Skip to the content

بارانی بەخوڕ ئاستی ئاوی بەنداوەکانی بەرز کردووەتەوە

بە هۆی ئەو بارانبارینە بەخوڕەی بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، ئاستی ئاوی زۆربەی بەنداوەکان بەرز بوونەتەوە و بەپێی ئەو ئامارانەی دەست فەرمانگەی میدیا و زانیاری کەوتوون "ئاوێکی زۆر گل دراوەتەوە".

بەنداوی دێوانە لە گەرمیان، یەکێکە لەو بەنداوانەی کە ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢) تەواو کراوە و ئەمساڵ (٢٠٢٣) ئاوی تێدا گل درایەوە، ماوەی چەند مانگێکە سەرڕێژ بووە و بەڕێوەبەری بەنداوەکە پێشتر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتبوو: ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا گل دراوەتەوە.

هەر لە گەرمیان ئەمساڵ (٢٠٢٣) کارەکانی دروستکردنی بەنداوی تووڕەجار تەواو کراون و توانرا ئاوی تێدا گل بدرێتەوە، بەهۆی ئەو بارانبارینەشی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە بە ماوەیەکی کەم سەرڕێژ بووە؛ فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەگەڵ ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیاری دروستکردنی بەنداوەکە قسەی کرد و گوتی: کۆی گشتیی ئاوی گلدراوە ملیۆنێک و ٧٥٠ هەزار مەتر سێجایە.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە (٢٥ـی نیسان)، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند "دوای ئەو بارانبارینە بەخوڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەکە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و بەمەش ئاوی گلدراوە بووەتە ملیارێک و ٦٨٤ ملیۆن مەتر سێجا و کۆی گشتیی ئاوی دەریاچەکەش ٥٦٪ـە."

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەیەکە بارانبارینێکی بەلێزمە کە هەورەتریشقە و تەرزەشی لەگەڵدایە، ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسییش بارانبارین بەشێوەی پچر پچڕ بەردەوام دەبێت، بەمەش ئاوی زیاتر لە بەنداوەکان گل دەدرێنەوە و دەبێتە هەنگاوێکی گرنگیش بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی.

بەنداوی خنس لە دهۆک، یەکێکە لەو بەنداوانەی کە ئەمساڵ کارەکانی نۆژەنکردنەوەی کۆتایی هاتن و توانرا ئاوی تێدا گل بدرێتەوە و (١٢ـی نیسان) بۆ یەکەمجار بەنداوەکە سەرڕێژ بوو؛ بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە کە قسەی بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری کردووە، ئێستا ٧ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل دراوەتەوە.

هەر لە دهۆک، بەنداوی کەشکان و بەنداوی دهۆک دوو لەو بەنداوانەن کە ئاویان تێدا گل دراوەتەوە و سەرەڕای ئەو بارانبارینەی کە ڕووی لە ناوچە کردووە، بەڵام سەرڕێژ نەبوونە و بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، ڕێژەی کۆکراوەی ئاو لە هەردوو بەنداوەکە ٢٢ ملیۆن و ٨٥٤ هەزار مەتر سێجایە.

ئەمە جگە لەوەی کە ڕێژەی کۆکراوەی ئاو لە دەریاچەی دووکان بووەتە ٤١.٥٪ و لە سەرەتای وەرزی بارانبارینەوە، شەش مەتر و ٢٠ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان بەرز بووەتەوە، بەڕێوەبەری بەنداوەکە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوت: ٤٩٤ ملیممەتر باران باریوە، بۆیە ئاستی ئاوی بەنداوەکە هێندە بەرز بووەتەوە.
هەرێمی کوردستان، خاوەنی چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی گلدانەوەی ئاوە، پۆند و بەنداوەکان یەکێکن لەو پڕۆژانەی کە ئاوێکی زۆر گل دەدەنەوە و هۆکارێکن بۆ ڕووبەرووبوونەوەی وشکەساڵی و زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی، هەر لەو پێناوەشدا کابینەی نۆیەم چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیی جێبەجێ کردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٥ـی نیسانی ٢٠٢٣