Skip to the content

پارێزگای هەڵەبجە لەبواری کارەبا، تەندروستی و پەروەردە بووژاوەتەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بوواژنەوەی پارێزگای هەڵەبجە لەبوارەکانی، کارەبا، کشتوکاڵ، تەندروستی و پەروەردە، کار و پڕۆژەی گرنگیی ئەنجامداوە.

کەرتی کارەبا لە پارێزگای هەڵەبجە، بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و ساڵی ٢٠٢٠ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبا لەو پارێزگایە کرایەوە.

یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی حکومەت لە کەرتی کارەبا، پڕۆژەی هێڵی کارەبای ١٣٢ کەی ڤیی سەیدسادق - هەڵەبجەیە کە بە گوژمەی ١٧.٢١ ملیار دینار، لەبواری جێبەجێکردندایە و هێڵی کارەبای ٣٣ کەی ڤیی هەڵەبجەش بە گوژمەی ٤.٨٢ ملیار دینار، جێبەجێدەکرێت.

ئەمە جگە لەوەی کە تاوەکو ئێستا ٣٣ پڕۆژەی دابەشکردنی کارەبا بە گوژمەی ١.٤ ملیار دینار، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێکراون.

لەبواری پەروەردە و فێرکردن، قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی و باخچەیەکی ساوایان بەبڕی ملیارێک دینار، دروستکراوە و ١٠٢ مامۆستا بەشێوەی هەمیشەیی و ٢٣٢ وانەبێژ دامەزرێنراون، هەروەها ١١٥ هەزار و ١٣٥ دۆلار، بۆ کڕینی کەلوپەلی قوتابخانە، خەرجکراوە.

سەبارەت بە سێکتەری تەندروستی، پارێزگای هەڵەبجە بووژانەوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، وەزارەتی تەندروسی ٤٩ پزیشک و ٦٠ کارمەندی لە نەخۆشخانەکانی وەفا و بیارە، دامەزراندووە. ٥٣ بەرکەوتووی چەکی کیمیاییشی بۆ وەرگرتنی چارەسەر ناردووەتە دەرەوە.

بەبڕی ملیارێک و ٨٠ ملیۆن دینار، دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکراوە. مانگانە بڕی ٩٠ ملیۆن دینار و ساڵی ڕابردوو بڕی ١٠٨ ملیۆن دینار بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی تەرخانکراوە.

لەهەمانکاتدا، مانگانە ٤٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی تەرخاندەکرێت و ١٥٥ ملیۆن دیناریش بۆ کڕینی ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکە خەرجکراوە.

یەکێک لە کارە گرنگەکانیش ئەوەیە، کە کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین تایبەت بە پڕکردنەوەی بوتڵی ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دروستکراوە بە گوژمەی ٣٨٥ ملیۆن دینار.
 
 سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵی و ئاودێری، ١٣ پڕۆژە بە گوژمەی ٣٥٩ ملیۆن دینار جێبەجێکراون، ئەمە جگە لە کڕینی ئامێر و پێداویستیی کشتوکاڵی بۆ پارێزگاکە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، خزمەتکردنی کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان، ئەنفالکراوان و جینۆسایدکراوان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆی دەزانێت و لەو پێناوەشدا بەردەوامیش دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٦ـی ئاداری ٢٠٢٣