Skip to the content

ماددەى ١٤٠ لە عەللاوییەوە تاکوو کازمی؛ جێبەجێنەکردن و پێشێلکاریی بەردەوامی دەستوور

مێژووی بەعەرەبکردن و دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی هاووڵاتیانى کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک و سەڵاحەدین و دیالە و واست لە سەردەمی ڕژێمی بەعس، بۆ ١٧ی تەمموزی ١٩٦٨ تا ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ دەگەڕێتەوە، کە ئێستا بەشێکن لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق.

بە هۆی پڕۆسەی بەعەرەبکردنەوە، لەڕووی ئابوورییەوە، ڕۆڵی کورد لەم ناوچانە بەتایبەتی لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە نەوت و گازی سروشتی لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی کەم کرایەوە. بۆنموونە ژمارەی کرێکارانی کورد لە کۆمپانیای نەوتی کەرکووک، بەراورد بە کرێکارانی عەرەب بە درێژاییی پڕۆسەی تەعریب، بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کرایەوە و ئەم کارەش قۆناغ بە قۆناغ کراوە.

قۆناغی گواستنەوە
ئەم قۆناغە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣، دەست پێ دەکات کە تیایدا دەسەڵاتی هاوپەیمانان و ئەنجومەنی حوکمی عێراق و یەکەم حکومەتی کاتی لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٠٤، تا ٣ی ئایاری ٢٠٠٥، بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەلاوی دەگرێتەوە کە حکومەتی ڕاگوزەر بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم جەعفەری پێک هێنرا و بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە قۆناغی گواستنەوە دەستی پێ کرد.
لەو قۆناغەدا بوو کە لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە کە بە یاسای (TAL) ناسراوە، هەردوو ماددەی (٥٣) و (٥٨) بۆ دانپێدانان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تا ڕووخانی رژێمی بەعس لە ١٩ی ئاداری ٢٠٠٣ و چارەسەری کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان جێگیر کرا و دواتر تەنیا بەندی (ا) لە ماددەی ٥٣ی یاسای (TAL) لە ماددەی ١٤٣ی دەستوور و ماددەی ٥٨یش بە هەموو بەندەکانییەوە لە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی فیدراڵ جێگیر کران.

قۆناغى حکومەتی ئەیاد عەلاوی
حکومەتی کاتیی عێراق لە ڕۆژی (٢٠٠٤/٦/١٨) بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەلاوی پێک هێنرا. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (٥٨) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک، فەرمانی دیوانی ژمارە (١٥)ی (٢٠٠٥/٢/٩)ی بۆ دامەزراندنی "دەستەی باڵای ئاساییکردنەوەی بارودۆخی پارێزگای کەرکووک" دەر کرد و بە ژمارەی (٣٩٩٥) لە ڕۆژی (٢٠٠٥/٣/٣) لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاو کرایەوە.
تیایدا بڕیار درا لیژنەیەکی باڵا بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (٥٨) پێک بهێنرێت و ئەندامەکانیشی لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبن و ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بێت و وەزارەتی دارایبی عێراقیش جیا لە بودجەی دەستەی داواکانی موڵکداریی عێراق، بوودجەیەکی سەربەخۆ و پێویست بۆ تێچوون و دابینکردنی پێویستییەکانی "دەستەی باڵای ئاساییکردنەوەی بارودۆخی پارێزگای کەرکووک" دابین بکات، بەڵام تەنیا فەرمانی پێکهێنانی لیژنەکە دەرچوو و هیچ کارێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەم ناوچانە نەکرا و لەبەر کورتیی تەمەنی کابینەی عەلاوی، سەرۆک و ئەندامانی دەستەی باڵای ئاساییکردنەوەی بارودۆخی پارێزگای کەرکووک دیاری نەکران.

قۆناغى حکومەتی ئیبراهیم جەعفەری
حکومەتی ڕاگوزەریی عێراق بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم جەعفەری، لە ڕۆژی (٢٠٠٥/٥/٢٣) پێک هێنرا و بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (٥٨) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە، پشتبەستن بە فەرمانی ژمارە (١٥) دیوانی کابینەی عەلاوی، بڕیاری ژمارە (٢٣)ی بۆ دیاریکردنی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی باڵای ئاساییکردنەوەی بارودۆخی پارێزگای کەرکووک دەرکرد و لە ڕۆژی (٢٠٠٥/٩/٢٢) بە ژمارەی (٤٠٠٤) لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراق بڵاو کرایەوە، کە تیایدا بڕیار درا لەسەر دانان و ڕاسپاردنی ١٣ کەس وەک سەرۆک و ئەندامی دەستەی باڵای ئاساییکردنەوەی بارودۆخی پارێزگای کەرکووک، بەڵام تەنیا بڕیاری دیاریکردنی سەرۆک و ئەندامەکان دەرچوو و زۆربەی ئەندامەکانیشی ئاستەنگ و تەگەرەیان لە بەردەم جێبەجێکردنی دروست کرد و دەستتێوەردانی هەرێمی دروست بوو و هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی بۆ جێبەجێکردنی نەنرا.

قۆناغی حکومەتی یەکەمی نوری مالیکی
ئەم قۆناغە بە دەستپێکى دانانی دەستوور و ماددەی (١٤٠)ـیش دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم؛ ماددەی (١٤٠) لەسەر بنەمای ماددەی (٥٨) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە قۆناغی گواستنەوە لەناو دەستووری عێراق دانرا و لە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠٠٥ دەنگی بۆ درا و پەسند کرا.
هەرچەندە لەم قۆناغەشدا بە پێى خاڵى ٢٢ى ماددەى ١٤٠، حكومەت پابەند کرا بە جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکە پاڵپشت بە ماددەی (٥٨) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قوناغی گواستنەوە، کە لە سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە و ئامار و ڕاپرسی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێک دێت، هەروەها بڕیار درا حکومەت ڕێکاری پێویست بۆ قۆناغی ئاساییکردنەوە بگرێتە بەر، لەوانە گەڕاندنەوەی قەزا و ناحیەکانی سەر بە کەرکووک وەک ئەوەی لە سەرەتادا هەبوو. ئەم قۆناغە لە (٢٠٠٧/٣/٢٩) کۆتایی پێ دێت و قۆناغی سەرژمێری لە (٢٠٠٧/٧/٣١) دەست پێ دەکات، قۆناغی کۆتاییش کە ڕاپرسییە لە ڕۆژی (٢٠٠٧/١١/١٥) دەکرێت.
لەم قۆناغەدا، سەرەڕاى دروستبوونى لیژنە لە ڕێکەوتی (٢٠٠٦/٨/٩) و گۆڕینى سەرۆک و ئەندامەکانى لیژنەکە بۆ چەند جارێک، حەوت بڕیار دەرچوون کە چواریان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان گرنگ و سەرەکی بوون. هەر لە دوای دەرچوونی بڕیارەکان، نووسینگەکانی لیژنەی ماددەی (١٤٠) لە کەرکووک و شنگال و خانەقین کرانەوە و ڕێژەیەکی زۆری خەڵک لە ڕاگوێزراوان و هاوردەکراون قەرەبوو کرانەوە.
دواتر ڕێککەوتننامەی نێوان نوری مالیکی و مەسعوود بارزانى (سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان) بۆ پێکهێنانی کابینەی دووەمی مالیکی و جێبەجێکردنى دوو خاڵى یەکەم و حەوتەم کرا، کە تایبەت بوون بە پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) و چارەسەرکردنی کێشەکانی پێشمەرگە و یاسای نەوت و سەرچاوە داراییەکانی هەردوو لا.

قۆناغی حکومەتی دووەمی نوری مالیکی
لە خاڵی یەکەمی بەرنامەی حکومەتی هاوبەشی نیشتمانیی نووری مالیکی، لە (٢٠١٠/١٢/٢٢)، لە بارەی ماددەی (١٤٠) باس لە "کاراکردنی هەموو ماددە و بەندەکانی دەستوور و بە دواداچوونی کاری لیژنە جۆراوجۆرەکان بە پێی دەستوور بە تایبەتی ماددەی (١٤٠)" کراوە. پاش دەستبەکاربوونی کابینەکەش، ئەندامانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) گۆڕان و هادی عامری، کە هاوکات سەرۆکی رێکخراوی بەدر بوو، کرایە سەرۆکی لیژنەکە.
کەچى عامری، دەستى کرد بە گۆڕانکاری لە کار و رێچکەی لیژنەی باڵا، واتە هەموو مەرجەکان و پەیڕەو و رێنماییەکانی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گۆڕی و ڕێگرى کرا لە قەرەبووکردنەوەى (٥١٩) دۆسیەی زیانلێکەوتووانی ڕژێمی پێشوو لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕاى هەڵوەشاندنەوەى لیژنە فەرعییەکان کە پێشتر لە لایەن وەزیرەکانی ئەندامی لیژنەکە سەرپەرشتی دەکران و کردنیان بە بەش، بە بڕیارێکی تاکلایەنە لیژنەی دارایی (ژمێریاری/وردبینی)ی لە هەولێر داخست و هەموو فەرمانبەرانی لیژنەکە، بەر لە وادەی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکانیان دەرکران و هەموو داتا و زانیاری و فایلەکانیشی بۆ بەغدا گواستەوە و هیچ دەسەڵاتێکی لە لیژنەکە بۆ نوێنەری هەرێمی کوردستان و ئەندامانی کوردی لیژنەکە نەهێشتەوە و بە گشتى ڕێرەوی کاری لیژنەکەی جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی گۆڕی؛ لە جیاتی تەواوکردنی قۆناغی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان، کاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ناوەڕاست و باشووری عێراق چڕ کردەوە.

قۆناغی حکومەتی حەیدەر عەبادی
لە بڕگەی هەژدەیەمی تەوەری چوارەمی بەرنامەی حکومەتی عەبادی، لەسەر ماددەی (١٤٠) باس لەوە کرا، کە چارەسەرێکی گونجاو بە شێوەیەک کە ئاشتی و ئارامیی نێوان خەڵکی ئەو ناوچانە تێک نەدات و رێککەوتنی نێوان گشت پێکهاتەکان پارێزراو بێت، بۆ کێشەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بدۆزرێتەوە.
بۆیە لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەکە نوێ نەکرایەوە و هادی عامری، بە بێ ئەوەی هیچ پلەیەکی لەناو حکومەتدا هەبێت، بە سەرۆکی لیژنە مایەوە و ئەویش سەرەڕاى هەڵنەهێنانی هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری کێشەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان، بە فەرمانى عەبادى و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتى، هێزەکانی سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ڕۆژی (١٦)ی ئۆکتەبەری ٢٠١٧ هاتە سەر ناوچە جێناکۆکەکان و جارێکی دیکە سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون و تاوانی جەنگی و دژە مرۆڤایەتی بەرانبەر کورد، لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەتی لە دوزخورماتوو و کەرکووک کران، لەڕووی ئیداری و دانیشتووانەوە، تەعریب لەم ناوچانە دەستی پێ کردەوە و عەرەبی زیاتر بۆ ناوچەکە هاوردە کران، ڕێگری کرا لە جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان و گەڕاندنەوەی بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، تەنانەت یارمەتیی ئەو ئاوارانەش نەدرا بە هۆی هێرشی داعش بۆ سەر ناوچە جێناکۆکەکان لە ساڵی ٢٠١٤ ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو و ڕووبەڕووی جینۆساید و تاوانی جەنگی بووبوونەوە، بەتایبەتی ئیزدییەکان.

قۆناغى حکومەتی مستەفا کازمی
لە بەندی هەشتەمی بەرنامەی کابینەی کازمی، باس لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و بڕیار درا کە هەردوولا لەسەر بنەمای رێزگرتنی ڕێککەوتنامەکانی نێوانیان و بەپێی دەستوور بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی باڵای وڵات و یەکخستنی هەوڵەکان لە هەموو بوارەکان، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکرێت، بەڵام بە گشتى هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) نەنرا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٩ی ئاداری ٢٠٢٣