Skip to the content

جگە لە هەنار، حکومەتی هەرێم ئامادەکاری بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی سێو و ترێ و هەنگوین دەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- هەرێمی کوردستان لە قۆناغی هاوردەکارییەوە بەرەو قۆناغی هەناردەکاری هەنگاو دەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش کەڵک لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان وەردەگیرێن. لە ئێستادا هەناردەکردنی هەنار بۆ وڵاتانی کەنداو بەردەوامە و کردنەوەی ڕێڕەوی هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کوردستانیش بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، لە پاڵپشتیکردنی بەرهەمی خۆماڵیدا هەنگاوێكی گرنگە.
جەلیل ساڵحی، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند:"هه‌نارده‌كردنی هه‌نار به‌ ده‌ستپێشخه‌ری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بووه‌ و تیمی سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌ كاره‌كه‌ هه‌ستاون، له‌ ئێستادا كه‌رتی دووه‌می كاره‌كه‌مان ته‌واوكردووه‌، له ‌كه‌رتی سێیه‌م و كۆتایین، كه‌ كۆتا قۆناغه‌ له‌ هه‌نارده‌كردنی هه‌نار و توانیومانه‌ بچینه‌ نێو بازاڕه‌كانی ئیمارات و له‌ هایپه‌رماركێته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ناری كوردستان ده‌ست ده‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها له‌ وڵاتانی به‌حرێن و سعوودیه‌ش هه‌یه‌، له‌ كۆتا قۆناغدا پێشبینی ده‌كه‌ین بچینه‌ وڵاتی قه‌ته‌ریشه‌وه‌. له‌ ئێستادا به‌ سه‌دان تۆن هەنار هه‌نارده‌ كراوه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ كردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وی هه‌نارده‌كه‌یه‌ كه‌ وایكردووه‌ چه‌ندین جووتیار په‌یوه‌ندی به‌ ئێمەوە‌ بكەن و هه‌ندێكیشیان خۆیان سه‌ردانی ئیماراتیان كردووه‌ به‌و نیازه‌ی به‌روبوومی خۆیان ببه‌نه‌ وڵاتانی كه‌نداو."
جەلیل ساڵحی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:"ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌ی لەنێوان كوردستان و ئیمارات هەبووە، بووه‌ته‌ بنەمایەك بۆ په‌یوه‌ندیی ئابووری و هه‌نارده‌كردن، ئه‌مه‌ش ئاسانكارییه‌كی زۆری كردووه‌."
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار جەختیشی كردەوە كە نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوكاریی هه‌ر كه‌سێك ده‌كات كه‌ نیازی هه‌نارده‌كردنی به‌رووبوومی كشتوكاڵی بۆ وڵاتانی كه‌نداو هەیە.
هەروەها لەبارەی به‌شی دووه‌می پڕۆژەكەشەوە جەلیل ساڵحی گوتی:"به‌شی دووه‌می كاره‌كانمان كه‌ ستراتیژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، بریتییە له‌ دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆ به‌بازاڕكردنی به‌رهه‌می كشتوكاڵی كە له‌ داهاتوویە‌كی نزیكدا ئه‌م دامه‌زراوه‌ داده‌مه‌زرێت و له‌ ماوه‌ی ساڵێك بۆ دووساڵ ئاماده‌ ده‌كرێت، تا به‌ده‌ر له‌ هه‌نارده‌كردنی هه‌نار، بتوانین بەروبوومی كشتوكاڵی تری كوردستان بۆ وڵاتانی كەنداو هەناردە بكەین، بەهەمان شێوە بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزانەی سەرۆكوەزیران بناغەیەكی بەهێزی بۆ درووستكردووە، دەتوانین كاری تەكنیكی و هەناردەكردن لەگەڵ وڵاتی بەریتانیا دەستپێبكەین، بۆ ئەوەی بەدەر لە وڵاتانی كەنداو، هەناردە بۆ وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و بەریتانیاش بكەین."
جگە لە هەنار، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی سێو، ترێ و هەنگوین. هەروەها پلانی پاڵپشتیکردنی جووتیاران و زەمینە خۆشکردن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە فراوانتر دەکرێت. لە قۆناغی داهاتووشدا جگە لە بازاڕەکانی ئیمارات، هەناری کوردستان بۆ بازاڕەکانی سعودیە و بەحرێن و وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا هەناردە دەکرێن.
لەبارەی كرانەوەی دەرگای بازاڕی وڵاتان بەڕووی بەرهەمەكانی كوردستان و نیاز و پلانی حكومەت و چۆنیەتیی فراوانكردنی ئەو بازاڕە لە وڵاتاندا، جەلیل ساڵحی، ئاماژەی بەوەكرد:"ئێستا توێژینەوە بۆ ئەوە دەكەین كە لەمساڵدا بەدەر لەهەنار، سێ بەرهەمی تر لە داهاتوویەكی نزیكدا، كە وەرز و كاتی لێكردنەوەی بەروبوومەكانیان دێت هەناردە بكەین. لەگەڵ ئەوەی توێژینەوەكان لە ئێستادا توێژینەوەی سەرەتایین و كۆتا ئەنجام نین، بەڵام ترێ، هەنگوین و سێو بەگشتی خواستیان لەسەرە، بە تایبەتی سێوی ناوچەی بەروار. بەڵام وەك باسمانكرد ئەمە سەرەتاییە و تا دەستپێكی چنینەوەی بەروبوومی كشتوكاڵی لە كوردستان و پێش دەستپێكردنی وەرزەكەی، دیاریدەكەین كە چۆن كڕیار و خواستمان بۆی دۆزیوەتەوە، چ لە وڵاتانی كەنداو یان وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا بێت، كە ئێمە ئێستا كاری لەسەر دەكەین."
لەبارەی چۆنیەتیی پێشوازیكردن و بوونی خواست لەسەر هەنار لەدەرەوەی كوردستان، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی:"بەر لە هەناردە کردنی هەناری كوردستان بۆ وڵاتی ئیمارات و وڵاتانی كەنداو، توێژینەوەمان كرد، تا بزانین ئەو هەنارەی ئێمە هەمانە بەپێی ئەو خەسڵەتانەی كە هەیەتی، كە لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر یان كیشوەرێك بۆ كیشوەرێكی تر جیاوازە و تایبەتمەندی و خەسڵەتی خۆی هەیە، لە ئەنجامدا ئەو توێژینەوەیەی كردمان و بە پێی دانیشتووانی وڵاتانی كەنداو، كە تاچەند خواستیان لەسەر هەناری كوردستان هەبێت، بۆمان دەركەوت كە هەناری ئێمە كێبڕكێی هەناری وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا دەكات و خەسڵەتەكانی نزیكن لە هی ئەوانەوە، هەروەك هەناری ئیسپانی كە لە وڵاتانی كەنداو خواستی لەسەرە، بەو پێیە بۆمان ڕوونبووەوە كە خواستێكی بۆ درووستدەبێت و خۆشبەختانە ئەو توێژینەوەی كردمان دەرئەنجامەكەی بەرجەستە بوو."
لەبارەی مەبەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاندانی جووتیاران و پەرەپێدان و فراوانكردنی كارەكانیان، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەناردەکردنی هەنار لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا:"بەشێكی گرنگی ئەجێندای كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەهەمەچەشنكردنی داهاتی هەرێمەكەیە و جەنابی سەرۆكوەزیران و تیمەكەی لە نوسینگەی سەرۆكوەزیران، زۆر بە گڕوتینەوە خەمخۆری جوتیارانی خۆمانە، و ئەم هەوڵەی ئێستا داومانە گەواهیدەری ئەوەیە كە یارمەتیدەری جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەبین و بەبەردەوام هەوڵدەدەین بۆ بە بازاڕكردنی ئەو بەروبوومانەی هەیانە و ئەو ئەزموونە نەخوازراوانەی پێشتر هەیانبووە، دووبارە نەبێتەوە و ئەزموونێكی زۆر باشتریان بۆ درووست بكەین لە داهاتوودا. و دەرگای هەناردەكردنی بەروبوومەكانیان بەرەو وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەت وڵاتانی كەنداو و یەكێتیی ئەوروپا بە ڕوویاندا بكەینەوە."
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە سێکتەری کشتوکاڵی، کار بۆ دۆزینەوەی بازاڕی جیاواز بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکات و لە پاڵپشتیکردنی جووتیارانیش بەردەوام دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣