Skip to the content

پڕۆژەیەك بە گوژمەی ٧٩٥ملیۆن دینار لە هەولێر جێبەجێكرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لەسەر بودجەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر، پرۆژەی دروستکردن و قیڕتاوکردنی شەقامەکانی گەڕەکی سیمی خاتووناوا (١٢٢ی گوڵان) جێبەجێ كرا، و گەیاندنی خزمەتگوزاریش بۆ گەڕەك و شوێنەكانی دیكەی شاری هەولێر بەردەوام دەبێت.

پڕۆژەی قیڕتاوکردنی شەقامەکانی گەڕەکی ١٢٢ی گوڵان بە گوژمەی ٧٩٥ ملیۆن دینار، لەسەر بودجەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و ڕاستەوخۆ لەلایەن کارگەی قیڕی چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێرەوە جێبەجێ دەکرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا کاری دروستکردنی شەقام و قیڕتاوکردن بۆ چەندین گەڕەک و شەقامی دیکەی نێو شاری هەولێر لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە جێبەجێ کراوە و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش بەردەوام دەبن، و قیڕكردنی شەقامەكانی ئەو گەڕەكەش ئاسانییەكی زۆر بۆ شۆفێران و دانیشتووانی گەڕەكەكە دەكات.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢