Skip to the content

دەستەی متمانە بەخشین؛ دەستەیەك بۆ باشتركردنی كوالیتیی خوێندن و بەدیهێنانی متمانەی زیاتر

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە گرنگی بە دۆخی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەدات، یەكێك لە گرنگترین كارەكانی لەم دوو كەرتەدا، دامەزراندنی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان و دەركردنی یاساییەكی تایبەت بەو دەستەیە بووە.
دەستەی متمانەبەخشین دەستەیەكی دڵنیاكەرەوەی زانستیی متمانەبەخشە بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، بۆ پاڵپشتی و هاوكاریی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا توێژینەوەی زانستی و دامەزراوە پەروەردەییەكان، بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە كوالیتیی پەروەردە و خوێندنی باڵا.

د.هونەر عیسا، سكرتێری دەستەی ئەمینداران لە زانكۆی ئەمریكیی كوردستانی لە دهۆك، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، وردەكاری و چۆنییەتیی پێكهاتنی ئەو دەستەیە دەخاتە ڕوو و باس لە گرنگی و ئەركەكانی دەكات.

دەربارەی پێكهاتنی ئەو دەستەیە و هۆكاری دروستبوونی، د.هونەر دەڵێ "لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠، هەوڵی زۆر دراوە بۆ ئەوەی ڕیفۆرمەك لە خوێندن و پەروەردەدا بكرێت، سەرەتا ئەو هەوڵانە لە ڕێی وەزارەتی پەروەردەوە بووە، هەندێك ڕێكخراوی ناحكومیی نێودەوڵەتی ئیشیان لەسەر ئەو بابەتە كردووە. لە دواییدا وەزارەتی خوێندنی باڵا دامەزرێنرا، لە ڕێگەی ئەو داتایانەی كۆكرانەوە، سەرۆكی حكومەت بڕیاری دا بە دامەزراندنی دەستەی متمانە بەخشین بۆ ناوەندەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا. كاری ئەو دەستەیەش دانانی پێوەرە بە شێوازێكی سیستماتیك و ئەنجامەكانی هەڵسەنگاندنەكەش بۆ باشتركردنی بەردەوام بەكاردێت."
"كاری سەرەكیی ئەو دەستەیە چاككردنی كولتووری شەفافییەت و چاككردنی كولتووری هەڵسەنگاندنە. بۆ ئەم مەبەستە ئەو دەستەیە لەلایەن حكومەتی هەرێم پێشنیار كرا بۆ پەرلەمان، تا ببێتە پڕۆژەیاسا. پەرلەمانی كوردستانیش مانگی 6ی ڕابردوو پەسەندی كرد. بۆ ئەوەی دەست بە كار بكات. ئەم دەستەیە لە ماوەی داهاتوودا دەست بە ئیشی خۆی دەكات؛ دەستەكە پێكدێت لە بۆردێك و چەندین ئەندام سەرپەرشتیی هەردوو كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەكەن و بە شێوەیەكی ستاندارد دێنە هەڵسەنگاندن."

"یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم دەستەیە هەڵسەنگاندنی پڕۆگرام و كوالیتیی پەروەردەییە لە خوێندنی باڵا بە ڕووئیا و تێگەیشتنی سكرتێری دەستەی ئەمینداران، ئامانجی سەرەكی بۆ باشتركردنی كوالیتیی خوێندن، دامەزراندن و چاككردنی ئامانجی خوێندنە بۆ هەموو قۆناغەكان، لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا دەگاتە قۆناغی خوێندنی باڵا، هەروەها دروستكردنی كولتووری بەرەو باشتربوونی بەردەوام و كولتووری هەڵسەنگاندن لە ئامانجی خوێندندا."
"ئێستا كێشەیەكی دیارمان هەیە لە بواری پەروەردە، ئەویش ئەوەیە قوتابی هەڵناسەنگێنرێن. چ قوتابی دایەنگە بێت یان سەرەتایی (بۆنموونە كاتێك یەكێك لە هەر ناوەندێكی خوێندن دەردەچێت لەگەڵ بازاڕی كارناگونجێن، لەبەر ئەو مەبەستەش ئەو دەستە كاردەكات بۆ چاككردنی ئەو ئامانجە بۆ ئەوەی بتوانرێ ببن بەوەی كە بازاڕی كار پێویستی پێیەتی) بۆیە قوتابی لەسەر ئەو بنەمایە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت، نەك تەنیا هەڵسەنگاندی نمرەی بەدەستهاتوو لە وانەكان."
"لە قۆناغی سەرەتایی هەتا قۆناغی دواناوەندییش پێویستە ڕیفۆرمی (كوری كلام) هەبن. تەنیا بۆ ئەوە نەبێ كە قوتابی ساڵێك دەربچێت بۆ قۆناغێكی تری خوێندن، چونكە لەگەڵ پێداویستیی سەدەی 21 ناگونجێ. هەربۆیە ئەو دەستەی متمانە بەخشینە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دانانی ئامانجی خوێندن. كاتێك ئامانجەكە هەڵدەسەنگێنرێت، ئەو كاتە دیاردەبێت چۆن لە بازاڕی كار بەكاردەخرێن، بۆئەوەی لەگەڵ پێداویستیی سەردەم بگونجێت."

دەربارەی پڕۆگرامەكانی خوێندنی باڵا و كوالیتییان، د.هونەر گوتی "نمرەی خوێندن بۆ هەموو قوتابخانە و زانینگەكان دیار بن، هەر قوتابخانە و زانینگەیەك ستراتیژ و پلانەكی تایبەتی هەبێ بۆ ئەوەی لەگەڵ نمرەی ئەوان بگونجێ یان ئەو گرنگییەی دەیدەنە قوتابیان تا چ ئاستێكە، ئایا لەگەڵ ستانداردی نێودەوڵەتی دەگونجێت یان كوالیتیی مامۆستایان لە چ ئاستێكدایە، لەگەڵ ئاستی نێودەوڵەتی دەگونجێت یان نا، هەروەها لایەنی بەڕێوەبردنی قوتابخانە و زانینگەكان لە چ ئاستێكدایە و لەسەر هەندێك پێوەر دێنە هەڵسەنگاندن، لەگەڵ لایەنی ڕوونی تا چ ڕا ددەیەكە، یان سیاسەتی گشتیی ئەوان چۆنە، هەڵسەنگاندن تەنیا هەڵسەنگاندنی ئامانجی خوێندن نییە، هەڵسەنگاندن بۆ شێوازی بەڕێوەبردنیش، ئەوانە هەموو پێوەرن بۆئەوەی لەگەڵ ستانداری هەردوو كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بگونجێت."

هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵی پێوەرەكان دەكات و دەڵێت "لە ئێستادا هەوڵی زۆر دراوە بۆ ئەوەی پێوەرەكان بە شێوەیەكی سەردەمییانە بگونجێنرێت، یەكێك لەو پێوەرانەش پێویستە توانایەكی باش هەبێت بۆ بوونی قوتابخانە و ناوەندەكانی خویندنی باڵا بۆ هەردوو كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا. لەسەر ئەو بنەمایەش پێوەرەكان ستانداردیان دیاریكردووە تا چ ئاستێكن، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پلاندانان وهەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە، تاوەكوو بتوانن پێداویستیی ماددی قوتابخانەكان و زانینگەكان ئامادە بكەن و لەگەڵ پێوەرەكان خۆیان بگونجێنن و پلان دابنێن، حكومەت زۆری هەوڵ داوە بۆئەوەی سیستمێك دابمەزرێنێت تاوەكوو ئەنجامەكانی دیاربێت و هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامەكانی بكرێت، ئەوەش شێوازێكە ئەو دەستەیە دەتوانێت ڕۆڵی خۆی تیدا بگێڕێت."

د.هونەر پێیوایە "شێوازی جێبەجێكردنی ئەو سیستمە ئاسان نییە، بۆیە پێویستی بە هاوكاریی هەموولایەك هەیە؛ بە شێوازی (پایلۆت پرۆجێكت) ئیشی لەسەر دەكرێت، واتە لە هەر پارێزگایەك چەند زانینگەیەك یان چەند قوتابخانەیەك دەستنیشان دەكرێت و ئامادە دەكرێن بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان لەگەڵ ئەو ستانداردانە بگونجێنن، لە دواییدا هەڵسەنگاندن دەكرێت تاوەكوو بزانین كێشەی ئێمە لەگەڵ ئەو پایلۆتانە چین و چۆن دەتوانین لەگەڵ ناوەندەكانی تری خوێندن یان قوتابخانەكانی تر ئەو پێوەرانە جێبەجێبكەین و كیشەكان چارەسەر بكەین."

بۆ هەڵسەنگێنەرەكانیش پێویستە ڕاهێنان بە كەسانی بەتوانا و گونجاو بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە و لەگەڵ هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی كاربكەن بۆ ئەوەی ببن بە هەڵسەنگێنەری باش لە ناوەندەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵادا."

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣