Skip to the content

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت

لە لێدوانێکی بۆ پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د.جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:''لەسەر راسپاردەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردنی چەند بابەتێک لەوانەش دوا پێشهاتەکانی پەیوەست بە یاسای بودجە و یاسای نەوت و غاز و ماددەی ١٤٠ و قەرەبوو کردنەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی پەیڕەو کردنی ئەو سیاسەتانەی کە لە لایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە دژ بە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دراوە.''
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند:''شاندەکە پێکهاتووە لە ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری وەکو سەرۆکی شاند و ئەندامێتی کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خالد هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و ستافی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری.''
د.جوتیار عادل راشیگەیاند:''پشتیوان بە خوا لە ئەنجامی گفتوگۆکان لە گەڵ شاندی حکومەتی عێراق بتوانین ئەو ماف و شایستە داراییانەی کە هی خەڵکی کوردستانە بەدی بهێنین.''

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١١ی شووباتی ٢٠٢٣