Skip to the content

دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوە پەروەردەییەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە پێی واقیعی هەرێمی کوردستان و پێداویستییەکانی دەبێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- یەکێك لە دەستکەوتە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم، دامەزراندنی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوە پەروەردەییەکانی هەرێمی کوردستانە کە لە ئاست پڕۆسەی خوێندنی باڵا ڕۆڵێکی سەرەکی بۆ پێشخستنی پرۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی ئەکادیمی و خوڵقاندنی کەشێکی زانستی لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەگێڕێت.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. كامەران یونس محەممەد ئەمین، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین، لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ پێگەی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەو ستاندەرانەی دەستەی متمانەبەخشین دایدەنێت، پێمان باشە لۆكاڵی و سەربەخۆ بن و سەر بە هیچ دەزگایەکی حکوومی نەبن و كەسانی ئەكادیمی و مامۆستای خانەنشین بن و سەر بە هیچ زانكۆیەكیش نەبن."

سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین داوا دەکات متمانەبەخشین بۆ کۆلێژەکان و بەشەکانیان شۆڕبکرێتەوە و هەر بەشێكیش دەبێت ستانداردی خۆی هەبێت.
"پڕۆسەکە لە هێڵی گشتی بۆ ستاندەر و پڕۆگرامەكانی متمانەبەخشین پێکدێت و متمانەبەخشین بە هەموو زانكۆكان و كۆی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم شتێكی گرنگە، بۆ ئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پێداویستییەکانی بگونجێت."

لەبارەی کوالیتیی پڕۆگرامەکانی خوێندن و ئاست و چاوەڕوانییەکانی نەوەی نوێ، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین پێیوایە "تەنیا کاتێک دەتوانین بڵێین پێداویستییەكانی خوێندنی باڵا لە ئاست نەوەی نوێدایە کە ژێرخانێكی باش لە بینا و هۆڵی خوێندن و تاقیگەکان و كێڵگەكان هەبێت. ئێمە لە زانكۆی سەڵاحەدین كۆمەڵگەی زانكۆییمان نییە، بەڵام 2500 مامۆستای شارەزا و بەئەزموونمان هەیە. پێوەرەكانی هەڵسەنگاندنی پەروەردەیی پێویستە تایبەت بێت بە کوردستان و نابێت لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەی بکەین، بۆنموونە ئەوەی پۆلۆنیا کە لە كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی سەلاحەدین کرا، دوای تێپەڕبوونی 5 ساڵ لە ئاست ویستی ئێمەدا نییە، چونكە هەر پڕۆسەیەك بێنین پێویستە لەگەڵ واقیعی كۆلێژەكان و پڕۆگرامەكان و تاكەكانی خۆمان و هۆڵەكانی خۆمان بگونجێن و نابێت كۆپی بكەین.

سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردەیی لە زانکۆ باس لە تەرخانکردنی 70% لە داهاتی زانکۆکانی بۆ خودی زانکۆکان دەکات و دەڵێت لەم داهاتە دەست كراوەن و دەتوانن زۆر شت بكەن؛ هەرچەندە بەهۆی ئەو بارودۆخەی پێشتر بەسەر كوردستاندا هاتووە، هەندێ كەموكورتی هەیە، بەڵام ئەمساڵ بەتەواوی داهاتەكە دەگەڕێتەوە، بۆیە زانكۆكان دەتوانن بۆ پێشخستنی پڕۆسەی خوێندن پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن.