Skip to the content

زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار قوتابی لە یەک کاتدا تاقیکردنەوە دەکەن

ئەمڕۆ شەممە، ٢٩ـی نیسانی ٢٠٢٣، تاقیکردنەوەکانی نیشتمانیی کۆتاییی وەرزی دووەمی پۆله ناکۆتاکان و پۆلی نۆی بنەڕەتی، لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: “زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار قوتابی، بەشداری دەکەن”.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لەوبارەیەوە گوتی: ١٢٣ هەزار و ٩٩٣ قوتابی تاقیکردنەوەی نیشتمانی دەکەن.
هەر ئەمڕۆ شەممە، ٢٩ـی نیسان جگە لە دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی نیشتمانی، تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکانیش دەستی پێ کرد.
بۆ ئەمساڵ سێ گۆڕانکاریی نوێ لە تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆ کراوە: بە کوالێتییەکی بەرز و ڕەنگاوڕەنگ پرسیارنامەی بابەتی زانست چاپ کراوە، ناو و زانیاریی قوتابی لەسەر پرسیارەکان و سۆما تۆمارکراوە، بۆ ئەوەی قوتابی تەنیا وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، هەروەها تاقیکردنەوەکان کراونەتە ٢٦ گرووپی پرسیاریی جیاجیا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، زیاتر لە ٥٠٠ هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکاندا کردووە و لەو ژمارەیەشدا ٣٨ هەزار و ٢٨٤ قوتابییان پۆلی نۆی بنەڕەتین.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٢٧ هەزار و ٣٧٠ قوتابی بەشدارییان لە تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان کردووە و زیاتر لە ٣١٢ هەزار قوتابیی دیکەش، تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان دەکەن.
لە سنووری پارێزگای دهۆک، زیاتر لە ٣٦٥ هەزار قوتابی بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان کردووە و ٢٩ هەزار و ٥٤٤ قوتابییان پۆلی نۆی بنەڕەتین.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٩ـی نیسانی ٢٠٢٣