Skip to the content

بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت تووشبووانی تالاسیمیا بێبەرانبەر چارەسەر دەکرێن

لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پشکنین و وەرگرتنی چارەسەر بۆ تووشبووانی تالاسیمیا، بێبەرامبەر دەبێت.

لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرانبەر بە دۆخی تەندروستیی تووشبووانی تالاسیمیا و ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی خانەوادەکانیان، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی سەرجەم پشکنین و وەرگرتنی چارەسەرییە پزیشکییەکانی تووشبووانی تالاسیمیا لە تەواوی نەخۆشخانە حکومییەکان، سەنتەرەکانی دڵ و تیشک لە هەرێمی کوردستان، بێبەرانبەر ئەنجامدەدرێن.

ئەمەش لەپێناو ئەوەیە، کە سەرجەم تووشبووانی تالاسیمیا بە باشترین شێوە و بەخۆڕایی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی حکومەت، سوودمەند ببن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٩ـی نیسانی ٢٠٢٣