Skip to the content

زۆریی ڕێژەی بارانبارین کاریگەری لەسەر زیادبوونی کارەبا دەبێت

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "زۆریی بارانبارین و گلدانەوەی ئاو لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی زیاتری کارەبا لە هەردوو وێستگە کارۆئاوییەکە".
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، جگە لە وێستگەکانی گاز و نەوتی ڕەش و گازوایل، پشت بە دوو وێستگەی گەورەی کارۆئاوی دەبەستێت، ئەوانیش وێستگەی دەربەندیخان و دووکانن.''
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، ئەو دوو وێستگەیە پشت بە ئاوی باراناو دەبەستن، ئەوەش بە پێی پلانێک بۆ بەردانەوەی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئاوی حکومەتی فیدراڵ دادەڕێژرێت؛ بەم شێوەیە کارەبا لەو دوو وێستگەیە بەرهەم دەهێنرێت و تێکەڵ بە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئومێد ئەحمەد ڕاشیگەیاند: ''خۆشبەختانە هەردوو بەنداو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاوێکی زۆریان گل داوەتەوە کە سەرووی ٣٠٠ مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا ڕژاوەتە بەنداوەکان و ئێستادا ئاستی بەرزیی ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان ٤٩٢.٤٣ مەترە و ڕێژەی ئاو ١٧٣ مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا. سەبارەت بە دەربەندیخانیش، بەرزیی ئاستی ئاو ٤٦٨.٨٠ مەترە و ڕێژەی گلدانەوەی ڕۆژانەی ئاو ١٧٣ مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا.''


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٨ی ئاداری ٢٠٢٣