Skip to the content

گەورەترین شەقامى بازرگانى زاخۆ نۆژەن دەکرێتەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیدا هەوڵى داوە هەرێمى کوردستان بە شەقامی باش و جووتساید پێکەوە ببەستێتەوە و هەر لەم پێناوەشدا زۆرترین کارى لەسەر نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی جادە و شەقامەکان کردووە.
نوێترین پڕۆژە، نۆژەنکردنەوەی شەقامێکی ستراتیژییە لە زاخۆ، کە شەقامێکى قەرەباڵغە و ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرانی ناوخۆ و دەرەوەى هەرێمى کوردستان سوودى لێ وەردەگرن و وەک شەقامێکی بازرگانی ناسراوە و تونێلی زاخۆ بە دەروازەی شارەکەوە دەبەستێتەوە.
ئاراس جەمال، ئەندازیاری پڕۆژەکە بە پێگەى فەرمی حکومەتى هەرێمى کوردستانی راگەیاند:"درێژیی ئەم شەقامە جووتسایدە، هەزار و ٢٠٠ مەترە و پانی هەر ئاڕاستەیەکیشی ١٣ مەترە. ئەمە جگە لەوەی بە درێژایی شەقامەکە ڕووناکی دادەندرێت، ناوەڕاست و دەوروبەرەکەشى دەکرێتە سەوزایی".
چینێكی خزمەتگوزاری پۆلی مەڕمەڕ بە درێژایی شەقامەكە ڕاخراوە و هەموو هێماكانی هاتووچۆ لە خۆ دەگرێت، سەرەڕای ئەوەش بۆیاخی فێرم و پلاستیك لە جۆری سێ میلیمەتر لەو شەقامەدا بە كارهاتووە کە باشترین جۆری ڕەنگ و لە ڕووى تەمەنەوە درێژماوەیە.
گوژمەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دینارە، ئێستا بەشێکی زۆری کارەکانی تەواوکراون و بەمزووانە دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٩ى كانوونی دووەمی ٢٠٢٣