حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، پابەند بێت بە ڕێژەی 14.14%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە ئەنجامی فەرمی و ڕاست و پەسەندکراوی سەرژمێریی 2024ـە
دوای ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، حکومەتی فیدراڵی بەپێچەوانەی ڕێککەوتنە پێشوەختەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بەشێوەیەکی تاکلایەنە مامەڵەی لەگەڵ دەرەنجامەکانی پرۆسەکە کردووە.
دیارترین پێشێلکارییش کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٦٨٪، کە ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵیی ساڵی ٢٠٢٧ دروست دەکات.
سەرەڕای بوونی چەندین بڕیار بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی پرۆسەکە، حکومەتی عێراق پابەندی خاڵەکان نەبووە، گرنگترین خاڵەکان بریتین لە:
١- پەراوێزخستنی ڕێککەوتنەکان: ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی بەراوردکاری لەگەڵ سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ و پەراوێزخستنی تیمە هاوبەشەکان لە ناوچە کوردستانییەکان.
٢- دەستکاریکردنی ئامارەکان: دابەزاندنی نایاساییی ڕێژەی هەرێم بەبیانووی دەرکردنی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم ئەرکی میوانداریکردنیان و بەڕێوەبردنی خەرجییەکانی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسی ناوچە هاوبەشەکانیشی لەئەستۆدایە، بەڵام بەغدا لە قازانجی خۆی هەژماری کردوون.
٣- ڕەتکردنەوەى داتا و شایستەکان: خەرجنەکردنی ١٣.٨ ملیار دیناری تەرخانکراو بۆ خەرجییەکانی سەرژمێری لە هەرێم، لەگەڵ پێدانی پاساوی نالۆژیکی بۆ پێنەدانی داتا خاوەکان و پشتگوێخستنی هەوڵە فەرمییەکانی هەرێم.
لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتوندی داوای جێگیرکردنی پشکی ١٤.١٤٪ لە پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ دەکات. هاوکات هۆشداری دەدات لە دووبارەبوونەوەی ستەمە داراییەکانی ڕابردوو و ڕەتی دەکاتەوە مافی هاووڵاتییانی لە دامەزراندن، بەشەخۆراک و خزمەتگوزارییەکان بەهۆی ئاماری دەستکاریکراوەوە زەوت بکرێت.
فەرمانگەى میدیا و زانیاری