Skip to the content

فەڕەنسا لە هەموو ڕوویەکەوە پەیوەندییەکى پتەوى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە

فەرمانگەى میدیا و زانیارى لە پاریس، گفتوگۆیەکى لەگەڵ عەلى دۆڵەمەری بەرپرسى نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە فەڕەنسا بۆ پێگەى فەرمى حکومەت ئەنجام داوە کە تیایدا باسى پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و پاریس دەکات لە ڕووى دیپلۆماسى و ئابوورییەوە و لەگەڵ ئەوەشدا تیشک دەخاتە سەر پلانەکانیان بۆ گەشەپێدانى بوارى بازرگانى.


لە کابینەی نۆیەم لە ڕووی سیاسییەوە چ هەنگاوێک نراوە بۆ زیاتر گەرموگوڕکردنی پەیوەندییەکانى هەرێم و فەڕەنسا؟
عەلى دۆڵەمەرى: ئەگەر باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڵاتانی دەرەوە بکەین، پەیوەندییەکان زۆر بەهێزن، بەتایبەتی لەگەڵ ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکێک لەوانە فەرەنسا کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و خاوەن مافی ڤیتۆیە و ئێستاش لەگەڵ ئەڵمانیا سەرکردایەتی یەکێتی ئەوروپا دەکەن، بۆیە کردنەوەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، مانای ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەدات. دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە رۆژی سوێندخواردنی لە پەرلەمانی کوردستان، باسی لەوە کرد کە گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەدەن و ئەمەش وای کردووە کە ئێمە وەکو نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە بە گوڕوتینێکی زیاترەوە کار بکەین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان بچنە قۆناغێکی باشترەوە، خۆشبەختانە دەتوانین بڵێین کە یەکێک لەو وڵاتانەی پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە وڵاتی فەڕەنسایە لە هەموو ڕوویەکەوە، لە ڕووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و کەلتوورییەوە و تەنانەت لە ڕووی خزمەتکردنی ڕەوەندی کوردستانییشەوە، بۆیە ئێمەوە وەکو ستافی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ستافێکی گەنجە توانیومانە لە دوای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەوە باشتر بکەین و هاتنی سەرۆک ماکرۆنیش بۆ هەرێمی کوردستان لە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠٢١ ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییەکان پەیوەندی زۆر بەهێزن و لە نێوان هەولێر و پاریس.

ـ لە ڕووی بازرگانییەوە پەیوەندییەکانى هەرێم لەگەڵ فەڕەنسا چۆنن؟
عەلى دۆڵەمەرى: بێگومان پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا پەیوەندییەکی باشە، بەڵام ئەگەر بێتو بەراوردی بکەین، ئەوا دەبینین کە لە ئاست خواستی ئێمەدا نییە، ئەوەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە لەوانەش دروستبوونی شەڕی داعش و ئەو مووشەکانی کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر کردییە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەکو نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارمان کردووە. لێرە دەزگایەک هەیە پێی دەڵێن دەزگای مێدیڤ کە دەزگایەکە سەرپەرشتی هەموو کۆمپانیا گەورەکانی فەڕەنسا دەکات کە لە دەرەوەی وڵات وەبەرهێنان دەکەن، پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵیان هەیە و چەندین کۆبوونەوەشمان لەگەڵیان ئەنجام داوە، وەهەروەها چەندین کۆبوونەوەی ئۆنلاینیش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و شارەوانی ئەنجام دراوە، و بەرنامەش هەبوو کە شاندێک لە دەزگای مێدیڤ سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بوارەکانی گەشتیاری و کشتوکاڵی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری کۆمپانیاکانی فەڕەنسی بەرەوپێش ببەین. کاری زۆر باش کراوە بەڵام هێشتا ماوە بکرێت. ئێمە وەک نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کورستان لە فەڕەنسا لە بەرنامەماندا بوو کۆنفڕاسێکی ئابووری ساز بکەین بۆ ئەوەی متمانە بدەین بە کۆمپانیاکانی فەڕەنسا بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان، بەو حوکمەی کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی سەقامگیرییەوە زۆر باشە و لە ڕووی وەبەرهێنانەوە دەستەی وەبەرهێنان ئاسانکاریی زۆر دەکات بۆ وەبەرهێنەران. بۆیە هیوادارین لەمساڵدا بتوانین شاندێکی ئەو دەزاگایە بێنینە هەرێمی کوردستان، هەروەها کاریش دەکەین بۆ ئەوەی بەروبوومەکانی هەرێمی کوردستان بێنین بۆ بازاڕەکانی فەرەنسا، بەڵام ئەوە کاری پێویستە و لەوانەیە بە مانگێک و دوو مانگ نەکرێت، چونکە کارێکە کە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و سەرەتاکەیەتی، بەڵام لە ئایندەدا ئەم کارە لە فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ئەنجام دەدرێت.

ـ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەڕەنسا چۆن دەتوانێت هاوکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ بێت بۆ ئەوەی بازاڕ بۆ بەربوومەکانی هەرێمی کوردستان پەیدا بکات؟
عەلى دۆڵەمەری: لێرە ساڵانە پێشەنگایەک بەڕێوە دەچێت، کە پێشانگای ساڵانەی کشتووکاڵییە و لە نێوان ٨ بۆ ١٠ ملیۆن کەس سەردانی ئەو پێشەنگایە دەکەن، بۆیە ئێمە دەتوانین ئەمساڵ بەشێک لەو پێشەنگایە وەربگرین و ئەو بەرووبوومانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوەێت بۆ دەرەوەی وڵات هەناردەی بکات پێشکەش بکات بۆ ئەوەی بتوانین بازاڕیان بۆ بدۆزینەوە. چونکە دۆزینەوەی بازاڕ لە وڵاتە ئەوروپییەکان کەمێک زەحمەتترە لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو پێیەی کە خەڵکی ئەورووپا شارەزای بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بۆیەوە ئەوە یەکێک لە کارەکانی ئێمەیە تاوەکو بتوانین بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی فەڕەنسی لەو پێشەنگایە بەشدار بین کە زۆر گرنگ دەبێت هەم بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەم بۆ ناساندنی بەربوومەکان وەکو هەنار و سێو لە رێگەی کۆمپانیا گەورەکانی وەکو کارفۆڕ کە هەزاران سۆپەرمارکێتی گەورە و بچووکی لە فەڕەنسا هەیە تا بەروبوومەکانی هەرێمی کوردستان لە بازارەکانی فەڕەنسا بفرۆشین.

ـ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت چ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە ڕەوەندی کوردستانی لە فەڕەنسا بکات؟
عەلى دۆڵەمەری: جێی دڵخۆشییە کە ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی هەیە لە فەڕەنسا، لەو شارانەی کە ژمارەی خێزانە کوردستانییەکان زۆرن، توانیومانە چەند ڕێکخراوێکی ناحکومییان بۆ دروست بکەین بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندییەکی بەردەواممان هەبێت لەگەڵیان، بەشێکمان هەیە کە بەشی خزمەتگوزارییە بۆ ڕەوەندی کوردستانی بۆ دروستکردنی بریکارنامە و بەڵێننامەکان و چەندین کاری دیکە، پەیوەندییەکی باشمان هەیە و ڕۆژانە ڕەوەندی کوردستانی سەردانمان دەکەن و ئێمەش جار جار سەردانیان دەکەین و لە هەمان کاتدا بۆنە و سیمیناریان بۆ ڕێک دەخەین. بۆیە ئێمە بە بێ جیاوازی خزمەتگوزاریمان پێشکەش بە ڕەوەندی کوردستانی کردووە. هیوادارین بتوانین باشتریش خزمەتگوزاری پێشکەش بە ڕەوەندی کوردستانی بکەین. لێرەوەش دەمەوێت سوپاسی ڕەوەندی کوردستانی بکەم کە لە فەڕەنسا هەمیشە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون، لە کاتی سازدانی مەراسیمەکان بەتایبەت لە کاتی ڕیفراندۆم و خۆپیشاندانەکان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان. دەرگای ئێمە کراوەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ڕەوەندی کوردستانی لە فەڕەنسا و ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی فەڕەنسا دەکەن و تووشی کێشە یان گرفت دەبن.


ـ لە کاتی مەراسیمەکان ئێوە چ کارێک دەکەن و چ ئاسانکارییەک دەکەن بۆ ڕەوەندی کوردستان لە فەڕەنسا؟
عەلى دۆڵەمەری: ئێمە لە ساڵی ٢٠٢٠، توانیمان هەفتەیەکی کولتوری لە فەڕەنسا ساز بکەین، ئەو هەفتەیە خۆی لە چەندین بۆنە و مەراسیمی جیاواز دۆزییەوە لەوانەش نەورۆز و یادی هەڵەبجە و ڕاپەڕین، بۆ ئەوانە هەموو کاری زۆر باشمان کرد، هەروەها لە بەرنامەماندایە کە بۆ نمایشکردنی جلوبەرگی کوردی کە فەڕەنسا وڵاتێکە کە زۆر گرنگی بە کلتور و ڕۆشنبیری دەدات ساز بکەین. هەروەها بۆ جەژنی نەورۆزیش دەمانەوێت ئەو جیلەی ئێستا بۆ ئەوەی شارەزا بن بە ئاداب و کەلتووری خۆیان کە زەحمەتە هەموو بچنەوە هەرێمی کوردستان، یادی نەورۆز بکەینەوە و ئێمە ئەو مەراسیمانە لە شارە جیاوازەکانی فەڕەنسا ساز دەکەین، بێجگە لەوەش چەندین کۆبوونەوە بۆ گەنجانی کوردستانی لە فەڕەنسا ساز دەکەین وەکو سازدانی سیمینار و بەشدار دەبین لە وانەی کە پڕۆژەیان هەیە و هاوکارییان دەکەین بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن. ساڵی ڕابردوو مەراسیمێکمان ساز کرد بۆ ئەوانەی کە لە بواری ئابووری سەرکەوتنیان بە دەست هێناوە.

ـ هیچ شتێکى فەرمى بۆ هاوکارى لە بوارە جیاوازەکان لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەڕەنسا هەیە؟
عەلى دۆڵەمەری: دەمەوێت باس لەوە بکەم کە لە ساڵی ٢٠١٠ یادداشتنامەیەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا واژوو کراوە لە نێوان سەرۆک بارزانی کە ئەو کات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کە چەندین خاڵی لە خۆ گرتبوو لە هەموو بوارەکان و خۆشبەختانە زۆربەی خاڵەکان جێبەجێ کراون و بڕیارە ئەو خاڵانەش کە ماون جێبەجێ بکرێن. یادداشتنامەیەک لە نێوان پاریس و هەولێر هەیە کە وەکو دەستەخوشک بۆ یارمەتیدان، چونکە پاریس شارێکی گرنگ و پایتەختێکی گرنگە لە جیهان، چەندین ڕێککەوتننامە لە نێوان زانکۆکانی فەڕەنسا و زانکۆکانی هەرێمی کورستان هەیە لە بارەی خوێندن کە لە ئێستادا چەندین قوتابیی هەرێمی کوردستان لێرە درێژە بە خوێندن دەدەن. دوو قوتابخانەی فەڕەنسی لە هەرێمی کوردستان هەیە کە خۆشبەختانە بە دەیان قوتابی ئەو دوو قوتابخانەیە درێژە بە خوێندن دەدەن، لە بواری کلتوررییەوە کاری زۆر باش کراوە و بەم دواییانەش هەردوو سەنتەری کلتوریی فەڕەنسی و ئەڵمانی بە تەمان سەنتەرێکی کلتوری لە سەر قەڵای هەولێر دابمەزرێنن.