Skip to the content

به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی قوتابییان و زانكۆكان، پێویستی به‌ كوالیتی و ستانداردێكی جیهانییه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- كاتێك باسی زانكۆكان و قوتابیان ده‌كرێت. پێویسته‌ هه‌ندێك بنه‌ما و پێوه‌ری جیهانی له‌به‌رچاو بگیرێت كه‌ هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كان، چونكه‌ ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ده‌رچووی زانكۆكان هه‌ن، بۆیه‌ هه‌م قسه‌ له‌ ئاستی قوتابیان و هه‌میش له‌سه‌ر كوالیتیی پڕۆگرامه‌كان ده‌كرێت، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ پڕۆفیسۆر كایس شاڕپ، سەرۆكی زانكۆی كوردستان ئه‌نجام داوه‌ ورده‌كاریی ئه‌م بابه‌ته‌ی خسته‌ڕوو.

جیاوازیی كوالیتیی ده‌رفه‌ته‌كانی فێربوون و ستاندارده‌ ئه‌كادیمییه‌كان چین؟
كایس شاڕپ: یەکەم شت کە پێویستە لەسەر ئەوە بگوترێ، ئەوەیە جیاوازیی بنەڕەتی لەنێوان کوالیتیی دەرفەتەکانی فێربوون کە زانکۆ یان سیستەمی خوێندنی باڵا دابینی دەکات لەگەڵ ئەو ستانداردە ئەکادیمییەی کە بەدەستی دەهێنن. زۆرجار کە باسی كوالیتی و ستاندارد دەکەن، ئەو دوو شتە تێکەڵ دەکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا جیاوازن. ستانداردەکان ئاماژەن بۆ ئاستەکانی دەستکەوت. وەك ئەوەی قوتابی دەتوانێت چی بکات، چی لە مەزەندەیدا هەیە؟ قوتابی چی فێردەبێت تا ئەو کاتەی دەردەچێت؟ چۆن بزانین ئەو ئاستەی بەدەستیان هێناوە بەراورد دەکرێت بە دامەزراوە هاوشێوەکان لە ئاستی جیهانیدا؟ بەڵام کوالیتیی دەرفەتی فێربوون پەسەندترە لەو ئەزموونەی کە خوێندکاران هەیانە، بۆیە بە تەواوەتی دەکرێت ئەزموونێکی فێربوونی کوالیتیی زۆر بەرزت هەبێت، بەڵام ستانداردێکی ئەکادیمی زۆر نزم. کەواتە، پێموایە یەکەم پرسیار کە هەر سیستەمێکی خوێندن دەبێت وەڵامی بداتەوە ئەوەیە "چۆن گەرەنتی ستانداردی ئەکادیمی لە نێو ئەو دامەزراوانەدا دەکرێت کە سیستەمێکی خوێندنی باوەڕپێکراو بەرپرسیارە لێیان؟". پرسیارێکی لاوەکیش ئەوەیە کە "ئەو دامەزراوانە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی کوالیتیی دەرفەتەکانی فێربوون دەکەن؟"، بە شێوەیەکی ئاسایی مرۆڤ تەنیا لە ڕێگە دەرەکییەکانەوە دەتوانێت ستانداردە ئەکادیمییەکان بەدەستبهێنێت. مەبەستمان مانای دەرەکیی ناوخۆیی نییە، بەڵکو مانای دەرەکیی جیهانییە. کەواتە، کاتێک بەرنامەکان پەسەنددەکرێن، ئێمە پسپۆڕانی دەرەکیمان هەیە لە زانکۆ پێشەنگەکانی جیهان کە سەرنجیان لەسەر دەرئەنجامە مەبەستدارەکانی فێربوون هەیە، ئێمە تاقیکەرەوەی دەرەکیمان هەیە کە دڵنیا دەبین لەوەی کە هەڵسەنگاندنەکان لەگەڵ دەرئەنجامەکانی فێربووندا دەگونجێت و پڕۆسەکانمان بۆ هەڵسەنگاندنەکان دادپەروەرانەن و بەراورد دەکرێن بە زانکۆکانی تر لەسەر ئاستی جیهانیدا. کەواتە پێموایە هەر سیستەمێکی خوێندنی باوەڕپێکراو دەبێت گرنگی بەم دوو شتە بدات.

چۆن قوتابیان ئاماده‌ بكرێن تا له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌ ئابوورییه‌كان رابێن؟
كایس شاڕپ: من تەنها دەتوانم بۆ ئەم زانکۆیە قسە بکەم و بڵێم ئامانجی سەرەکیی ئەم زانکۆیە دڵنیابوونە لەوەی کە دەستکەوتەکانی قوتابییەكان داهاتوویان بۆ دابین دەکات. هەموو هەوڵەکان بۆ بەڕێوەبردنی ستانداردە ئەکادیمییەکان و کوالیتی دەبێت و پێموایە ئەو پڕۆسە و سیستەمانەی کە پەرەمان پێداوە، بە دڵنیاییەوە ئەو ئامانجە دەپێکێت. کەس ناتوانێت داهاتوو ببینێت. بەڵام دەتوانین هەندێک گریمانە سەبارەت بە داهاتوو بکەین. دەتوانین بڵێین دەزانین زۆرینەی ڕەهای دەرچووانمان پێش خانەنشین بوون چەندین جار پیشەکەیان دەگۆڕن. دەزانین ئەو زانیاریانەی لە کاتی خوێندن وەریدەگرن ڕەنگە خێراتر لە هەر کاتێکی تر لەبیری بکەن، بۆیە دەبێت قوتابییەكان ئامادە بکەین بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی نوێ، کارامەیی نوێ، بۆ ئەوەی بە خێرایی و کاریگەرانە بتوانن لەگەڵ گۆڕانی ئابووری هەڵبکەن. بۆیە، پێموایە کە لەگەڵ پێشکەوتنی کاتدا، ئێمە دەبێت هەوڵی زیاتر و زیاتر بدەین بۆ ئامادەکردنی قوتابییەكان بەو کارامەییانەی کە لەگەڵ ئەو ئاستەدا بگونجێن. ئێمە هەموو هەوڵێک بۆ ئەو کارە دەدەین، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شتەکان، هەموو زانکۆکان کاتێکی زیاتر و هەوڵی زیاتر بۆ ئەم بابەتە دەدەن.
ئێمە دەبێت دیسانەوە جیاوازی بکەین لەنێوان ستانداردە ئەکادیمییەکان و کوالیتی، ئێمە کوالیتی ‌هەڵدەسەنگێنین بە سەیرکردنی ئەزموونی قوتابییەكانمان. داوا لە قوتابییەكانمان دەکەین ‌ڕای خۆیان بدەن لەسەر ژینگەکەیان بڵێن، یەکەم، لە ڕووی ستانداردەکانەوە کە ئاستی دەستکەوتی قوتابیەكانمانە دەتوانین ئاستەکانی دەستکەوتیان لەلایەن پسپۆڕانی سەربەخۆی زانکۆکانی ترەوە پشتڕاست بکرێنەوە. دووەم، دەبێت سەیری ئەزموونی دامەزراندنی دەرچووانمان بکەین، دوای شەش مانگ لە دەرچوونیان چی دەکەن؟ دوای دوو ساڵ لە دەرچوونیان چی دەکەن؟ دوای پێنج ساڵ لە دەرچوونیان چی دەکەن؟ کەواتە، پێویستە سەیری ئەوە بکەین نەک تەنیا ئایا دامەزراون بەڵکو ئایا بەهۆی ئەنجامدانی چییەوە دامەزراون؟ دوای تەواوکردنی خوێندن ڕێڕەوی پیشەکەیان چییە؟ وە ئەزموونی ئەو قوتابیانە چین کە دەرچووانمان دادەمەزرێنن؟ کەواتە، لە زۆر ڕووەوە ئەوە یەکێکە لە گرنگترین پرسیارەکان. وە یەکێک لە پرسیارە گرنگەکان بە شێوەیەکی گشتی ئەوەیە کە ئەو کەسانەی قوتابییەكانمانیان دامەزراندووە ڕایان چییە لەسەریان؟ وە چی وایان لێدەکات لە بەرامبەر دەرچووانی تری زانکۆکانی تر جیاواز بن؟ بە شێوەیەکی ئەرێنی یان نەرێنی، و پێموایە ئەوە سەرچاوەیەکی زانیاریی زۆر گرنگە بۆ هەموو زانکۆکان.

پێوانەکردنی نێودەوڵەتی بۆ زانکۆکان چ گرنگییه‌كی هه‌یه‌؟
كایس شاڕپ: پێوانەکردنی نێودەوڵەتی بۆ هەموو زانکۆکانی هەموو وڵاتان بە تەواوی گرنگە. تەنانەت لەو وڵاتانەی کە سیستەمێکی خوێندنی زۆر باڵا و دامەزراویان هەیە. پێوانەکردنی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو ستانداردانەی کە زانکۆکان بەدەستی دەهێنن و بەردەوامن لە بەدەستهێنانی بۆ باشترکردنی ستانداردەکانیان. کەواتە، ئێمە تایبەت نین لە داواکردنی ئەوە، بەڵکوو بەشێکی گرنگی هەر سیستەمێکی خوێندنی باڵایە. بودجەی نێودەوڵەتی، پارەدان بە باشی هەمیشە خۆشە بەڵام سیستەمی پەروەردە و سیستەمی خوێندنی باڵا پێویستی بە بەردەوامی هەیە و هەموو وڵاتێکی جیهان لەگەڵ بەردەوامیی خوێندنی باڵادا ململانێ دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت هاوسەنگیس نێوان زانکۆی تایبەت و گشتی دەبێت چۆن بێت؟ ڕۆڵی پیشەسازی، ڕۆڵی خێرخوازی لە پشتگیریکردنی خوێندنی باڵادا دەبێت چی بێت؟ بەڵام پێموایە دەبێت بگەڕێمەوە بۆ ئەوەی بڵێم پێوەرکردنی نێودەوڵەتی دڵنیابوونە لەوەی کە زانکۆکانمان لێرە دەرچووانی ستانداردی نێودەوڵەتی بەرهەمدەهێنن. بە واتایەکی تر ئەو دەرچووانەی کە دەتوانرێت لە هەر شوێنێک دابمەزرێن بەنرخ بن بۆ خاوەنکارەکان لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، ئەمە دەبێت ئامانجی سیستەمی خوێندنی باڵامان بێت جا گشتی بێت یان تایبەت.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣