Skip to the content

بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانی كوردستان ٤٧ گرێبەست مۆر كراون

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواریی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢، بۆ پەرەپێدانی سێكتەری شوێنەواری و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی کوردستان، ٤٧ گرێبەستی لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە بیانییەكانی تایبەت بە بواری شوێنەوار واژوو کردووە و ئەوەش زۆرترین گرێبەستی شوێنەواریین كە لە ماوەی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا مۆر كراون؛ پڕۆژەكەش دەیان شوێنەوار لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

٣٣ گرێبەست، گرێبەستی نوێن و ١٤ی دیکە نوێکردنەوەی گرێبەستن؛ كە لە میانیاندا پڕۆسەكانی هەڵکۆڵین و ڕووپێویكردن و چاککردنەوە و پاراستنی ئەو شوێنەوارانە جێبەجێ دەكرێن.

بەپێی دوا ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار، بە گشتی ١١٤ پڕۆژەی شوێنەواری لە  لیستی پرۆژەکانی هەڵکۆڵین و ڕووپێوی و چاککردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواردان و لەو چوارچێوەیەشدا ٩٥ پڕۆژەی شوێنەواری لە لیستی پڕۆژەکانی هەڵکۆڵینی ساڵی ٢٠٢٢دان و لەلایەن زانکۆ و تیمە نێودەوڵەتییەکانی شوێنەوارەوە هەڵکۆڵینیان بۆ دەکرێت، كە زۆربەیان لە هەولێر و سلێمانین.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێم، ڕۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بە هاوکاریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی و بەشداریی ژمارەیەك لە شوێنەوارناسانی کوردستان و پەیمانگە و زانکۆکانی ئەورووپا، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەی شوێنەوار و كەلەپوور لە هەزارەی دووەم لە باشووری کوردستان ڕێکخست. ئەوەش بە ئامانجی پێشخستنی بواری شوێنەواری و بەكارهێنانی ئەو بوارە وەكوو كایەیەكی فەرهەنگی و كەرتێكی بەشدار لە گەشتوگوزاردا.