.


بۆچی تائێستا دەرمان و پێداویستی پزیشکی بە زمانی دایک (کوردی) زانیارییەکانیان بۆ بەکارهێنەر نانووسن؟

د.سامان بەرزنجی: ئەمە راستە، کۆمپانیا ناوخۆییەکان، یان کارگە ناوخۆییەکان بە کوردی لەسەری دەنووسن، چونکە ئەوە مەرجێکی مۆڵەتی ئەو کۆمپانیایانەیە کە دەرمان بەرهەم دێنن. ئێمە نەک تەنیا لە دەرمان بەڵکو لە خۆراکیش، ئێمە گشتاندنێکمان کرد لەسەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دەبێت بنوسرێت لە کوێ دروست کراوە و لە چ شارێک، بە هەمان شێوەش دەرمان. بۆ ئەو دەرمانانەش ئەگەر بتوانرێت لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکە گرێبەست بکرێت کە ئەوەش دەبێت مسۆگەری شایستە داراییەکەی بۆ بکەیت و گرێبەستی درێژخایەنیش بکەیت بۆنمونە گرێبەستی دووساڵ کەمتر نەبێت بۆ ٥ ساڵ، بەڵێ ئەم بابەتە دەکرێت لەسەر کارتۆنی دەرمانەکەش رێنمایی بە کوردی بنوسرێت. بەڵام ئەوەش پێویستی بە چەند رێکارێک هەیە لە گەڵ ئەو کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە. وە ئەو بەشە دەرمانەی کە گرێبەستت لەگەڵ کردووە بە کوردی تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات.

 

بۆ بینینى راپۆرتى ڤیدیۆیى، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

(89) حکومەت، شێوازێکی نوێی تەندەرکردن بۆ دابینکردنی دەرمان رادەگەیەنێت - YouTube

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢