Skip to the content

پاڵەوانەتییەکی نێودەوڵەتیی وەرزشی لە کوردستان بەڕێوەدەچێت

مافی میوانداریکردنی جامی کۆنیفای 2024ـی نێوان هەرێمەکان، بە کوردستان بەخشرا و یەکێتیی تۆپی پێی کوردستانیش دەڵێت، یارییەکان لە یاریگاکانی کوردستان بەڕێوەدەچن.

شوان عەزیز، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند: یارییەکانی ئەو پاڵەوانەتییە لە یاریگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و زاخۆ بەڕێوەدەچن.

مانگی ئاداری ئەمساڵ (٢٠٢٣) شاندێکی کۆنیفا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، بۆ ئاگەداربوون لە دۆخی ئەمنی و یاریگاکانی کوردستان، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بڕیاردرا مافی میوانداریکردنی جامەکە بە کوردستان ببەخشرێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لەگەڵ جەلال سەعید، گوتەبێژی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان قسەی کرد و گوتی: لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو (٢٠٢٤) یارییەکان دەستپێدەکەن و ١٦ هەرێم بەشداری دەکەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری پێشتر زانیویەتی، 8 هەرێم داوای میوانداریکردنی پاڵەوانەتییەکەیان کردبوو، بەڵام دواجار مافی میوانداریکردنی چوارەمین وەشانی جامەکە بە هەرێمی کوردستان بەخشرا.

لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە هەڵبژاردەی هەرێمەکان و ئامادەیی یاریگاکانی کوردستان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لیژنەی ئۆڵۆمپی گوتی: ئامادەکاریی تەواو دەکرێن و لە ئامادەباشیدا دەبین بۆ هەر ئەگەرێک.

کۆنیفا، ڕێکخراوێکی جیهانیی قازانج نەویستە و پشتگیری لە ھەڵبژاردەکانی تۆپی پێی هەرێمەکان دەکات. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە و یەکەم پاڵەوانەتیش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ بە بەشداریی ١٢ هەڵبژاردە لە سوید بەڕێوەچوو.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٤ـی نیسانی ٢٠٢٣