Skip to the content

هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا، ئاسۆى پەیوەندیی ئابوورى و کولتوورى و وەرزشی

هەرێمی کوردستان وەکو یەکەیەکی بەهێز لەناو عێراقی فیدڕاڵیدا، پەرە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی دەدات؛ بۆ ئەو مەبەستەش وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاى لە پێشینەى ئەو وڵاتانە داناوە، کە پەیوەندییان لەگەڵدا بەهێز دەکات.
هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئیسپانیادا دروست کردووە و هەردوو لاش کار بۆ بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندییە کولتووری و ئابووریى و وەرزشییانە دەکەن.

کشتوکاڵ، ڕایەڵەى ئایندەیی پەیوەندیی ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسە، ئایدن ئۆستان، کاربەڕێکەرى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕایگەیاند: "دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاوەدانكردنەوە دەکەم بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانیان بۆ ئەوروپا، هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە زۆر بواری تردا هەناردەى بۆ دەرەوەی وڵات هەبێت، بەتایبەت بۆ وڵاتی ئیسپانیا؛ ئیسپانیا خۆی لە ڕووی بەروبوومی كشتوكاڵییەوە وڵاتێكی بەهێزە، لە ئاستی ئەوروپا ئەگەر یەكەم وڵات نەبێت، لە پلەى دووەمدایە. ئێمە لە هەوڵداین و زانیاری لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە وەردەگرین، تا بزانین چۆن هەناردەى کشتوکاڵی بۆ ئیسپانیاش دەست پێ بکەین".

وەزرش و کولتوور، وەکوو نەرمەهێزی ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان
لەبارەى دروستکردنی پەیوەندیی وەرزشیی هەردوولاوە، ئۆستان گوتی: "زۆر هەوڵمان داوە گرنگییەكی تەواو بە بابەتی زانستی و كولتووری و وەرزشی بدەین، بۆیە پێم وایە لە ڕێگەی وەرزشەوە دەتوانین بۆ منداڵانی هەرێمی كوردستان سوودبەخش بین؛ لەم بوارەدا چەند دیدارێكمان لەگەڵ یانەكانی ئیسپانیا وەك ریاڵ مەردرید و بارسێلۆنا و ئەتلەتیكۆ مەدرید کردووە. ئێستا ئەتلەتیكۆ مەدرید ڕەزامەندیی داوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دەخوازێت قوتابخانە وەرزشییەكانی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە. لەم میانەیەش بڕیارە چوار قوتابخانە بکاتەوە و گرێبەستەكان بۆ سێ ساڵ بێت. حکومەتی هەرێمیش ڕەزامەندیی لەسەر ئەو بیرۆکەیە داوە. دوای سەركەوتنی ئەو پڕۆژەیە بریارە لەگەڵ یانەكانی بارسێلۆنا و ریاڵ مەدریدیش بە هەمان شێوە كار بكەین، ئەم بیرۆكەیە بۆ ئەوەیە بتوانین لەچەند ساڵی داهاتوودا خولێك لەگەڵ یانە ئەوروپییەكان بۆ منداڵانی هەرێمی كوردستان بكەینەوە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەرزشەوە پەروەردەیەكی بەهێزى منداڵانی هەرێمی کوردستان بکەین و ئاستی وەرزشی بەهێز بکەین".

شارەکانی ئیسپانیا و هەرێمی کوردستان دەبنە دەستەخوشک

"جگە لە لایەنی وەرزشی، لە ڕووى کولتوورییەوە پرۆژەیەكی ترمان دۆزینەوەی دەستەخوشكە لە نێوان شارەکانی ئیسپانیا و هەرێمی كوردستان؛ بۆنموونە (گەرنیكا) شارێكە دەكەوێتە هەرێمی باسك، هاوشێوەی هەڵەبجە بۆردومان كراوە و كەسانی زۆر تێیدا گیانیان سپاردووە، ئەمە دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ پەیوەندیی نێوان ئەم دوو شارە. بە هەمان شێوە بۆ هەولێر و سلێمانی و شارەکانی دیکەش ئەو هاوبەشییە کولتوورییە دەدۆزینەوە".
"یەكێكی دیکە لەو بەرنامانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بیکات، بواری كولتوورە، ئەوەش لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەكان لە هەر وڵاتێك، دەمانەوێت ساڵانە هەفتەی كوردیمان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین هەموو بابەتە كولتوورییەكانی كورد لە لایەنی میوزیك، شانۆ، جلوبەرگ و سینەماوە بە شێوەیەكی گشتی پێشکەش بکەین".

فەرمانگەى میدیا و زانیاری