Skip to the content

لە دوو ساڵدا کەرتی تایبەت ناچار بە دروستکردنی ٦٠٠ هەزار مەتر دووجا ڕووبەرى سەوزایی کراوە

لە پاڵ هەموو سێکتەرەکانی دیکە، کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی تایبەتی بە بابەتی ژینگە داوە. لە ماوەى کارکردنی کابینەکەشدا، لەگرنگیدان بە ئاو و هەوا و خاک، چ لەسەر ئاستی پەرەپێدانی ژینگە و چ لەسەر ئاستی ڕێگری لە زیانگەیاندن بە ژینگە، هەنگاوى گرنگ نراوە.

ڕەوشی ژینگەى هەرێمی کوردستان
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەى پاراستن و چاککردنی ژینگە بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند:"بۆ زانینی ڕەوشی ژینگە دەبێت سەیرى پێکهێنەرەکانی بکەین، ئەوانیش بریتین لە، ئاو ، خاک و هەوا. لە ڕێگەى ڕێکخراوى ((GIZ-ی ئەڵمانییەوە کە توێژینەوەى دووساڵەى لەبارەى هەوا لە دهۆک و هەولێر کرد و بۆ سلێمانی و هەڵەبجەش دەیکات، هێشتا هەرێمی کوردستان لە دۆخی سەلامەتدایە. لەبارەى ئاویشەوە، ئاوی سەرزەوی پشت بە باران دەبەستێت کە ئەمساڵ لە ئاستێکی باشدایە. ئەوەى دیکە ئاوی ژێرزەوییە، کە ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵ بە بەردەوامی لە دروستکردنی. لەبارەى خاکەوە دۆخی زۆر باشە، تەنیا ماددە قڕکەرەکان گرفتن کە لە هەوڵداین لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵدا پەینی سرووشتی بەکار بێت نەک پەینی کیمیایی".

ڕەتکردنەوەى٤٥٠ پڕۆژە
عەبدولرەحمان سدیق، دەشڵێت:''سەرۆکی حکومەت داوای لێ کردین کە بە هیچ شێوەیەک سازش لە ڕووبەری سەوزایی نەکرێت، ئەو ڕێژەى ٢٥%ـە سەوزاییەى دامانناوە، بۆ هەر شوێنێک پێویستە جێبەجێی بکات، گەر نا پڕۆژەى سەوزایی لە شوێنێکی دیکەدا وەکوو کردنی بە باخچەى شارەوانی، یان لە ناو زانکۆ و قوتابخانە یان لە ناو نەخۆشخانەکاندا پێ جێبەجێ دەکرێت. بەم شێوەیە لە کۆى دوو ساڵی ڕابردوودا، ٦٠٠ هەزار مەتر دووجا ڕووبەرى سەوزایی بە کەرتی تایبەت لە شوێنی جیاجیا دروست کراوە.''
سەبارەت بە مۆڵەتی پرۆژەکانیش سەرۆکی دەستەى پاراستن و چاککردنی ژینگە دەڵێت:'' لە چوار ساڵی ڕابردوودا مۆڵەت بە نزیکەی هەشت هەزار پڕۆژە دراوە و ٤٥٠ پڕۆژەش بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی ژینگە ڕەتکراونەوە. لە سێ ساڵی ڕابردووشدا، زیاتر لە ١٤ هەزار پڕۆژە لەلایەن دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە پشکنینیان بۆ کراوە و زیاتر لە ٥ هەزار هەڵمەتی هۆشیارییش کراوە".

دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای ئاو
عەبدولرەحمان سدیق دەڵێت:"حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەى وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ژینگە و کشتوکاڵ و شارەوانییەوە، توانی پرسی ئاو بکاتە یەک پاکێج کە یاساى ژمارە ٤ى بۆ دەر کردووە. ئەمە یاسای پاراستن و ئیدارەدانی ئاوە، کە ئەنجومەنێکی باڵای ئاو لە هەرێمی کوردستان لە ٧ى ئەیلولی ٢٠٢٢ دامەزراوە، کە تێیدا نوێنەرانی کشتوکاڵ و ژینگە و شارەوانی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتەکانی دیکە تێیدا ئەندامن و سەرپەرشتی دەکەن".

کێشەی ئۆتۆمبێلەکان
لەبارەى تۆمارنەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەى کە بەردی گزۆزیان دەرهێنراوە و وەزارەتی ناوخۆ بە مەرجی دادەنێت بەردەکانیان تێدا بێت، سدیق گوتی:''ئەو بڕیارە لە سۆنگەى بە گرنگزانینی بەرژەوەندیی گشتییەوە بوو. چونکە گەر ئەوە نەکرێت، تێچووی ژینگە و نەخۆشییەکان لەسەر حکومەت زۆر زیاتر دەبێت. بۆیە ئێمە دەڵێین هۆکارى پیشبوونی ژینگە بە پلەى سەرەکی ئۆتۆمبێلە، کە ژمارەیان ٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزارى تێپەڕاندووە؛ پێویستە هۆکارى گواستنەوەى گشتیمان هەبێت و هۆکارى گواستنەوەى تایبەتیيش ڕێک بخرێت کە نەبێتە هۆى پیسبوونی ژینگە. لەو سۆنگەوەیە کە وەزارەتی ناوخۆ بڕیارى تۆمارنەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەى لەسەر ڕاسپاردەى ژینگەیی ئێمە داوە، کە بەردی ساڵۆنسایان دەرهێنراوە.''

ڕێنماییە نوێیەکان
لەبارەى پاراستنی دارستانەکانەوە گوتی: ''تازەترین ڕێنماییمان لەوبارەیەوە دەرکردووە و بڵاو بووەتەوە، کە تێیدا سزاکان دیاری کراون، ئەوانیش بریتین لە پێبژاردن و وەرگرتنی پارە و گەڕاندنەوەى بۆ خەزێنەى حکومەت. لەو بوارەدا بەشە داراییەکەى لەلاى وەزارەتی داراییە، بۆ ئەوەى ئێمە بتوانین ئەو سزایانە بسەپێنین. ڕێنماییەکمان هەیە بە ناوى "پاراستنی ئاژەڵ و باڵندەى کێوی"، لە هەمان کاتدا دوو جۆر ڕووبەرى سەوزاییمان هەیە، ئەوەى لە سنوورى شارەوانییەکاندایە و باخ و باخچەکان دەگرێتەوە، بەڵام دارستانەکان لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی وەزارەتی کشتوکاڵە؛ دوا ڕووپێوی کە کرابێت لە ساڵی ٢٠١٥ بوو، ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین ڕووپێوێکی تازە دەستکەوێت، بۆ ئەوەى ئێمە بزانین لە ئاستی سەوزاییی ١٢.٤% ماوین یان زیادمان کردووە".


بیناسازیی ئاسۆیی
لەبارەى پێوەری جیهانیی سەوازیی لە هەرێمی کوردستان، عەبدولڕەحمان سدیق ئەوەشی گوت، ڕووبەرى سەوزایی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی جیهانییدا نییە، چونکە شارەکانی کوردستان بە شێوەى ئاسۆیی فراوان دەبن نەک ستوونی. بیناسازی و کولتوورى ئێمە ئاسۆییە و ستوونی نییە، ئەمەش وادەکات ڕووبەرى جاددە و قیر و کۆنکرێت زیاتر بێت، بۆیە شەڕی ئێمە بۆ ژینگە زۆر قورسە و جیاوازە لە وڵاتانی دیکە. بە دڵنیاییەوە ڕووبەرى سەوزاییمان لە ئاستی نێودەوڵەتییدا نییە. بەڵام بە شێوەى سەرەکی ١٢.٤% مان بۆ دارستان هەیە، وە بۆ سەوزایی نێو شار ١٩.٥%ـیە".

دەرچووانی بەشی ژینگە
سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەشڵێت:"لەسەر ئاستی ڕێکخراوى کۆمەڵی مەدەنی، بۆردی ڕێکخراوە ژینگەییەکان، لە کۆى ٦ هەزار ڕێکخراوى مۆڵەتپێدراو، ٢٢١ـیان ژینگەپارێزن، لەسەر ئاستی هەر پارێزگایەک نوێنەریان هەیە و لە داڕشتنی سیاسەتی ژینگەییی ئێمە بەشداری دەکەن. لەسەر ئاستی دەرچووانی ژینگە، توانیمان لە ١٦ى ٣ى ٢٠٢٢، ڕەزامەندییی ئەنجومەنی وەزیران بەدەست بهێنین، کە لەگەڵ هەر مۆڵەتێک بە پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت، دەبێت دەرچوویەکی ژینگە دابمەزرێنێت و مووچەکەشی بکەوێتە سەر کەرتەکە. چونکە چاودێرەکە ڕێنمایی و سەرپەرشتی ژینگەیی پڕۆژەکە دەکات. سەرەنجام تەنیا لە هەولێر، ٧٠ دەرچووی ژینگە لە ماوەى کەمتر لە ساڵێکدا هەلی کاریان لەو کەرتەدا بۆ دۆزراوەتەوە".

کۆنفرانسی "وەبەرهێنانی سەوز"
عەبدولڕەحمان سدیق دەشڵێت:"خاڵیکی دیکە ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ کەرتی تایبەت بە پێدانی ڕێنمایی و هۆشیاری، وەکوو چۆن بەهرەوەر و ساماندار دەبن لەم وڵاتە، ئەرکیشیانە خزمەتی ژینگەکەى بکەن. لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیرى قسەمان کردووە، کە ٣١ کەناڵی ئاسمانی و ١٢٦ تەلەفزیۆنی لۆکاڵی و ١٧٥ ڕادیۆی ئێف ئێم لە هەرێمدا هەن، ئەگەر هەریەک لەو سەکۆیانە بەرنامە و پڕۆگرامی ژینگەیی هەبێت، کاریگەریی زۆرى لەسەر هۆشیاریی ژینگەیی دەبێت".
"لەبارەى هەماهەنگییشەوە، خاڵی زۆر گرنگ ئەوەیە، ئێمە دوو مانگ جارێک لەگەڵ نوێنەرانی گشت وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبینەوە، بە نوێنەری هەمووان دەڵێین چالاکییەکەیان لە چ بوارێک بووە و چۆن ژینگەیان لەبەرچاو گرتووە و لە کوێشدا دژی ژینگە وەستاونەوە. ئەوە هەنگاوی ئاشتبوونەوە و هەماهەنگیی هەموو دامەزراوەکانە بۆ پاراستنی ژینگە. لە بەرنامەشماندایە کۆنفرانسی "وەبەرهێنانی سەوز" گرێ بدەین، بەو ئاراستەى چۆن وەبەرهێنان بەرەو سەوزکردن بگوازینەوە؛ واتا هەر پڕۆژەیەک کە هەیە دەبێت لە خزمەتی ژینگەدا بێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٤ی ئاداری ٢٠٢٣