Skip to the content

کامێرای خاڵ بە خاڵ رووداوەكانی هاتووچۆ كەم دەکاتەوە

 
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێكارەكانی پاراستن و سەلامەتی ھاووڵاتیانی بۆ  بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی ئارام و سەلامەت و تەندروست لەبەرچاو گرتووە. لەو چوارچێوەیەدا هەر هەنگاوێك پێویست بێت دەیگرێتەبەر لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیان و جێبەجێكردنی سیستەمی كامێرای خاڵ بە خاڵ، كە سیستەمێكە شۆفێران ناچار بە سنورداركرنی تیژڕۆیی دەكات تا سەلامەت بن، لە چەند شوێنێكی هەرێمی كوردستان دەخرێنەكار.
لە چەند ناوچەیەکی هەولێر و سلێمانی ئەو سیستەمە بە زوویی دەکەوێتە کار و لە داھاتووشدا ئەو سیستەمە بە فراوانی لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێت.
دوای تەواو بوونی شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر و كردنەوەی بە ڕووی شۆفێراندا، تا ئێستا بەهۆی تیژڕۆییەوە سەدان ڕووداوی هاتووچۆ لەو شەقامە روویداوە، بۆیە ئەم شەقامەش یەكێك دەبێت لەو رێگایانەی بەم سیستەمە كۆنترۆڵ دەكرێت.
 
ئامانج لە دانانی سیستەمی خاڵ بە خاڵ
فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەولێر، لەبارەی مەبەست و ئامانجی سەرەكی لە دانانی ئەم سیستەمە بە پێگەی فەرمی حكومەتی راگەیاند:"ئامانج لە دانانی سیستەمی خاڵ بە خاڵ پێش هەرشتێك بۆ رێكخستنی هاتووچۆ و كەمكردنەوەی رووداوەكان و قوربانیدانی هاووڵاتیانە، و راهێنانی شۆفێرانی هەرێمی كوردستانە لەسەر چۆنییەتی بەكارهێنانی رێگاوبانەكان بەشێوەیەكی سەلامەت و شارستانی."
فازڵ حاجی وتیشی:"ئەو كامێرایانەی لە سیستەمی خاڵ بە خاڵدا دادەنرێن زۆر پێشكەوتوترن لە كامێراكانی پێشوتر کە بۆ كۆنترۆڵ كردنی خێرایی دانراون، كە تەنیا دەتوانن كۆنترۆڵی خێرایی شۆفێر لە خاڵێكدا بکات، ئەوەش ئەو کاتەی کە دەگەیشتە بەردەم كامێرای تۆماری خێرایی و دواتر دیارنەبوو چۆن رەفتاردەكات و تاچەند تیژڕۆیی دەكات، بەڵام ئەم سیستەمە نوێیە كە لە نەوەیەكی نوێی تەكنەلۆجیا پێكهاتووە، بەشێوەیەكە لەنێوان دوو كامێرادا دەتوانرێت ئەوە بزانین شۆفێران لەوكاتەدا لەو چەند كیلۆمەترەی تێدەپەڕێت چۆن رەفتاریان كردووە، ئایا پابەندی یاسا و رێنماییەكانی هاتووچۆ بوون یان نا."

بەرچاوڕوونی شۆفێران

شەقامەكان بە تابلۆ و رێنماییەكانی هاتوچۆ خێراییان تێدا دیاریكراوە و ئەم سیستەمی دانانی کامێرایانەش بۆ پابەند بوونی شۆفێرانە بەو ڕینماییانە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت:"لە ئێستادا بۆ ئۆتۆمبیلی ساڵۆن، تەنیا تیژڕۆییان تۆماردەكرێت، ئێمە خێرایی ھاتووچۆی رێپێدراومان لە شەقامەكاندا دیاریكردووە، بۆ نموونە لە شەقامی خێرادا زیاترین خێرایی رێپێدراو تیایدا 110 كیلۆمەترە لە كاتژمێرێكدا بۆ ئۆتۆمبیلی ساڵۆن و 80 كیلۆمەتریش رێپێدراوە بۆ ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەكان، ئەگەر شۆفێران لەم خێراییە رێپێدراوە زیاتر و خێرا تر نەڕۆن هیچ كات تووشی سزادان نابنەوە، بەڵام ئەگەر زیادەڕۆیی بکەن، ئەوكاتە بە ئەندازەی ئەو زیادەڕۆییە دەبێت سزای مادیی بدرێن."
لەبارەی چۆنیەتی كاركردنی سیستەمەكە و شێوەی تۆماركردنی خێراییەكان، فازڵ حاجی، ئاماژەی بەوەكرد، كە شۆفێران دەبێت بزانن ئەمە وەك كامێراكانی سیستەمی پێشوتر نییە و هەركە گەیشتنە كامێراكانی خاڵ بە خاڵ خێراییان كەمبكەنەوە، لەم سیستەمەدا نێوانی دووكامێرا بەگشتی ٣ هەزار و  ٦٠٠ مەترە، واتە لە شەقامێكی خێرادا كە بۆ ئۆتۆمبێلێکی ساڵۆن كە ١١٠ كیلۆمەترە واتا ١٠٠ و دەهەزار مەتر، كاتێك ئەم ژمارەیەش دابەشی دووریی نێوان دووكامێراكە دەكەیت كە ٣ هەزار و ٦٠٠ مەترە، ئەوا شۆفێر ٣٠ مەتر و خاڵێک لەومەودایە دەبڕێت لەهەر چركەیەكدا، واتە دەبێت بە دوو خولەك بیبڕێت نەك كەمتر، چوونكە ئەگەر كەمتر لەو كاتەی بۆی دیاری كراوە بگاتە كامێرای دووەم، ئەوا سیستەمەكە لێكدانەوەی بۆ دەكات و دەزانێت چەند تیژڕۆیی كردووە.

ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان
لە ئێستادا سیستەمەكە دوو جۆر سەرپێچی بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان تۆمار دەكات، یەكەمیان تیژڕۆییە لەو سنوورەی بۆی دیاریكراوە، دووەمیان شوێنی هاتووچۆی بارهەڵگرەكان لە لای راستی شەقامەكانە، ئەگەر شۆفێر چووە ناوەراست و لای چەپی شەقامەكان، كە ئەوە شكاندنی یاساكانی رێگای خێرایە، ئەوكات ئەو كامێرایە سەرپێچییەكی بۆ تۆمار دەكات، لەكاتێكشدا ئەگەر تیژڕۆش بوو ئەوا دوو سەرپێچی بۆ تۆمار دەكرێت و سەرجەمی ئەم سەرپێچیانەش بە وێنە تۆمار دەكرێت.
 
کۆنترۆڵکردنی تیژڕۆیی
لەبارەی ئەو شەقامانەی ناو شاری هەولێر كە سیستەمی كامێرای خاڵ بە خاڵیان تیادا جێگیر دەكرێت، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەكرد، كە لە ئێستا لە شەقامە خێراكان كاریان لەسەر دەكریت، لەگەڵ ئەو شەقامانەی ئەگەری هەیە شۆفێران تیژڕۆیی تێدا ئەنجام بدەن، بەهەمان شێوە ئەم سیستەمەیان تێدا جێگیر دەكرێت، تا هاتووچۆ تیایاندا رێكبخرێت و رووداوەكانی ھاتووچۆ و رێژەی قوربانیان كەمبكرێتەوە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣