Skip to the content

بارینی بەفر و باران و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرمی بەردەوام دەبێت

لەم هەفتەیەدا شەپۆلێكی بەفر و باران و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینییش دەكرێت، لە ٤٨ كاتژمێری داهاتوودا بەردەوامی هەبێت.

لە ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣، ئاسمانی هەرێمی كوردستان هەور و باراناوی دەبێت، لە کاتەکانی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییەکاندا چڕ دەبێتەوە و  ڕێژەی دابارین زیاد دەبێ؛ بەتایبەت لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم (قەڵادزێ و کۆیە و تەقتەق و شوان) .

پلەکانی گەرما  لە ناوچە شاخاوییەکان نزم دەبنەوە و لە ناوچە نیمچە شاخاوییەکان و ناوچە نیمچە بەرزەکانیش بە ڕێژەیەكی كەمتر نزم دەبنەوە.

خێرایى با بە ئاستی مامناوەندی لە ١٠-٢٠ کم لە كاتژمێرێكدا دەبێت و لە ناوچەکانی باشووری هەرێم کەمێک خێراتر دەبێت، هەروەها مەوداى بینین لەنێوان ٦-٨ کم  دەبێت  .

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣، تەواوی ڕۆژەكە ئاسمان هەور و باراناوی دەبێت و بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکاندا بەردەوام دەبێت. لە کاتەکانی دوایی نیوەڕۆوە دابارین لە هەندێ ناوچەی باشووری هەرێم لە نمەبارانەوە بۆ شەستەباران و بروسکە دەگۆڕێت و لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری شاری  سلێمانی ڕێژەی دابارین زیاتر دەبێت .

پلەکانی گەرما نزمبوونەوەیەکی کەم بە ١-٢ پلە جیاواز لە ڕۆژی پێشوو دەبێت.

خێرایى با لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم ١٠-٢٠ کم دەبێت.

مەوداى بینین لەنێوان ٦-٨ کم  دەبێت  و لەو شوێنانەی دابارین هەیە، بۆ ٥-٧ کم كەم دەبێتەوە .

پێشبینیی بەرزترین پلەکانی گەرما لە ٤٨ كاتژمێری داهاتوودا:

هەولێر    :  ١٠ پلەى سیلیزى

سلێمانی   : ٦ پلەى سیلیزى

دهۆک     : ١٠ پلەى سیلیزى

کەرکوک  : ١٤ پلەى سیلیزى

هەڵەبجە   :  ٩ پلەى سیلیزى

زاخۆ      :  ١٠ پلەى سیلیزى

سۆران    :  ٢ پلەى سیلیزى

گەرمیان  :  ١٦  پلەى سیلیزى