Skip to the content

بەشەناوخۆییەکی نوێ بۆ قوتابییان دروست دەکرێت

پرۆژەی دروستكردنی كۆمەڵگەی بەشەناوخۆیی، کە بەشێكە لە پرۆژەی كەمپی زانكۆی سەڵاحەدین، ڕێژەى ٩٨%ی تەواو بووە و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت.
تەیب عومەر، بەڕێوەبەری ئەندازە و پڕۆژەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، لەوبارەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریى گوت: "گوژمەکەی ٢٥ ملیۆن دۆلارە و ڕووبەرەكەشی ٢٥ دۆنم زەوییە، هەروەها سوودی بۆ زیاتر لە دوو هەزار قوتابیش دەبێت".
پرۆژەکە لە چوار باڵەخانەی سێ نهۆمی، لەگەڵ باڵەخانەیەكی كافتریای سێ نهۆمی و هەشت كوشك و بنكەیەكی تەندروستی و باڵەخانەیەكی كارگێڕی و هۆڵی پێشوازی و هۆڵێكی گەورە پێك هاتووە. ڕووبەری هەر یەكێکیان ٤٠٠ مەتر چوارگۆشەیە و پاركی ئوتومبێل و ٢ گۆڕەپانی بالە و باسكەی تێدایە.
تەیب عومەر، بەڕێوەبەری ئەندازە و پڕۆژەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، دەشڵێت: "لەڕووی پاراستنی سەلامەتییەوە، سیستەمی ئاگركوژێنەوە وە زەنگدانەوەی ئاگری تێدایە و ئینتەرنێت و سیستەمی كامێرەی چاودێریی هەیە؛ هەموو باڵەخانەكان بەو سیستەمانەوە بەستراونەتەوە".
پرۆژەی دروستكردنی بەشەناوخۆییەکە، ڕێژەى ٩٨%ی تەواو بووە. ئەوەى ماویەتی، تەنیا ڕاکێشانی هێڵی کارەبایە و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت.
بەڕێوەبەری ئەندازە و پڕۆژەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، ئەوەش دەڵێت: "بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش زانكۆ زۆر سوودمەند دەبێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر فێرخواز لە خۆى دەگرێت. باڵەخانەكەش بە شێوەیەكی زۆر شارستانی دروست كراوە و پێش كەوتووە، ئەگەر بەراوردی بكەی لەگەڵ باڵەخانەكانی دەرەوەی زانكۆ، زۆر خۆشتر و دڵگیرترە، ئەمەش خزمەت بە ژینگەى خوێندن لە ناو زانكۆی سەڵاحەدین دەکات".
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات و بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتکردنی قوتابییان، دروستکردنی ئەم بەشەناوخۆییەش، یەکێکە لە هەنگاوەکانی.

فەرمانگەى میدیا و زانیارى