Skip to the content

چارەسەریی نەخۆشیی شێرپەنجە لە نەخۆشخانە حکومییەکان بێ بەرامبەرە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بێ بەرامبەر نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکانی چارەسەر دەکات، و ئەو نەخۆشانەشی کە لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەرییان نییە، پارەی نەشتەرگەرییان لە دەرەوەی نەخۆشخانە حکومیەکان بۆ خەرج دەکات.
دکتۆر بێستون سەیفەدین، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بە تیشک لە هەولێر بە ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند،''ڕۆژانە ١٤٠ بۆ ١٦٠ نەخۆش بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن و لە دوو شیفتی یەکەم و دووەم لە کاتژمێر ٨ بەیانی تا ٥ ئێوارە، چارەسەری نەخۆشەکانی شێرپەنجە (نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی و تیشک) بێ بەرامبەرە. تەنها لە شیفتی سێیەم بە شێوەی تایبەتییە، بەڵام تێچووەکەی زۆر کەمترە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان. لە %٧٥ تا %٨٠ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە هەردوو شیفتی یەکەم و دووەم دەکرێن و بێ بەرامبەرە.''
دکتۆر بێستون سەیفەدین راشیگەیاند:''ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجە کە لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەرییان نییە، بە ڕەزامەندیی لیژنەیەکی پسپۆر، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت و خەرجییەکەشی بە ڕەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی و لە ڕێگەی سندووقێکەوە، لە لایەن حکومەتەوە بۆ نەخۆشەکە خەرج دەکرێتەوە.''

بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات سەبارەت بە بەربڵاوترین نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەڵێت:''لە هەرێمی کوردستان شێرپەنجەی مەمک و سییەکان و سەر و مل و پرۆستات و کێشەی ئافرەتان بەربڵاوترین نەخۆشییەکانی شێرپەنجەن.''

بەرواری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە لەنێوان نەخۆشخانە حکوومییەکان و نەخۆشخانە ئەهلییەکان
بە وتەی د.بێستون سەیفەدین هەموو جۆرە چارەسەرییەکی نەخۆشیی شێرپەنجە لە سەنتەری ئاوات لە کاتژمێر ٨ ی بەیانی تا ٥ ی ئیوارە بێ بەرامبەرە، تەنها لە شیفتی تایبەتی سەنتەری ئاوات لە دوای کاتژمێر ٦ تا ٩ ی شەو نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک بە ٤٠ تا ٦٠ هەزار دینار نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، و ئەم نەخۆشییە بە کۆی ١٥ دانیشتن (جەلسە) بە ٦٠٠ تا ٩٠٠ هەزار دینار چارەسەر دەکرێت. نەخۆشیی شێرپەنجەی سەر و مل بە کۆی ٣٣ دانیشتن (جەلسە) بە یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دینار چارەسەر دەکرێت.
بەڵام لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانی عێراق، نەشتەرگەری شێرپەنجەی مەمک دوو ملیۆن تا چوار ملیۆن دیناری تێ دەچێت، و چارەسەریی کیمیاییش بۆ هەر دانیشتنێک (جەلسە) ٧٠٠ تا هەزار دۆلار، و تیشکەکەشی لە ٣هەزار دۆلار کەمتر نییە. چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجەی سەر و مل لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نەشتەرگەریەکەی ١٠ تا ١٢ هەزار دۆلاری تێدەچێت. و تیشکەکەی ٦ تا ٧ هەزار دۆلارە و کیمیایەکەشی بۆ هەر جەلسەیەک هەزار دۆلارە.

بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت:''٣٠% نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی مەمک پێویستییان بە دەرمانی بیۆلۆژی هێرسپتن (Herceptin) هەیە و نەخۆشەکە پێویستە بۆ ماوەی ساڵێک ئەم دەرمانە وەربگرێت و هەر دانیشتنێک (جەلسە)یەکی لەسەر حکومەت ١٢٠٠ دۆلاری دەوەستێت و بێ بەرامبەر بە هاوڵاتییان دەدرێت.

نەخۆشەکانی شێرپەنجە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن
دکتۆر بێستون سەیفەدین حەسەن، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاوات بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە رایگەیاند:''لە موسڵ نەخۆشییەکی یەکجار زۆری شێرپەنجە سەردانی سەنتەرەکەمان دەکەن. لە %٣٠ نەخۆشەکانی شیفتی یەکەم و دووەمی سەنتەرەکە کە چارەسەرییەکە بێ بەرامبەرە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێن. بەڵام لە شیفتی تایبەتی نیوەیان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی عێراقن.
ئاماری نەخۆشی شێرپەنجە
ڕێژەی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە چاو دانیشتواندا زیادی نەکردووە، و شێوازی دیاریکردنی نەخۆشییەکەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر زیاتر لە %٤٠٠ فەرقی کردووە.
لە ساڵی ٢٠١٥ تەنها لە هەولێر ١٣٠٠ نەخۆشی شێرپەنجە دیاریکراوە. بەڵام ساڵی رابردوو ٢٨٠٠ نەخۆشی شێرپەنجە لە هەولێر تۆمار کراون.
بە شێوەیەکی گشتی لە ساڵی ٢٠١٠ تا ئێستا ٢٣ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە لە هەوڵێر تۆمار کراون.

 

بۆ بينينى ڕاپۆرتى ڤيديۆيي، كليك له‌سه‌ر ئه‌م لينكه‌ى خواره‌وه‌ بكه‌:

گەورەترین سەنتەری چارەسەرکردن بە تیشک لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان سەنتەری ئاواتە لە ھەولێر - YouTube

فەرمانگەی میدیاو زانیاری
٥ی ئەیلولی ٢٠٢٢