Skip to the content

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەری ''هەژماری من'' ڕادەگەیێنێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەری ''هەژماری من''ی راگەیاند، کە پڕۆگرامێکی گشتگیری داراییە، بە مەبەستی دابینکردنی رێگایەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ فەرمانبەران، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی کەرتی گشتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە مووچەکانیان.

ئامانج لە پڕۆژەکە هەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکومەتە، کە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان.

بەهۆی ئەم دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف، لە ڕێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارە(ATM)ەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات، کە ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی. بەم کارە پارەدان بۆ نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەر، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە وکارایی حکومەت و شەفافیەت زیاتر دەکات.

لە قۆناغی تاقیکاری ئەم دەستپێشخەرییەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان، مووچەی نزیکەی ٨٥٠ کارمەندی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایکبوون لە هەولێر بە دیجیتاڵی دەخاتە سەر هەژمارە نوێیەکانیان.
پڕۆژەی تاقیکاری کاریگەری پڕۆسەکە تاقی دەکاتەوە و هەر باشترکردنێکی پێویست دەستنیشان دەکات، پێش ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ سەرجەم دامەزراوە حکومییەکانی دیکە بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، کە ماوەی بەجێگەیاندنی ئەم پڕۆژەیە دوو ساڵ دەخایەنێت.

سودەکانی پڕۆژەکە
ئەم پڕۆژەیە چەندین سودی جۆراو جۆری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبێت و لە بواری ئاسانکاری و سەلامەتی هەژمارەکان دەبێتە هۆی پێدانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆیدا، بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر. هەروەها توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە هەر شوێنێک بە بەکارهێنانی بانکی مۆبایل - ئەنتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان.
هەروەها کاریگەری دەبێت لە سەر داهاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکار لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لەڕێی قەرزی ئاسانەوە. هەروەها لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان هەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێوست بە سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکات.

لە هەمانکاتدا ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە کەرتی بانکیدا و هەنگاو بە هەنگاو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و خەرجی بەکاربەرانیش بەهۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی زیاد دەبێت و دەرفەتی کاری زیاتریش لە کەرتی بانکیدا دەڕەخسێنێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣