Skip to the content

وردەکاریی یاسای کار؛ مافە یاساییەکانی کرێکاران دەپارێزێت و داهاتوویان دابیندەکات

لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی مافەکانی کرێکاران و باشترکردنی دۆخی ژیانیان دووپاتدەکاتەوە.

هەر ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە داوە: حکومەت بەردەوام دەبێت لە پڕۆسەی چاکسازییەکانی لەپێناو باشترکردنی گوزەرانی کرێکارانی کوردستان.

یاسای کار، ڕۆژی یەکی ئاداری ئەمساڵ (٢٠٢٣) بە کۆی دەنگی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا.

لەبارەی پەسەندکردنی یاساکەوە، سەرۆکوەزیران ئەوەشی ڕاگەیاند: بەشێکە لە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لەبواری باشترکردنی ژیان و مسۆگەرکردنی مافەکانی کرێکاران لەڕووی تەندروستی، سەلامەتی پیشەیی و دابینکردنی مافە یاساییەکانیان و سنووردانان بۆ هەموو جۆرە ستەم و چەوساندنەوەیەکی کرێکاران.

ئەمە وردەکاریی تەواوە لەبارەی یاسای کار:

- یاساکە ڕۆڵی گرنگیی دەبێت لە پاراستنی مافی کرێکاران و نەهێشتنی کارکردنی منداڵان و دەستەبەرکردنی مافی کرێکارانی ئافرەت.

- ئەم یاسایە، هەموو جۆرە کارکردنێکی زۆرەملێ، ستەم و چەوساندنەوەی کرێکاران، سنووردار دەکات.

- یاساکە، یارمەتی خاوەنکار دەدات بۆ دۆزینەوەی کرێکاری گونجاو و ڕێکخستنەوەی هەلومەرجەکانی کارکردن، جگە لەوەی کە مافە تەندروستی، سەلامەتی پیشەیی و یاساییەکانی کرێکاران دابیندەکات.

- ئەم یاسا نوێیەی کار، کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، مافە یاساییەکانی کرێکاران دەپارێزێت و داهاتوویان دابیندەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام لە هەوڵی باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاراندا بووە و بۆ ئەمەستەش بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١ـی ئایاری ٢٠٢٣