Skip to the content

رۆژانە ٣٠٠ مەتر سێجا ئاوی قورس لە دهۆک چارەسەر دەکرێت

وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک. ئەم وێستگەیە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ستراتیژیی بەمەبەستی کەمکردنەوە مەترسییە ژینگەییەکان.

وێستگەکە، گەورەترین وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورسە لە هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی دەبێت.

ئەشواق زەنوون، بەڕێوەبەری وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس لە پارێزگای دهۆک لەبارەی پێکهاتەی ئەم وێستگەیەوە، گوتی:'' وێستگەکە بە سرووشتی و بەبێ بەکارهێنانی هیچ ئامێرێک، کار دەکات و مانگانە زیاتر لە ٧٠ هەزار مەتر سێجا ئاو، وەردەگرێت.''
وێستگەکە، لە ساڵی ٢٠١٩ دروستکراوە، ڕووبەرەکەی ٢٠ دۆنم زەوییە و گوژمەکەشی ملیۆنێک دۆلارە.

لەبارەی بەرهەمی ڕۆژانەی وێستگەکەوە، ئەشواق زەنوون، ئاماژەی بەوە کرد:''بەرهەمی ڕۆژانەمان ٣٠٠ مەتر سێجا ئاوە، ئەمە جگە لەوەی کە ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٤٠ تانکەر ئاوی قورسی ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای دهۆکمان بۆ دێت، پاشان بە کۆمەڵێک قۆناخ و بەشێوەیەکی زانستی، چارەسەری دەکەین.''

ئاوە پاککراوەکەی ئەم وێستگەیە، دەتوانرێت بۆ کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵی سوودی لێ وەربگیرێتەوە، هەروەها دەبێتە هۆکارێکیش بۆ زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١١ـی شوباتی ٢٠٢٣