Skip to the content

سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بەخۆڕایین

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی و دروستکردنی نەخۆشخانەی مۆدێرن بەمەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ نەخۆشان و هاووڵاتییان، یەکێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر، یەکێکی ترە لەو نەخۆشخانانەی حکومەت، کە سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەخۆرایین و تایبەتە بە هێزەکانی پێشمەرگە و کەسی یەکەمیان، هەروەها کەسوکاری شەهیدان، ساڵی ٢٠١٩ بە هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە دروستکردنی کرا و لە یەکی ئاداری ٢٠٢١ دەستبەکاربوو، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.

د. دانا ئەحمەد، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:''ئەو نەخۆشانەی سەردانیمان دەکەن، هەموو خزمەتگوزارییەکانیان بەخۆڕایی پێشکەش دەکرێت و هیچ بڕە پرەیەک بەرامبەر بە پێدانی خزمەتگوزاریی تەندروستی وەرناگیرێت بە نەشتەرگەرییشەوە، هەمووی بێ بەرامبەرە".

لەو نەخۆشخانە ٣٠ قەرەوێڵەییەدا ڕۆژانە پێشوازیی لە ٦٠ نەخۆش دەکرێت و لەلایەن ١٧٠ کارمەندەوە بەبەردەوامی خزمەتگوزاریی تەندروستی خۆڕاییان پێشکەش دەکرێت. بەرێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت: "لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە پشتگیریی دەکرێت و پلانیشمان هەیە لە ئایندە زۆر فراوانتری بکەین".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لەبارەی بەشەکانی نەخۆشخانەوە گوتی:"لە بەشی هەناو، شکان، دەمار، ددان، تیشک، سۆنار، فریاکەوتنی خێرا و چاودێری چڕ پیکدێت، تەنانەت نەشتەرگەرییشی تێدا ئەنجامدەدرێت".

نەخۆشخانەی پێشمەرگە، یەکەمین نەخۆشخانە بوو لە تەواوی عێراق کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، تایبەتکرابوو بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا، دوای کەمبوونەوەی کاریگەریی پەتاکە و باشتربوونی دۆخی تووشبووان، نەخۆشخانەکە تایبەت کرا بە هێزەکانی پێشمەرگە، کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و خزمەتگوزاریی تەندروستی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣