Skip to the content

هەڵمەتی داماڵینی چەک بەردەوام دەبێت و ڕێکارەکان تووندتر دەبن

حکومەتی هەرێمی کوردستان، دواى نزیکەى ساڵێک مۆڵەتدان بە هاووڵاتییان تاکوو چەکە نایاساییەکانیان لاى حکومەت تۆمار بکەن، بڕیارى داوە لە ٢١ـی تەممووزی ٢٠٢٣ ــەوە، ڕێکاری یاساییی نوێ لەگەڵ ئەو سەرپێچیکرانە بگرێتە بەر کە چەکی بێمۆڵەتیان پێوە دەگیرێت.

هێمن میرانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ لەوبارەیەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیارى گوت: "٢١ـی تەممووزی ٢٠٢٣، وەکوو دواکات بۆ تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت دانراوە. پێشتر بنکەکانی تۆمارکردنی چەک ڕاگەیەنرابوون و بڵاو کرابوونەوە، تاکوو هاووڵاتییان چەکەکانیان تۆمار بکەن. ساڵێک بەس بوو بۆ هۆشیارکردنەوە و ئاگاداریی خەڵک تاکوو چەکەکانیان لاى حکومەت تۆمار بکەن، ئەوەى مەبەستی بووبێت چەکەکەى تۆمار بکات، کردوویەتی. ئەو چەند مانگەى ماوە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین سەردانی ئەو بنکانە بکەن، چونکە لە ٢١ى تەممووز بارودۆخەکە لەڕووی یاساییەوە دەگۆڕێت، هەر کەسێک چەکی بێمۆڵەتی پێوە بگیرێت، بەپێی ماددەى ١٥ لە یاساى ژمارە ٢ى ساڵی ٢٠٢٢، مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت؛ لە ساڵێک تا سێ ساڵ بەند دەکرێت و لە دوو ملیۆن تاکوو پێنج ملیۆن سزای دارایی دەدرێت."

لەبارەى بەردەوامیی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت و ڕووبەڕووبوونەوەى توندوتیژیی چەکداری، میرانی گوتیشی: "تۆمارکردنی چەک بەردەوامە، لە پاڵ ئەوەش مەفرەزەى جۆراوجۆر و پۆلیسی هاوبەش لەو شوێنانەى زانیارییان پێ دەگات، دەتوانن دەستبەکار بن و دەست بەسەر چەکی بێمۆڵەتدا بگرن، هەروەها ئەوانە دەستگیر بکەن کە تەقە دەکەن و مامەڵەى یاساییان لەگەڵدا دەکرێت."

لەبارەى هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتییانیش لەوبارەیەوە دەڵێت: "پێویستە هاووڵاتییان ئەو هەڵمەتی چەکداماڵینە کە بەرژەوەندیی گشتی تێدایە، بە هی خۆیان بزانن، ئەویش بە تۆمارکردنی چەکەکانیان و دەرنەهێنان و پەنانەبردنە بەر چەک لە کاتی گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵکوو پێویستە پەنا بۆ یاسا و گفتوگۆ ببەن لە جیاتی ئەوەى پەنا بۆ توندوتیژی ببرێت؛ چونکە ڕێگەى توندوتیژانە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و چارەسەریشی قورستر دەکات."

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتی بەردەوامی بۆ داماڵینی چەک و تۆمارکردنی چەکی نایاسایی گرتووەتە بەر، تاکوو لەو ڕێگەیەوە فاکتەرێکی بەهێزی توندوتیژیی کۆمەڵایەتی کەم بکاتەوە؛ بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەى ڕابردوودا، بە قۆناغ هەموو هاووڵاتییان و دەزگا جۆربەجۆرەکانی میدیا و مامۆستایانی ئایینی و حزبە سیاسییەکانی بۆ بەشداریکردن لەو هەڵمەتەدا ئاگەدار کردووتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١ـی ئایاری ٢٠٢٣