Skip to the content

یەکێتیی زانایان: هیچ کەسێک بۆی نییە سووکایەتی بە مزگەوت بکات

دوای ئەوەی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ـی نیسان، هەواڵ و ڤیدیۆی هێرشکردنە سەر مزگەوتێکی شنگال بڵاوبوویەوە، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەدواداچوونی وردی بۆ دۆخەکە کرد و لەبارەی چۆنیەتی رووداوەکەشەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان لەسەر خەت بوو، بەمبۆنەوە بەیاننامەیەکی ئیدانەکردنی بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەکە:

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ـی نیسانی ٢٠٢٣ لەلایەن چەند کەسێکی دانیشتووی شنگال هێرشکرایە سەر مزگەوتی (الرحمن) و کاردانەوەی خراپی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئێمە لە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەتووندی ئیدانەی ئەو جۆرە هێرش و سووکایەتی و کارە تێکدەرانەیە دەکەین، چونکە مزگەوت شوێنی خواپەرستی موسڵمانانە و هیچ کەس و دەستێک بۆی نییە لەژێر هەر پاساو و ناوێک بێت سووکایەتی پێ بکات.

پێویستە ئیدارەی خۆجێیی شنگال و لایەنە پەیوەندارەکان بەزوویی رێکاری یاسایی بگرنەبەر و کەسانی گێرەشێوێن و بەتایبەت ئەوانەی ئەمجۆرە کارەیان کردووە سزا بدات، رێگە نەدات ئاشوب و کردەی تێکدەرانە لەنێوان پێکهاتەکان دروست ببێت و دواجار سەقامگیریی ناوچەکە بکەوێتە مەترسی.

پێویستە هەموو پێکهاتەکان لە ئاست پاراستنی پەیامی پێکەوەژیان بن و رێز لە یەکتر و ئاشتەوایی بگرن و رێگە نەدەن کاری تێکدەرانە کاریگەریی لەسەر ئارامی کوردستان و پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکان دروستبکات.

داوا لە موسڵمانانیش دەکەین، بە وریایی و دوور لە ئاستی نزم و بێ زانیاری مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەن.

ڕاگەیاندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
٢٨ـی نیسانی ٢٠٢٣