Skip to the content

پۆندێکی گەورە بۆ گلدانەوەی ئاو لە کۆیە دروستدەکرێ

کارەکانی دروستکردنی پۆندی بانی ماران، دەستیپێکردووەتەوە و ئێستا ٧٥٪ـی کارەکانی جێبەجێکراوە.

ئەم پۆندە، دەکەوێتە ناحیەی شۆڕش لە قەزای کۆیە، بەرزییەکەی ١٦ مەتر و درێژییەکەی ٦٠ مەترە، گوژمەی دروستکردنیشی زیاتر لە ٥٥٠ ملیۆن دینارە.

ڕێبوار حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر بە پێگەی فەرمیی حکومەتی ڕاگەیاند: “دوای وەستانی کارەکانی دروستکردنی پۆندی بانی ماران، مانگی ١٠ـی ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٢) کارکردن تێیدا دەستیپێکردەوە”.

لەبارەی سوودەکانی پۆندەکەوە، بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر، گوتی: “ئەم پۆندە ئاوێکی زۆر گلدەداتەوە کە سوودی بۆ کاری ئاودێریی دەبێت و زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەریشی بەراو دەکات”.

پۆندی بانی ماران، جگە لەوەی کە سوودی بۆ کاری ئاژەڵداری دانیشتووانی گوندەکانی ناوچەکە دەبێت، لەهەمانکاتدا ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات و ڕێبوار حەسەن ئەوەشی گوت: “دوای تەواوبوونی پۆندەکە، ناوچەکە دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری”.

ئێستا، ٢٠ پۆندی دیکە لە قۆناخی سپاردن و تەندەرینگ دان، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو، بڕیاری دروستکردنی چەندین پۆند دابوون و کارەکانی بەشێک لەو پۆندانەش تەواوکران.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٧ـی ئاداری ٢٠٢٣