Skip to the content

لە یەکەم ساڵی تەمەنى ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چەندین پڕۆژەى ستراتیژى جێبەجێ کران

هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- لە ٢٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢١، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مەراسیمێکدا قەزای زاخۆی وەکو ئیدارەیەکی سەربەخۆ ناساند و گۆهدار شێخۆی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە ڕاسپارد.
دوێنێ ٢٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ساڵێک بەسەر ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تێپەڕی و لە ساڵیادیی دامەزراندنی ئیدارەکەش بەردی بناغەی کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بە گوژمەی ١١ ملیار و ٥٠٣ ملیۆن دینار دانران و پیشتریش چەند پڕۆژەیەک دەست بە جێبەجێکردنیان کرابوو.
لە پێنجی ئەیلوول و لە مەراسیمێکدا قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی شەقامی ٣٠ مەتریی (ئەردەوان ـ تلکەبەر) بە گوژمەکەی ٨ ملیار و ٨٥٣ ملیۆن دینار کرایەوە و دوێنێش ٢٠ـی ئەیلوول، قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی لە خراب بابکی بە گوژمەی ٩٧٨ ملیۆن دینار کرایەوە کە لە چوار هۆڵی تاقیگە، هۆڵێکی تاقیکردنەوەی ئەزموونەکان، کافێتریا و یاریگەی وەرزشی تۆپی دەستی و باسکە پێکهات بوو، ئەمە بەدەر لە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی نیشتەجێبوون بۆ ئاسانکارى زیاترى هاووڵاتیانى دەڤەرەکە.
هەر لە ساڵیادیی دامەزراندنی ئیدارەکە، بەردی بناغەی پڕۆژەی چاککردنی ڕیگە نێوخۆییەکان و ئاوەڕۆ لە شارۆچکەی دەرکار و کۆمەڵگەی بێرسیڤ بە گوژمەی ٤٧٠ ملیۆن و ١٧٨ هەزار دینار دانرا و هەروەها دەست بە دەستپێکردنى پڕۆژەی چوارڕیانی گوڵان بە گوژمەی ملیارێک و ٢٠٣ ملیۆن دینار کرا کە بریتی بوو لە ڕێکخستنەوە، نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنى ڕێگاکە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی جێبەجێکردن و دانانی بەردی بناغەی پڕۆژە ستراتیژییەکانەوە، مەبەستیەتی ئاستی خزمەتگوزاریی لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەرز بکاتەوە و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان دابین بکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢